قۆرغکاری یان گەشەی ئازادی!… عبدالرحمن رسول

0

قۆرغکاری واتە بەزۆرە ملێ دەست بەسەرداگرتن و چەوسانەوە دێت، ئەمەش لەڕوویی قۆرغکاری ئابووری وسیاسی و دەسەڵاتدارێتی بەزۆرەملێ وە کۆمەڵگە لەبەریەک  هەڵدەوەشێنێت، سەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگە بەگژیەکتریدا دەدات و تووشی داڕووخان و هەرس هێنانی بواری ئیداری وئابووری و کۆمەڵایەتی دەکات، کەبەتەواوی بەردەوام گیانی نوێبوونەوە و نەشونمایی شارستانی و پێشکەوتنخوازی و ئاشتیخوازی لەناودەبات.

بەردەوام گەشەی زانست و زانیاری و پەروەردەی ئینسانی لەناو ناخی کۆمەڵگە و جوڵە کۆمەڵایەتی و کەسییەکان و خانەوادەکان دادەبڕێت و لەجێگەیدا چەمانەوە و لاوازی ئیرادەی ئینسانی و بێ نرخ بوونی مرۆڤایەتی بۆ هەر مرۆڤ لەناو ناخ ودەروونی و جوڵەی ڕۆژانەی کۆمەڵایەتی دەکوژێت.

کەبەجۆرێک هەناسەی هاوکاری و هەروەزکاریش بکاتە کەرەستەیەک بۆ بەکاڵاکردن کە بە جۆرێک بەبەرگی سیاسی و حیزبی دای دەپۆشرێت کەدواجار خەڵک ئەم جۆرە هەنگاوەش وەک دژ بەخۆیان و بێ ئیرادەی ئینسانیان سەیری بکەن ئەمەش بەوەی کە، دەسەڵاتی ملهوڕی زۆرەملێ بەئامانجی تێکشکاندنی ئێرادەی ئینسانی لەڕێگای دەستەو گرووپ وڕێکخراوەکانییەوە ئەوهەنگاوانە دەنێت.

کە دەچێت ناڕاستەوخۆ ڕێکخراو گرووپی خێرخوازی دادەمەزرێنێت یان حیزبێک ئەو هەنگاوە دەنێت کە دواجار وێنەی کەسی هەژار و نەخۆش دەبێتە کەرەستەیەکی بازرگانیکردن وەک ڕیکلامێک بۆ ناوبانگ و ناساندنی کەسی سەرمایەدار و کەسی حیزبی وڕێکخراوی ئامانج دار .

هێزی دەسەڵاتی زۆرەملێ بەفێڵ و درۆ وساختەچێتی و سەرکوت درێژە بەمانەوەی لەدەسەڵات دەدات. هەربۆیە یەکەم هەنگاو دەست دەبات بۆ قۆرغکاری و دەست بەسەرداگرتنی زۆرەملێی بەرهەمە ئابوورییەکانی ژێر زەوی وسەرزەوی بۆ بەرپرسانی دەسەڵاتێک پایەکانی لەژێر گەندەڵی و دزی و چەوسانەوە دامەزراوە.

ئەگەر ئێران و کوردستان و عێراق بەنموونە وەربگرین دەبینین هەریەکەیان خاوەنی زۆرترین لەداهاتی بەرهەمی ژێرزەوی وەک نەوت و غازو بەرهەمی سەرزەوی وەک ناوچەی کەشەوەرزی وکشتوکاڵی وشوێنەری و گەشتوکوزارییە ئەگەر دەسەڵاتێکی مەدەنی و پێشکەوتنخوازی هەبووایە ئێستا لەوڵاتانی جیاوازی  جیهانەوە بۆ گەشت و بەسەربردنی پشووەکانیان خەڵکی وڵاتان سەردانی دەکردن و لەناوچە شوێنەوارییەکان وگەشتوگوزارییەکان دەمایەوە. بەڵام لەجیاتی ئەم وێنەیە ئێمە دەبینین لاوان و گەنجان لەبەربێکاری و سەرکوت وچەوسانەوە کۆمەڵگەکەیان بەجێ دەهێڵن و کۆچ دەکەن بۆ دوورترین وڵات لەکاتێکدا زۆر باش دەزانن ڕێگایی سەفەرییان پڕ لەمەترسی یە ئەگەری بوونە قوربانیان هەیە.

جگە لەمەش سەرۆک و بەرپرسە سیاسییەکانی حیزبی دەسەڵاتدار و حیزبەکانی ناو دەسەڵات وحیزبەکانی هاوپەیمانیان ئەوانیش لەوپەڕی ژیانی خۆشگوزەرانی و خاوەنی پارە و داهاتی زۆر و کۆمپانیا و خانو و ئوتێل وئەپارتمان وبینا زۆرن لەوڵاتان، جگە لەمانەش بەناوی پاراستنی پیرۆزی نیشتمانی وئاینییەوە نیشتمان وئاینیشیان کردۆتە کەرەستەیەکی بازرگانی و ڕیکلامی هێزی مانەوەیان لەدەسەڵات بۆ درێژەدانی دزی وچەوسانەوەی زیاتر.

لەکاتێکدا هەرخۆیان نیشتمان و ئایینەکانی خەڵک دەسووتێنن بە پێشوازی هێزی فاشیزمەکان و فتوای مەلاکان کەبەناوی یەکێتی زانایان و یان وەزارەتی ئاینی بڵاودەکەنەوە کە گرینگی بەو بابەتانە دەدەن کە خۆیان وەک دەسەڵات ئامانجیانە کۆمەڵگە بەرەو چەمانەوەی زیاتر و هەژاری وبێکاری زیاتر بەرن. لەکاتێکدا گەنجان و لاوان لەبەر چەوسانەوە و سەرکوت وبێکاری ئاوارە دەبن لەجیاتی چارەسەری بێکاری بکرێت کار بۆ گەنجان و لاوان دابین بکرێت و گەشە بەئازادی و ئارامی کۆمەڵایەتی بدرێت، ئەوان دێن فتوا بۆ هەبوونی چەند ژنە بۆ پیاوێک دەدەن وبانگەشەی بۆ دەکەن لەکەناڵەکانی ڕاگەیاند یان دژایەتی  هەرهەنگاو و جوڵەیەکی ئازادیخوازی دەکەن بەمەش خۆیان بانگەشە دەکەن بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی خەڵک جیاوازن لەهەڵسوکەوتی کەلتورو سوونەتی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ڕۆژانەیان. لەبەرئەوە هەبوونی گەشەی  ئازادی ڕاستەقینە پێگەی دەسەڵاتی چەوسێنەر هەرەس پێدێنێت و کۆمەڵگە بەرگی کۆنەخوازی و چەمانەوە دادەماڵێت، دەست دەکات بەگەشەی تێکۆشانی جەماوەری یەکگرتووانە بۆ هێنانەدی ژیانێکی باشتر. هەموو دەسەڵاتە چەوسێنەرەکان لەیەک خاڵدا لەیەک دەچن کە هەرگیز هاوڕایی گەشەی ئازادی ڕادەربڕینی بێ مەرجی سیاسی نیین، مەگەر ناچار بکرێن لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە.

هەرئەمەشە کە وادەکات لەهەر دەوڵەتێکی ناوچەکە کە خەڵک لەبەرامبەر نایەکسانی وچەوسانەوە و سەرکوت هاتە دەنگ ئەوان (دەسەڵاتی چەوسێنەری بنەماڵەیی بارزانی وتاڵەبانی)  وەک دەسەڵات هەرگیز بێ لایەن وبێ دەنگ نابن، چونکە بناغەی دەسەڵاتیان بەهاوکاری دەسەڵاتی  فاشیزمەکانی ناوچەکە دامەزراوە و ماوەتەوە لەدەسەڵات. هەر بۆیە بەرگری لەمانەوەی دەسەڵاتی فاشیزمی ئەو دەوڵەتە دەکەن. هەرئەمەش کە دەبینین دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان زۆر لەخەمی دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی ئێراندان و بەهەموو هێزو توانایانەوە پشتیوانی لەمانەوەی دەکەن. بێ شەرمنانە گەورە تیرۆریستەکانی ئەو ڕژێمە بەقارەمان و سەرکردەی شۆڕشگێڕ ناودەبەن، بەڵام هەرگیز باسی قوربانیکراوانی  تێکۆشەرانی ئازادیخوازی سەرخیابان وشەقامەکان و ناو زیندانەکانی ئێران ناکەن. هۆکاری ئەمەیە سەرۆکی حیزب لەجیاتی حکومەت بڕیار دەدات و هانی مەلاکانی ئیسلامی دەدات کە بەئازادانە بانگەشەی خۆیان بکەن لەدژی ئازادی و مافەکانی ژنان و ڕەوتی ئازادیخوازی ویەکسانیخوازی. سەرۆکی حیزبەکانی دەسەڵات و حیزبەکانی هاوپەیمان ونزیک لەودەسەڵاتە چەوسێنەرە ململانێی ئەوە دەکەن کە کامیان زۆرترین ڕیکلام چی و جنێودەرو فتوادەری زیاتر لەدژی مافەکانی ژن و خەڵکی ئازادیخوازی ویەکسانیخوازی لەخۆی کۆبکاتەوە هەتاوەکو دڵسۆزی خۆی بۆ بەرەی فاشیزمی و کۆنەپەرست و دژە ئینسانی بسەلمێنێت.

لەکوردستان ئەم حیزبانەی دەسەڵات و حیزبەکانی هاوپەیمانیان ململانێیان بۆ پەرەپێدانی بازرگانی و قۆرغکاری  زیاتر دەکەن لەپێناوەشدا دەست دەبەن بۆ هاوکاری و گەشەی کۆنەخوازی ودژە ئینسانی بەرەو نەمانی هێزی ئازادیخوازی و پێشکەتنخوازی کۆمەڵایەتی شاباش لێدەدەن بەحیسابی کێشکردنی هەستی خەڵکی سادە، بەڵام نازانن ئەم هەنگاوەیان لەئیفلاسی سیاسییەوە و خەڵکی زۆرینە لەفێڵ و درۆکانیان باشتر تێگەیشتووە، ئەمەش وادەکات بەدەست بەتاڵی دەستکەوتی سیاسی بمێننەوە. ئەم ڕێگای ئەم زاڵمانەی کوردستان پێیدا دەڕۆن پێشتر حیزبی بەعسی فاشیزمی عێراقی بەسەرۆکایەتی سەدام حسێنی هاوڕێیان پێدا ڕۆیشت، بەڵام نەیتوانی بەردەوام بێت خرایە زبڵدانی مێژۆوە. هەروەها کۆی دەسەڵاتی  فاشیزم و دیکتاتورەکان هەمان نەخشەڕێگایان جێبەجێکرد لەکۆتایی مەترسی ڕووخانیان، بەڵام خۆشبەختانە لەلایەن خەڵکی وڵاتەکەیانەوە خرانە زبڵدانی مێژۆوە و شەرمەزارو ڕیسوا کران. بەدڵنییایی ئەم دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی ئێرانیش لەڕێگای کۆتایی بەرەوڕووخان و خرانە زبڵدانەوە نیزیک بۆتەوە هاکە گوێ بیستی  بانگەوازی سەرکەوتنی  شۆڕش و ڕاپەرینی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووین کە تەواوی سیستەم و دەسەڵاتی ئیسلامییان خستە زبڵدانەوە.

بانگەوازێکی ڕێگا چارە:

کاتێک لایەنی پارێزەرانی دەسەڵاتی چەوسێنەر درێژە بە قۆرغارییەکانی ئابووری و بوارەکانی تری کۆمەڵگە دەدەن، پێویستە هێزی دژە قۆرغاری بێتە مەیدان بۆ هەڵوەشان و ڕێگریکردن لەقۆرغکاری زۆرەملێ بەسەر تەواوی بەشەکانی کۆمەڵگە. بەرگریکردن لەگەشەی ئازادی و هێنانەدی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی وەڵامی قۆرغارییەکان بدرێتەوە. ئێمەی ئازادیخوازان دەبێت بێ دەنگ و بێ هەنگاوی چالاکی زیندوویی جەماوەری نەبین، لەبەرئەوەی پەرش و بڵاوی ئازادیخوازان زیاتر ڕەوتی پێشکەوتنخوازی و ئازادیخوازی تێکدەشکێنێت و خەڵک بێ ئیرادە ولاواز دەکات. ئەرکە دروستەکە ئەوەیە کە هێزی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی کۆمەڵگە خۆی ڕێکخراو بکات لەبزوتنەوەی جەماوەریدا کە بەنەخشەڕێگایی کرداری هەنگاوبنێت بۆ تێکۆشانی هاوپشتی و یەکگرتووانە بۆ بەریگریکردن لەهەبوون وگەشەدانی ئازادی ڕادەربڕینی بێ مەرجی سیاسی وبەرگریکردن لەمافەکانی مرۆڤ و هێنانەدی ژیانێکی باشتر.

بۆئەم هەنگاوە سەرەتا پێویستە ڕاشکاوانە بەدەنگ بانگەوازی هاوپشتی تێکۆشانی ئازادیخوانەوە بێن و بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دیاریکردن و نەخشە ڕێگای کرداری تێکۆشانی باشترو چالاکی گشتی و جەماوەری بەردەوام ئەنجام بدرێت.

هەر کەسێک دڵی بۆ هەبوونی ئازادی و ژیانێکی باشتری مەدەنی لێدەدات ئەرکی ئەوەیە کە هەنگاوی کرداری بنێت لەقۆناغی نووسین و قسەکردن بچێتە بواری چالاکی جەماوەری بۆ ئەمەش پێویسته هێزوچالاکییەکان لەچوارچێوەی بزوتنەوەیەکی جەماوەری ئازادیخوازی ڕێکخراو بکرێن. بەنەخشەڕێگایی زیندووی چالاکی مەدەنی وئازادیخوازی بەرگری لەگەشەدانی ئازادی و کرانەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بکرێت بەرەو هێنانەدی ژیانێکی نوێ ترو باشتر…

Leave A Reply

Your email address will not be published.