حکومەتی بەریتانی دەیەوێ یاسای دژەمانگرتن پیادەبکات!! نووسینی: سالار حەمەسەعید

0

بۆ ڕێگریکردن لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە تەقەشوف (سک هەڵگوشین). سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەیەوێ دەست بەرێت بۆ یاسایەک کە ئازادی مانگرتن و ناڕەزایەتی کەمکاتەوەو سنوورداری کات. یاسای دژە مانگرتنی نوێی ریشی سوناک بۆ سەپاندنی پێشکەشکردنی لانی کەمی ئاستی خزمەگوزارییەکان لەنێویاندا خزمەتگوزاری تەندروستی (ئێن ئێچ ئێس) و قوتابخانەکان. ئەم یاسا نوێیە کاردانەوەیەکی توندی لێوە کەوتۆتەوە لەبەرئەوەی حکومەتی بۆرژوایی سوناک دەیەوێ دەست بگرێ بەسەر ناڕەزایەتییە کرێکاریەکاندا. ئەو یاسایەی کە حکومەتی موحافزین دەیەوێ بیخاتەڕوو لە چەند هەفتەی داهاتوودا ڕێگە دەدات بە بەڕێوبەران و خاوەن کارەکان لە دەزگاکانی تەندروستی و پەروەردە وخویندن و ئاگرکوژاندنەوە و فریاکەوتن و هێڵەکانی شەمەندەفەرو هتد، تاکو بتوانێ سکاڵای یاسایی لەسەر یەکیەتییە کرێکارییەکان تۆماربکات و کرێکاران دەرکات لەسەرکار ئەگەر لانی کەمی ئاستی خزمەتگوزاریەکان پێشکەش نەکرێت. یەکیەتییە کرێکارییەکان کە چالاکانە و لەڕاستای کاری هاوبەش و هاوئاهەنگدا لەگەل کریکاراندا ناترسێنرێت، بەم هەنگاوە ترسنۆکانەیەی حکومەتی کۆنەپەرستی بەریتانیا، ئەم کارەش بۆیە دەکات، چونکە هیچ بیانوو و پاساوێکی نەماوە و شەڕەکەی دۆڕاندوە هەروەک ”سکرتێری یەکیەتی کریکاری” ئار ئێم تی ” دەلێت: بەلام لەبەرامبەر ئەم یاسایە وئەم هەڕەشەیە بۆ سەر کرێکاران، شارۆن گراهام، سکرتێری گشتی یەکیەتییە کرێکاریەکانی ”یونایت” سووربوونی خۆی و کریکاران رادەگەیەنێ کە هەرچیەک بێت نەخشە وپلانی حکومەت لەم یاسای دژە مانگرتنە یەکیەتییە کرێکاریەکان بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن لە کرێکاران ومافەکانیان. ئەوی شایەنی باسە ئەم یاسایە سەرەتا لە کاتی دەستبەکاربوونی سەرۆک وەزیرانی پێشوو ”لز ترس”دا پێشنیارکرا، بەلام تەنها لە دوو سێکتەرتی خزمەتگوزاری قیتارەکان و فریاکەوتن و ئاگرکوژاندنەوە دابووە. بەلام ئەو دەسەلاتەشیان فەراهەمکردوە کە بۆ دەزگاکانی تەندروستی و خوێندن درێژبکرێتەوە. ئەم یاسایە دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی زیاتر و مانگرتنی زیاتر، چونکە حکومەت نایەوێ لەگەڵ یەکیەتیە کریکاریەکان دابنیشێت وە هەروەک ”مک لنچ” ی سکرتیری گشتی ”ئار ئێم تی” رۆژی هەینی ڕایگەیاند لە ”ئیستگای قیتاری ”یوستن” لە لەندەن لە کاتێکدا لە ڕیزی مانگرتووەکاندا ڕاوەستابوو وتی: ئەو جمووجوڵەی ریشی سوناک بە توندکردنەوەی یاساکانی دژە مانگرتن پیشانیدا کە حکومەت دەیەوێ ڕێگریەکان توندکاتەوە بەرامبەر بە وەستانەوە دژ بە ”ئۆستێرتی/تەقەشوف/سک هەڵگوشین”. بەڕای من ئەم وتەیەی مک لنچ زۆر پڕ بایەخ و گرنگە، چونکە زۆر ورد لێکیداوەتەوە کە ئابووری بەریتانیا بە چ بارو ڕەوشێکدا تێدەپەڕێ وە ئێستا گەیشتۆتە خاڵێک کە گەڕانەوەی نییە پاش ئەو هەموو هەڵاوسان و هاتنەخوارەوەی بەرهەمهێنان و لاوازبوونی ئابووری و ڕووبەڕووبونەوەی قەیران و کەسادێکی هەمەگیری ئابووری، سکگوشین هەنگاوی داهاتوو دەبێت کە حکومەت پەنای بۆدەبات. وە ئەم سیاسەتەش کە سوناک دەیەوێ بیهێنێتە پێشەوە بۆ ڕێگریکردنە بە ناڕەزایەتی و مانگرتن وخۆپیشاندانەکانی لەمەودوای سیکتەرە جیاجیاکانی کۆمەڵگە. لە ولاتێکدا کە سەرمایەداری حوکم ڕەوایە و دەهۆڵی ئازادی لێدەدات دەیەوێ بە یاسا ئازادی مانگرتن لە کرێکاران بسەنێتەوە و ڕێگریان لێ بکات لە ئەنجامدانی مانگرتن و هەڕەشەلێکردنیان بە دەرکردن لەسەرکارەکانیان ئەگەر لانی کەمی خزمەتگوزارییەکان پێشکەش نەکەن.

٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.