ئەم شەقاوەگەریە ئیسلامیە سیاسیە دەبێ شکست پێبهێنرێت! … نووسینی: ئیبراهیم حسێن
هیچ بزوتنەوەیەک، هیچ ڕادیکاڵیزمێک نابێ بە هێزێکی خۆشەویست و بەئیعتیار و جێگەی ئومێد ئەگەر نەیەوێ لەجەنگێکی گەورە کە لەدژی ئیسلامی سیاسی کە لە ئارادایە، سەر بکەوێ و تێکی بشکێنێ، ئەگەر نەیەوێ مەدەنیەت ومرۆڤایەتی لەو جەنگە دا پڕ بەپڕ نوێنەرایەتی بکات. چارەنوسی دەسەڵاتی بافڵ ویەکێتی و کوردایەتی بەڕادەیەکی زۆر نەک بە شێوەیەکی ڕەها، لەڕێگەی ئەم جەنگەی کە ئەمڕۆ لە ئارادایە لە دژی ئیسلامی سیاسی یەکلادەکرێتەوە. هەروەک چۆن بە هەمان شێوە چارەنوسی ئەم ئیسلامە سیاسی و شەقاوەگەریە دینیە بەڕادەیەکی زۆر نەک ڕەها، لە ڕێگەی خەبات بۆ سەرگونکردنی ئەم قولە دیکتاتۆریەتەی کوردایەتیەوە یەکلادەکرێتەوە.
سەیری ئەو ناوچەیە بکەن لە چەندیدا ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی بەدەستە. لەتورکیا دەسەڵاتی لە دەستە، لە عێراق دەسەڵاتی بە دەستە و لە ئێران و ئەفغانستان و تەنانەت لەو وڵاتانەشی کە ڕاستەوخۆ لە دەسەڵاتدا نییە، لایەکی سەرەکی دیاریکردنی دەسەڵاتە. لایەکی سەرەکی بازاڕی کاری هەرزانی سەرمایەدارییە، لایەکی دوژمنایەتی کردنی هەردەرکەوتنێکی سیاسی جیددی چینی کرێکارە. لایەکی سەرەکی؟ دوژمانیەتی مافی ڕێکخراوبوون و هەڵسوڕان و ئازادی هەڵسوڕانی سیاسییە. لایەکی سەرەکی دیکتاتۆریەت و ئیستیبدادی بۆرژواییە. ئیسلامی سیاسی بزوتنەوەیەکی سیاسی کۆنەپەرستانەی چینی دەسەڵاتدارە بۆ ڕێکخستنێکی چەوساندنەوەی چینایەتی و کۆمەڵگە و دەسەڵات و یاساکانی ژیانی سیاسی و ئابوری بە کۆنەپەرستانەترین شێوە، کە تیایدا ئازادی کوفرە، حەقی ڕێکخراو بوون و هەڵسوڕانی ئازاد تاوانە. ژن بوون عار و مۆسیقا و شادی و بیری ئازاد، فەسادە. بافڵ تاڵەبانی و نوخبەی سیاسی بۆرژوازی کوردایەتی بە بەلاش و لە خۆڕا نییە کە لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا تێکەڵ بوون، هۆکارەکەی چینایەتیە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە هەر دووکیان دووبزوتنەوەی سیاسی چینایەتی کەمایەتیەکی بۆرژوا وسەرمایەدارن و نان لە بێمافی و هەژاری و چەوساندنەوە دەخۆن.
سەرباری هەموو خۆڕانان و شەقاوەگەری ئیسلامی لە کوردستانی عێراق، بەڵام دەرفەت بۆ ئەوەی ئەم بزوتنەوە کۆنەپەرستە شکست پێ بهێنرێ وبخرێتەوە قەفەزەوە کراوەتەوە. ئەوە کاری کۆمۆنیزم و چەپ و ئازادیخوازی کۆمەڵگەی کوردستانە.
۳۱.۱۲.۲۰۲۲