کوردستان پشتی جەبهەی کۆماری ئیسلامی نییە! … نووسینی: ئیبراهیم حسێن
شیوەنەکەی قاسم سلێمانی لە کوردستان زیاتر لە مەغزا و مانایەکی هەیە. کۆماری ئیسلامی کە تەنانەت ناتوانێ لەو جغرافیایەی ئێراندا، مەراسیمی شیوەنی ڕەمزەکانی خۆی بەرپا بکا لە ترسی نەفرەت و بۆغز و لەعنەتی خەڵک، ژنان و لاوان و چینی کرێکاری ئێران، بە ناچار دەبێ هاوکاران و یان ڕاستر بڵێین مەئمورینی خۆی لە دەرەوەی مەرزەکانی ئێران ڕاسپرێ تا شیوەن و شانامە و بەیت و بالۆرە لەسەر شەهامەت و شانو شکۆی ئاغای حاجی قاسمی بۆ ڕێک بخەن، تا بەڵکو ئەم مەئمورانەی سلێمانی و هەولێر بەشێک لە چاکەی کۆماری ئیسلامی بدەنەوە ئەویش لە کاتێکدا کە ئەم حکومەتەی ئیسلامی سیاسی لە شەڕێکی سەروماڵی مەرگ و ماندایە لە ناوخۆدا. حیکمەتی سیاسی گواستنەوەی شیوەنی حسن و حسێنی ئاغا حاجی قاسم بۆ کوردستانی عێراق، ئەوەیە کە لە ناوەوە دا سەرانی ئەم ڕژێمە ناتوانن سەریان بەرز ڕابگرن و لەبەردەم خەڵک و کۆمەڵگەیەک کە بە مانای وشە دەیانەوێ ئەم حاکمیەتە بڕوخێنن، مەراسیم و شیوەنی ڕەمزەکانیان بکەنەوە. ئەوان لە ناوەوە خەریکە لەبەرامبەر ڕاسانی گەورەی ڕزگار بوون لە کۆماری ئیسلامی دەدۆڕێن و کاتی ئەوەیە کە لە هەر دەریایەک بدەن تا ماوەیەکی تر ڕوخان و کەوتنی خۆیان دوا بخەن و شیوەنی ئاغای سلێمانی بەشێکە لەم دەستو پێکوتانەیان بۆ مانەوە. ئیتر ئێستا کاتی ئەوەیە کە هاوکاران و مەئمورانی دەرەوەی مەرزی ئێرانیان ڕابسپێرن تا لەو دەستوپێ کوتانە بچنە بن باڵیان.
بەڵام بۆچی نا؟ مەگەر ئەم شیوەنەی قاسم له سلێمانی و هەولێر قێزەونترە لەڕاسپاردەی کوشتاری کۆمۆنیستە کرێکارییەکان لە سلێمانی، قێزەونترە لە هاواری بە هاناوەهاتنیان بۆ قاسم و سوپای پاسداران لە ١٦ ی ئۆکتۆبەر و زەلیلی و سەرکزیان لەبەرامبەر سەرجەم ڕاسپاردەکانی تری کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو مەئمورانەیان کە بە ناحەق نان و ئاوی خەڵکی کوردستانی عێراقیان خراوەتە چنگ؟
نەخێر جیاوازتر نییە، قێزەونتر نییە، ئەوەی کە جیاوازترە هەلومەرجی جیاوازی ئەمڕۆیە، ئەو هەلومەرجه جیاوازەیە کەتیایدا جمهوری ئیسلامی کەوتۆتە ناو گرەوی شەڕی یەکجاری شەڕی مانەوە، ئەو هەلومەرجەیە کە تیایدا ئومێد و ئاسۆی ڕزگاربوون لەو حاکمیەتە لە هەرکات زیاتر گەشتر دەرکەوتوە و گۆڕاوە بە ئیرادەیەکی سیاسی و عەمەلی ئێرانی ئەمڕۆ. ئەم شیوەنی حسن و حوسێنەی قاسم لە کوردستان چارەنوسی ئەم حاکمیەت و قوڵە دیکتاتۆریاتەی کوردایەتی بە چارەنوسی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیەوە بەستەوە. ئەگەر ئەوان چاکە و خێری جمهوری ئیسلامی بەم شیوەنەی حسن و حسێنە و دەشتی کەربەلایە دەدەنەوە، ئەوا چینی کرێکار و ژن ومەدەنیەت و کۆمۆنیزمی کرێکاری لە کوردستانی عێراق چاوی ئومێد و خۆشبینیان بڕیوەتە ئەو بزوتنەوە گەورە سکولار و ئازادیخوازیەی کە ئێران و ناوچەکەی گەیاندۆتە سەر لێواری ڕزگاری لە کابوسی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. ئەگەڕ رابەران و قارەمانانی ئەو حاکمانی بۆرژوای کوردایەتی و ئیسلامی لە کوردستان حاجی ئاغا قاسم سلێمانی و خامەنەیی و ئەم ڕەمزانەن، ئەوا ڕابەران و قارەمانانی ئێمە ڕابەرانی کرێکاری و ئازادیخوازی ئێرانن، ئەو ژن و لاوە جەسورانەن کە خەریکن دەجەنگن بۆ ڕوخاندنی ئەم حاکمیەتە ئیسلامیە ڕەشە و خەریکن داهاتوی ئێران و ناوچەیەکی ئازادتری ڕزگار بوو لە کابوسی ئسیلامی سیاسی دەنەخشێنن.
کوردستانی عێراق پشتی جەبهەی کۆماری ئیسلامی، کۆماری پەت و سێدارە و بەربارانی ژن و ئازادی وخۆشی، نییە. شیوەنی ئەو میلیاردێرە دەڵاستدارەی بۆرژوازی لە کوردستانی عێراق بۆ حاجی قاسم، بەشێکە لە شەڕێکی گەورەی چینایەتی کە تیایدا قەرار نییە تەنیا چارەنوسی حاکمیەتی خامەنەیی و قاسمیەکان و ئەو کابوسە لە ئێران یەکلا بکاتەوە، تەنیا قەرار نییە کۆماری ئیسلامی بڕوخێنێ، بەڵکو ئەم نەبەردە چینایەتیە بۆ لەکۆڵکردنەوەی کۆماری ئیسلامی ئەگەربە شێوەی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە سەربکەوێ، بێگومان مەسەلەی یەکلاکردنەوەی حاکمیەتی پوچی کوردایەتی و ئیسلامی لە کوردستانی عێراقیش بە شێوەیەکی عەمەلیتر دەخاتە دەستوری خەباتی چینی کرێکار و ژن و مەدەنیەت لەکوردستانی عێراقیش…