تاڵانی و دزی لە زمانی خۆیانەوە… مەلا بەختیار:  ٣٠٠ ملیۆنێر لەناو پارتی و یەكیتی و گۆڕاندا هەن!!

0

ئێوارەی حەوتی ئەم مانگە لە سمینارێکی تایبەت بە ئابوری کوردستان، کە تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر سازی کردبوو، لە میانەی بەشداری کردنیدا مەلا بەختیار رایگەیاند کە کێشەی بنەرەتی گەندەڵییە کە هەرێم بەدەستیەوە دەناڵێنێت و هاوکات رایگەیاند کە نزیک بە سێ سەد ملیۆنیر لەناو یەکێتی و پارتی و گۆڕاند هەن، کە فڕیان بە ئابورییەوە نییە. ئەم لێدوانەی مەلا بەختیار و ئەو هەموو لێدوانانەی تر کە خودی بەرپرسانی حزبی و حکومی و ئەندام پەرلەمان و وەزیر و گزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، رۆژانە سەبارەت بە دزی و تاڵانی دەیخەنە روو، هێشتا گۆشەیەکە لە دزی و تاڵانییەکی بەرفراوان و سیستماتیک کە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و بەرپرسەکانیان ئەنجامی دەدەن. هاوکات هێشتا ئەو بەرپرسانە خۆیان لە راگەیاندنی و ناو ناونیشانی کەسەکان و خستنەرووی چۆنیەتی دزییەکان بەدوور دەگرن و بەرژەوەندیەکانیان وا دەخوازێت تەنها بەشێوەی گشتی و بێ خستنەرووی وردەکاری تاڵانیەکان، ڕەزایەت بدەن.

دیارە ئەگەر کەسانێک هێشتا بۆیان پرسیارە بۆچی تادێت رێژەی هەژاری هەڵدەکشێت و بۆچی بێ دەرەتانی و نەبوونی یەخەگیری زوربەی زۆری خەڵکی کوردستانە، تەنها ئەو ئامارە کە مەلا بەختیار و بەرپرسەکانی تر دەیخەنە ڕوو، بەسە بۆ تیگەیشتن لە واقعیەتی پشتی ئەم دۆخە نەخوازراوە. حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە بودەڵەکەی بزوتنەوەی کوردایەتی، بەجیا لەوەی خۆیان نوێنەری چینی سەرمایەداری کورد و کۆمپانیاکان دەکەن، هاوکات خۆشیان وەکو حزب و بەرپرسەکانیان بوونە کۆمپانیایەکی گەورەی هەڵلوشینی قوتی چینی کریکار و جەماوەری بەش مەینەتی کوردستان.

دیارە چ مەلا بەختیار و چ بەرپرسەکانی تر باسی دزییەکی تری بەیاسایی کراو ناکەن کە لەدنیادا کەم وێنەیە… موچە و ئیمتیازاتی بەرپرسە حکومیەکان، لە وەزیرەکانەوە بۆ بەڕێوەبەرە گشتیەکان، تا دەگاتە ئەندام پەرلەمان و بەرپرسە ئەمنی و سەربازییەکان، بە ئەندازەیەک جیاوازی لەگەڵ موچەی کرێکاران و کارمەندان، هەیە کە زیاتر لە دەقات و بیست قات زیاترە… ئەوە بەجیا لە دەیان ئیمتیازاتی تر کە ئەوە بەیاساییکراوە. بوون بە وەزیر و ئەندام پەرلەمان، بە سادەیی یانی بوون بە ملیۆنیر، هەر ئەو هۆکارەشە پرسی فرۆشتنی پۆست و کڕینی ئەم پۆستانە بۆتە نۆرم و کەسێک بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام پەرلەمان یان وەزیر و گزیر، دەتوانێت چەندی بوێت پارە تەخشان و پەخشان بکات، کەدواتر بە سانایی دەیدەنەوە… هەروەها کاتێک ئەم لەشکرەش خانەنشین دەبن دیسان، موچەی خانەنشینی و ئیمتیازاتەکانیان بەدەیان قات زۆرترە لە موچە کرێکار و کارمەندان کە رۆژانە کۆمەڵگە لەسەر شانی ئەوان دەچەرخێت.

ئەو دانپایانانەی مەلا بەختیار و بەرپرسانی تر، بەو دزی و تاڵانە ئاشکرایەو دروستبوونی توێژێکی بەرینی چەتە، بەسە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بریاری راماڵینی ئەم دەسەڵاتە هەرچی زووە لە خواستەوە بکەنە کردار و کۆتایی بەو دەسەڵاتە تاڵانچی و دزە بهێنن و سامانی دزراوی جەماوەری بێبەش بۆ خەزینەی گشتی بگێرنەوەو دزەکانیش، رادەستی یاسای شارستانی بکەن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.