بنچینە کۆمەڵایەتی ‌و فیکرییەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری … بەشی هەشتەم شۆڕشی پڕۆلیتاری ‌و حکومەتی کرێکاری

0

 قسەکەران ‌و بیرمەندانی بۆرژوازی، مارکسیزم ‌و کۆمۆنیزمی کرێکاری بەوە تاوانبار دەکەن کە جاڕ بۆ پیادەکردنی توندوتیژی ‌و زەبروزەنگ دەدەن لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە کۆمەڵایەتیەکانی خۆیاندا. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەوە خودی نیزامی بۆرژواییە کە لە بنەڕەتەوە لەسەر زەبروزەنگی بەرنامەڕێژیکراو دامەزراوە. زەبروزەنگ لە دژی گیان ‌و جەستەی ئینسانەکان، زەبروزەنگ لە دژی سۆز و بیر و زەینیان، زەبروزەنگ لە دژی ئومێد و هەوڵی ئەوان لەپێناو باشکردنی ژیان ‌و دنیای خۆیاندا. نیزامی کاری کرێگرتە، واتە ناچارکردنی هەموو ڕۆژەی زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە بە فرۆشتنی توانای جەستەیی خۆیان بە کەسانی دیکە لەپێناو بەڕێوەچوونی ژیانیاندا، خۆی سەرچاوە و جەوهەری هەموو زەبروزەنگە زاتیەکانی ئەم نیزامەیە. ژنان، کرێکاران، مناڵان، بەساڵاچووان، خەڵکی ناوچە بێبەش ‌و دواکەتووەکانی جیهان، هەرکەسێک کە داوای مافێک دەکات ‌و لەدژی ستەمێک ڕاست دەبێتەوە، وە هەموو ئەو کەسانەی کە لەم کۆمەڵگەیەدا مۆری ئەم یان ئەو “کەمینە” نراوە بەناوچه‌وانیانەوە، قوربانیانی ڕاستەوخۆ و هەموو ڕۆژەی زەبروزەنگی ئاشکرای ئەم نیزامەن. شەڕو کۆمەڵکوژی، لەبنەڕەتدا بەهۆی کێبەرکێی سەرمایەکان ‌و جەمسەرە ئابوورییەکانەوە، لەم نیزامەدا مەودایەکی سەرسوڕهێنەری پەیدا کردووە. تەکنەلۆژیای چەکە نابودکەر و کۆمەڵ کوژەکان چەند ئەوەندە لە تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنان پێشکەوتووترە. جبەخانەی بۆرژوازی لەئاستی نێونەتەوەییدا ئەوەندە زۆرە کە بەشی نابودکردنی چەندین جاری هەموو گۆی زەوی دەکات. ئەمە نیزامێکە کە چەکە ترسناکە ئەتۆمی و کیمیاییەکانی بەکردەوە لەدژی کۆمەڵانی خەڵک بەکارهێناوە. سەرەنجامیش سەرباری هەموو ئەمانە، کۆمەڵگەی بۆرژوایی شانازییەکی دیکەشی بەردەکەوێت، ئەویش پێشڕەویە سەرسوڕهینەرەکانیەتی لەبواری کردنی تاوان ‌و کوشتن ‌و دەستدرێژی ‌و پەلاماردان بە مەسەلەیەکی ئاسایی ‌و هەموو ڕۆژە لەژیانی تێکڕای خەڵکیدا.

ئایا دەکرێ نیزامێکی بەم چەشنە لەسەر ڕێگای ڕزگاریی ئینسان ‌و بنەبڕکردنی یەکجاریی توندوتیژی وەلابنرێت بەبێ پەنابردنی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بۆ زەبروزەنگ؟ لە هیچ گۆشەیەکی تیۆری کۆمۆنیزمدا، بەکاربردنی زەبروزەنگ بە بەشێکی جیانەکراوە و زاتیی شۆڕشی کرێکاری دانەنراوە. بەڵام هەرکەسێک کە بڕێک ئەم کۆمەڵگەیە بناسێ دان بەوەدادەنێت کە چینی دەسەڵاتدار بەخۆشی خۆی ملنادات بە ئیرادەی زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە بۆ گۆڕینی ئەم نیزامە. ئەگەر بەرگریکردن لە قازانج‌ و بەرژەوەندی ڕۆژانەی بۆرژوازی ئەرکی دەوڵەت ‌و دەزگاکانی سەرکوتە، ئەوە هیچ قسەی تیا نییە کە بەرگریکردن لە خودی مانەوەی سەرمایەداری ‌و خاوەندارێتی بۆرژوایی فەلسەفەی وجودی ئەم دەزگایانە پێکدەهێنێ. ئەگەر خواستی زیادکردنی کرێ یان ئازادی بەیان لەم کۆمەڵگەیەدا پێی دەوڵەت ‌و پۆلیس ‌و سوپا دێنیتە ناوەوە، دەکرێ ئەوە پێشبینی بکرێت کە کۆشش بۆ دەستکۆتاکردنی ئابوری ‌و سیاسی بۆرژوازی دەبێ لەگەڵ چ کاردانەوە و بەرگریەکی زەبروزەنگاویدا بەرەوڕوو ببێتەوە. زەبروزەنگی بۆرژوازی ‌و دەوڵەتەکەی لە دژی شۆڕشی کرێکاری، لەدژی ئیرادەی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کە لە ژێر ئاڵای چینی کرێکاردا لەپێناو بەرپاکردنی کۆمەڵگەیەکی نوێدا دەخرۆشێن، مەسەلەیەکە کە لەڕووی عەمەلیەوە حەتمیە.

شۆڕشی کرێکاری دەبێ دەوڵەتی بۆرژوایی بڕوخێنێ. مقاوەمەتی بۆرژوازی لە بەرامبەر شۆڕش ‌و بەتایبەت لە بەرامبەر ئیشتراکی بوونەوەی هۆیەکانی بەرهەمهێناندا، تەنانەت پاش تێکشکاندنی دەسەڵاتە دەوڵەتیەکەشی، هەر درێژەی دەبێت. لەم ڕووەوە پێکهێنانی حکومەتێکی کرێکاری کە ئەم مقاوەمەتە پووچەڵ بکاتەوە و فەرمانی شۆڕش بەجێ بهێنێت، مەسەلەیەکی چارەنووس سازە. حکومەتی کرێکاریش، وەکو هەر حکومەتێکی دیکە، حکومەتێک نییە لەسەرووی کۆمەڵگە و چینەکانەوە. بەڵکو حکومەتێکی چینایەتیە. بەڵام ئەم حکومەتە، کە هەر لەبەرئەمە لە تیۆری مارکسیزمدا بە دیکتاتۆری پرۆلیتاریا ناوزەد کراوە، دەوڵەتی زۆرینەی چەوساوەی کۆمەڵگەیە بۆ داسەپاندنی حوکمی ئازادی‌و یەکسانی ئینسانەکان بەسەر چینە چەوسێنەرەکاندا و بۆ زاڵبوون بەسەر هەوڵ و تەقەلا و پیلانەکانیاندا. لەڕووی شکڵ و شێوەوە، حکومەتی کرێکاری دەوڵەتێکی ئازادە کە بڕیاردان ‌و پیادەکردنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەری بەرینی کرێکار و زەحمەتکێش لە کۆمەڵگە سازدەدات. حکومەتی کرێکاری بەپێی ماهییەتی خۆی حکومەتێکی ڕاگوزارە کە بەوەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕش زەرورەتی بوونی خۆی لەدەستدەدات ‌و دەپووکێتەوە.

حیزب ‌و ئەنتەرناسیۆنالی کۆمۆنیستیی چینی کرێکار

مەرجێکی هەرە گرنگی قەوارەگرتن ‌و سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار، پێکهاتنی حیزبە کۆمۆنیستیە کرێکاریەکانە کە ئاسۆیەکی لەم چەشنە بخەنە بەردەم چینی کرێکار و هێزی ئەم چینە لەم خەباتەدا ئامادە و ڕابەری بکەن. ئەم حیزبانە کە بەرلە هەرشتێک دەبێ ڕێکخراوی یەکگرتووکردنی هۆشیارترین ‌و هەڵسووڕاوترین ڕابەرانی خەباتە کرێکاریەکان بن، دەبێ لە وڵاتە جیاجیاکاندا پێک بێن. سەرمایەداری نیزامێکی جیهانیە، چینی کرێکار چینێکی جیهانیە، کێشمەکێشی چینی کرێکار لەگەڵ بۆرژوازیدا کێشمەکێشێکی هەمەڕۆژەیە لەئاستێکی جیهانیدا، هەروەها سۆسیالیزم ئەلتەرناتیڤێکە کە چینی کرێکار دەیخاتە بەردەم هەموو مرۆڤایەتی. بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکارییش دەبێ لەئاستێکی جیهانیدا ڕێکخراوبێت. پێکهێنانی ئەنتەرناسیۆنالێکی کۆمۆنیستیی کرێکاری، وەکو ناوەندی یەکخەر و ڕابەریکەری خەباتی جیهانیی چینی کرێکار لەپێناو سۆسیالیزمدا، ئەرکی دەمودەستی بەشە جیاجیاکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی چینی کرێکار و هەموو حیزبە کۆمۆنیستە کرێکاریەکانە لە وڵاتە جیاجیاکاندا…

ماویەتی

Leave A Reply

Your email address will not be published.