وەستا جەلال: ریشەی سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشەی خەلكی شۆڕشگێڕی ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەموو زولم و ستەمە، ئەو هەموو ناعەداڵەتی و نایەکسانیە و ئیعدام، هەژاری و بێکاری، نەبونی ئازادی و سەربەخۆیی، زیندانیکردنی ژنان و لاوان دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ وەستا جەلال ئەندامی یەکێتی کۆمۆنیستەکان، سەبارەت بە هەستان و راپەرینی خەڵکی ئێران و ئایندەکەی…

0

 بۆپێشەوە: چۆن دەروانە راپەرینی خەڵکی ئێران و ڕێشەی ئەم خرۆشان و ڕاپەرینە لە چیدایە؟

وەستا جەلال: رێشەی سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشەی خەلكی شۆڕشگێڕی ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەموو زولم و ستەمە، ئەو هەموو ناعەداڵەتی و نایەکسانیە و ئیعدام، هەژاری و بێکاری، نەبونی ئازادی و سەربەخۆیی، زیندانی کردنی ژنان و لاوان. کە کۆماری ئیسلامی ئێران. بەسەر ژنان، لاوان، مامۆستا، کرێکار و خەلکی زەحمەتکێشی داسەپاندوە، پێشێلکردنی مافی ژنان لە مەیدانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا. ئەمانە پایەی سەرهەڵدانی ئەو شۆڕشەی خەڵکی ئێرانە، ئاوات، ئامانج و داخوازیەکانی خەلکی ئێران لەگەڵ ئەم رژێمە کۆنەپەرستە جیاوازەو یەک ناگرێتەوە، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەسەر زولم وستەم و نابەرابەری و ئیعدام وەستاوە، کۆماری ئیسلامی ئێران دژی هەموو خۆشگوزەرانیەکی خەلکی ئێرانە، خەڵکی ئێران بەتایبەتی ژنان و لاوان بەدوای ژیانێکی ئازادو بەرابەرەوەن، بۆیە نایانەوێت لەژێر ئەم دەسەڵاتە وەحشیگەریەی کۆماری ئیسلامی درێژە بە ژیان بدەن.

بۆپێشەوە: یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی راپەرینی ئیستای خەڵکی ئیران، بەشداری بەرجەستەی ژنان و لاوانە، هۆکاری ئەم تایبەتمەندییە چییە؟

وەستا جەلال: لاوان، ژنان، مامۆستا، خوێندکار، کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش، بێ بەشترین توێژو چینی ستەم لێکراوی نێو کۆمەڵگەن ئێرانن، لەژێر دەسەڵاتی ئەم رژێمە کۆنەپەرستە، ژنان مافی هاوسەرگیری. پۆشینی جڵ وبەرگ، گەشتوگوزار، وەرزش و هونەریان ئازادانەیان نییە، لەژێر دەسەڵاتی ئەم ڕژێمە ژنان تاکو ئێستا وەکو مرۆڤی پلە دوو ئەژمار دەکرێن، لاوان لە هەموو خۆشیەکی ژیان بێبەش کراوان، زۆربەی لاوان بێکارن، باری ئابوری لاوان زۆر خراپە، ئەوانەی کە زانکۆش تەواو دەکەن کارێکیان دەست ناکەوێت. لاوان ناتوانن بچنە ناو پرۆسەی هاوسەگیری و ژیانێکی ئاسایی بۆخۆیان دیاری بکەن. مەیدانی کارکردن بۆ ژیان بەپێێ یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر بەرتەسک کراوەتەوە، ئەگەر هەشبێت زۆر کەمە، لاوان. ژنان و خەڵکی ئێران و کوردستان، هیچ ئازادیەکیان نییە، ئازادی رۆژنامەوانی، ڕێکخراوبون، پێكهێنانی کۆڕو کۆمەڵی کچان و کوڕان، ڕێکخراوەی مەدەنی و سیاسی، قەدەغە کراوە. لاوان، ژنان خەڵکی ئێران بە گشتی ناتوانن بە ئازادی قسە بکەن. هەموو ئەمانە کێشەی لاوان، ژنان و خەڵکی ئێرانە، لەبەرامبەر ئەوەش ئاستی وشیاری و ئاگایی ژنان و لاوان چۆتەسەرەوە، ناتوانن لەوە زیاتر بەرگەی بگرن و قبوڵی بکەن، خەڵکی ئێران هیچ رێگایەکی تریان نەماوە جگە لە دەست پێکردنی شۆڕش بۆ روخانی کۆماری ئیسلامی ئێران. بۆیە زۆرترین بەشداربوانی شۆرشی ئێران ژنان و لاوانن.

بۆپێشەوە: ئەم راپەرین و خرۆشانە جەماوەرییە، کۆتایی بەدەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی دەهێنێت، یان نا و هیشتا هاوسەنگی هیز بەو ئاستە نەگەیشتووە، کە دەسەڵات بروخێنێ؟

وەستا جەلال: کۆماری ئیسلامی ئیران لەسەرلێواری روخان ولەناوچونیەتی، بەشێک لە پایەکانی ڕژێم داروخاون، ئیرادو توانایەکانی خەلک لەسەر شەقام و کۆڵانەکان رۆژانە لە بەهێزبووندایە، یەکێتی و یەکگرتویی نێوان خەڵکی شۆڕشگێرو لە زیادبوندایە، کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرامبەر ئەو ئیرادەو هێزەی خەڵکی شۆڕشگێر، تەنها بۆ ماوەیەک دەتوانێت، لە رێگای ترس و تۆقاندن و زیندان و ئیعدام درێژە بە مانەوەی خۆی بدات، بەلام لە درێژ ماوەدا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی پێدێت، کۆماری ئیسلامی ئێران تازە ناتوانێت خۆی لەبەرامبەر شەپۆڵی شۆڕشی لاوان و ژنان ڕابگرێت، تازە ڕژێم ناتوانێت لە رێگای چاکسازیشەوە دەسەڵاتی خۆی لەمردن ڕزگار بکات. لەبەرئەوەی خەڵکی شۆڕشگێری ئێران بەهیچ شێوەیەک ئەو ڕژێمە کۆنەپەرستەیان ناوێت، لەوبارەوە قوربانی زۆریان داوە، ئامادەن لەوەش زیاتر قوربانی بۆ ڕوخانی ئەو ڕژێمە بدەن.

بۆپێشەوە: بەم دوایانە رژێمی ئیران، دەستی داوەتە سەرکوت و کوشتاریکی بێ وێنە، لەدژی خۆپیشاندەران و هەڵسوڕاوانی ئایا زەبروزەنگ و سەرکوت، دەتوانێت پاشەکشە بەم بزوتنەوە شۆرشگێرانەیە بکات؟  

وەستا جەلال: سەرەڕای دەست نەپاراستنی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە کوشتن و ئیعدام کردنی خۆپیشاندەران، بەڵام تاکو ئێستاکە خۆپیشاندانەکان و بەشداریکردنی توێژەکانی تری کۆمەڵگە رۆژ بەرۆژ لە زیاد بوندایە، کەواتە کۆماری ئیسلامی ئێران تاکو ئێستاکە نەی توانیوە لە ڕێگای کوشت و کوشتار پێش بە شۆڕشی خەلکی ئێران بگرێت. هەروەها تاکو ئێستاکە بەشێکی زۆر لەخەلکی ئێران بەتایبەتی کارمەند و کرێکاران دەستیان بە مانگرتنی گشتی نەکردوە، بەشێک لە سوپاو هێزی چەکداری سەربە رژێم، کە کوری و باوک و برای ئەو خەلکە شؤڕشگێرەن، ئەوانیش تاکو ئێستاکە چەکەکانیان دژ بە رژێم بەکار نەهێناوە، ئەگەر شۆڕش بەردەوام بێت، بەشێکی زیاتر لە کرێکاران، ماموستا و هێزی چەکدار، بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەچنە پشتی ژنان و لاوانی شۆڕشگێر، لەوکاتەدا رژێم توانایی بەرگری و سەرکوتی شۆرشی نامێنێت.

بۆپێشەوە: بەرەی کۆنەپەرستی و بەتایبەتی ئیسلامی سیاسی هەراسانی راپەڕین و شۆرشی جەماوەری ئیرانن، ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟ راپەرین و شۆرش لە ئیران، چ کاریگەرییەکی لەسەر ئیسلامیەکان دەبێت؟

وەستا جەلال: هەموو هێزە ئیسلامیەکان بەتایبەتی هێزە ئیسلامیەکانی عێراق و کوردستان، زۆر نیگەرانن بە روخان و لاوازبونی کۆماری ئیسلامی ئێران، لاوازبوون یان بەهێز بوونی بەشێکی زۆر لە ستراتیژی ئیسلامی سیاسی لە عێراق و ناوچەکە گرێدراوە بە کۆماری ئیسلامی ئێران، رژێمی ئێران هاوکاری مادی و مەعنەوی زۆربەی هێزە ئیسلامیە سیاسیەکانی جیهان و بەتایبەتی ناوچەکەیە، بۆیە لە ئێستادا ئیسلامی سیاسی لە عێراق و کوردستان، بە شیوەی جواروجۆ پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن. هێزو توانایەکانی خۆیان دژبە هەموو رادیکالیزم و بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازانە دەردەبڕن و هەوڵدەدەن پێشی پێ بگرن. لەگەڵ دەست پێکردنی خۆپیشاندانی ژنان و لاوانی شۆڕشگێر لە ئێران، ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەستی داوەتە تەبلیغ و هێرش کردنە سەر ماف و ئازادییەکانی خەلکی هەرێم بەتایبەتی بۆسەر مافەکانی ئازادی ژنان، وەکو مافی باڵاپۆشی، حیجاب، هاوسەرگیری، گەشتوگوزار و تەڵاق…هتد. لە مزگەوت و میدیا و کۆڕو کۆبونەوە بەردەوام بەشێوەی بەرنامەی داڕێژراو کاری بۆ دەکەن. بەشێوەیەک دەیانەوێت هاوپشتی وهاوخەمی خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەرببڕن، بەڵام تاکو ئێستاکە بەهۆی هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق و کوردستان ناوچەکەش، ئیسلامی سیاسی نەیتوانیوە بە ئاشکرا پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی ئێران بکات. ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پشتیوانیەکی بەهێز لەدەست دەدات، بۆیە ڕوبەڕوی کۆمەڵێک کێشەو پاشەکشە لە مەیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە، ئەگەرچی لە چەند ساڵی ڕابردوو ئیسلامی سیاسی، بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی، لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی  زۆریداوە بۆ بەئیسلامیکردنی کۆمەڵگەی کوردستان، بەڵام خۆشبەختانە پاش ئەو هەموو یارمەتی و پشتیوانیەی حکومەتی هەرێم و وڵاتانی دراوسێ، ئێران، تورکیا و سعودیە. ئیسلامی سیاسی نەیتوانیوە سەرکەوتوبێت، ئیسلامی سیاسی لەهەرێمی کوردستان بەردەوام بە شێوەی جۆراوجۆ، کەم یان زۆر، لەبەرامبەر بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان و پیاوان بەرەو ڕووبۆتەوە و ڕێگری لێ کراوە، دیارە بە سەرکەوتنی شۆڕشی خەڵکی ئێران بەتایبەتی ئیرادەو هاتنەمەیدانی ژنان و لاوانی شۆرشگێر و خەڵکی ئازادیخواز، کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پاشەکشەی ئیسلامی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

بۆپێشەوە: لاتان وایە کۆسپەکانی بەردەم ڕاپەرینی خەڵکی ئێران کامانەن و چۆن دەکرێت وەلابنرێن؟

وەستا جەلال: بەشداربوانی، ڕابەران و هەڵسوڕاوانی مەیدانی خۆپیشاندانەکان لەسەر شەقام و کۆڵانەکان لە ئێمە باشتر دەزانن کەم و کوڕیەکانیان لە کوێدایە، ئەوەی ئیمە لەدوورەوە دەیبینین، زۆر جیاوازترە لەوەی کەسێک ڕاستەوخۆ لەمەیدانی خۆپیشاندانەکان بەشدار بێت. ئەوەی من لە دوورەوە دەیبینم، سەرکوتی خوێناوی ‌هێزەکانی ڕژێم  ڕێگرە لە سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە، هەروەها  کەموکوڕی و ڕێگریەکی تر تاکو ئێستا هەبێت، بەشداری نەکردنی بەشیکی زۆر لە کرێکاران، مامۆستایان، خەڵکی زەحمەتکێش و خەڵکی ئێرانە. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ڕژێم دەستی نەپاراستوە لە کوشتن، گرتن، ئیعدام و لێدان، ئەوەش ڕێگریەکی ترە لە سەرکەوتنی شۆڕش لەژێر شیعاری ژن، ژیان، ئازادی…

سوپاس بۆ ئێوە، سوپاس بۆ بۆپێشەوە، دەستخۆشی لە رۆژنامەی بۆپێشەوە دەکەم کە ئەم چاوپێکەوتنەی ئەنجام داوە، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم

Leave A Reply

Your email address will not be published.