کۆبونەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی پێنجوێن، بۆ داخوازییەکانیان درێژەی هەیە!
بەهۆی بێدەربەستی دەسەڵات لە دابینکردنی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتیش بەهۆی کەم بوونەوەی کارەبای سەرەکی و نەبوونی سوتەمەنی، جەماوەری پێنجوێن، چەند ڕۆژێکە دەستیان داوەتە کۆبونەوەیەکی فراوانی نارەزایەتی و داوا دەکەن، کارەبای سەرەکیان بۆ زیاد بکرێت و سوتەمەنی پێویستیان بۆفەراهەم بکرێت، کەچی تا ئێستا دەسەڵاتی سیاسی و بەرپرسانی ناوچەکە خۆیان لە وەڵامدانەوە بەو خواستە رەواو سەرەتایی و سەرەکیانە دەدزنەوە.
لەم سەرمای زستانە و بەتایبەتیش پێنجوین کە ناوچەیەکی سنورییە و ئاستی سەرما لە زستاناندا دەچیتە خوار ١٠ پلەی سەدییەوە، پێویستی زۆتری بە کارەباو وسوتەمەنی و خزمەتگوازی هەیە، کەچی دەسەڵاتداران و بەرپرسەکانیان کە هیچ کات خەمی سەرما و گەرماو سوتەمەنی و کارەباو خزمەتگوزارییە زۆر باشەکانیان نییە، خۆیان لە دابینکردنی سەرەتاییترین خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی مەینەتبار جەماوەری بەشمەینەتی کوردستان دەدزنەوە. جەماوەری پێنجوین، لە بەرامبەر بەم دۆخە و بۆ گۆڕینی هاتوونەتە مەیدان و بەڵێنیان داوە تا داخوازییەکانیان بۆ جێ بەجێنەکرێت، دەست لە کۆبونەوەی نارەزایەتی هەڵناگرن. خۆپیشاندەرانی پێنجوێن ڕیگای نێوان سلێمانی و پێنجوینیان داخستووە و رێگەنادەن سەیارە بارهەڵگرەکانی دەسەڵات و کۆمپانیاکان، هاتوچۆ بکەن. تا لەوە حاڵی ببن کە ناوچەی پێنجوین چ جێگایەکی وەکو سەرچاوەی داهات بۆ ناوچەکەو هەرێم هەیە.
دیارە ناوچەی پینجوین دەروازەیەکی سنورییە، یەکێکە لەو دەروازانەی کە سەرچاوەیەکی باش بۆ داهاتی هەرێم و بەتایبەتیش بەتایبەتیش زۆنی سەوزە، کەچی لە جێگای ئەوەی پاداشتی خەڵکی ناوچەکە بدەنەوە و ڕیگاو بان و خزمەتگوزاری هەمەلایەنە و پێویستی بۆ زامن بکەن، بە تەواوی پشت گوێ خراوەو یەکێکە لەو ناوچانەی کەکەمترین ئاوڕ لە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی و خزمەتگوازرییەکانی دەدرێتەوە.
خۆپیشاندان و داخوازییەکانی جەماوەری بەش مەینەتی پێنجوین، هێندە رەوان، کە ئەو ڕەوایەتییە وای کردووە خەڵکی ناوچەکە بەوپەری تواناو ورەی بەرزەوە بەدژی ئەو دۆخە بێنە مەیدان و بەڵێنی بەردەوام بوون بدەن تا داخوازییەکانیان بۆ زامن دەکرێت.
خەڵکی شارو شارۆچکەکانی تری کوردستان، کە وەزعیان لە پێنجوێن باشتر نییە و بەدەست نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانی وەکو ئاو و کارەبا، سوتەمەنی و تەندروستی و …تا دەناڵێنن، پیویستە پشتیوانی لەخۆپیشاندان و نارەزایەتی خەڵکی پێنجوێن بکەن و بەم کارەشیان دەتوانن ببنە گوشار بۆ سەرخستنی نارەزایەتی ناوچەی پینجوێن و هاوکاتیش بۆ ناچارکردنی دەسەڵات تا وەڵام بەداخوازییە فەرمۆشکراوەکانی خۆشیان بداتەوە. زامنی سەرکەوتنی نارەزایەتی و ناچارکردنی دەسەڵات بەوەی چیتر خۆی لە زامنکردنی خزمەتگوزارییەکان نەدزێتەوە، بەردەوامی و هاوئاهەنگی نێوان شار و شارۆچکەکان و پشتیوانییە لە داخوازی یەکتری و هاوکات خۆرێکخستن و لەدەوری یەکتر بوون و هەڵبژاردنی نوێنەرانی دڵسۆزی خۆیانە، وەکو ڕابەری سەرخستنی نارەزایەتیەکانیان لە پێناو خواستە رەواو ساکارەکانی خۆیاندا.