قسەیەک لەگەڵ خەڵکی کوردستان و ئەندامانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان… نووسینی: ئیبراهیم حسێن
پەردەهەڵماڵینی ئێمە لە لەڕێکارەکانی ئەو دواییانەی دەسەڵاتی حیزبی بۆرژوازی دەسەڵاتداری زۆنی سەوز، کە هەندێک دوکان و ڕێستورانت و یانەی شەوانەی داخست کە لە بنەڕەتەوە بەشێکی بچوکی بازاڕ وبزنسی فحشایە و ڕاستەوخۆ لەژێر پارێزبەندی خۆیاندایە و هاوکاتی شاڵاوێکی تری دەستەوتاقمی ئیسلامی بوو لەدژی ژن ومەدەنیەت لەکوردستان، ڕیسی ئەوانی کردەوە بە خوری و وایکرد کە ئەوپرسیارە دروست بێ کە چۆنە لە کۆمەڵگەیەکدا کە خەریکە لە بۆگەناوی ئیسلامی سیاسی و کوردایەتیدا دەخنکێ ئاوا بەوشێوە ترسناکە بووە بە زۆنگاوی فەحشا؟ چۆنە فحشا و لەشفرۆشی گۆڕاوە بە مەیدانێکی پڕ کەسب ودەرامەتی دەڵاڵان و بازرگانانی بیزنسی فەحشا؟ئایا ئەوە بۆخۆی بە تەنێ بەس نیە بۆ ئەوەی ئەو دوو کۆنەپەرەستیە بۆژرواییە بەر نەفرەتێکی کۆمەڵایەتی گەورە بکەون؟
دەڵاڵانی ئیسلامی سیاسی کە ڕۆژ تا ئێوارە لەسەر گەڵ ولەشی ئافرەتی نەسمڕاو لە بەهەشت دەمدرێژی دەکەن و سێ ژنەو چوارژنەو سیغە و موتعە و جیهادی نیکاح و لاقەکردنی منداڵانی کچ کە هەرهەموویان شێوازی زۆر قێزەونی فحشای ئیسلامین پیادە دەکەن، بە داخستنی دوو دوکانی فەحشای دەسڵاتدارانی کوردایەتی وەک هەنگیان لەداردا دۆزیبێتەوە،عەبای جیهادیان خستە سەر شانی پاڤڵ تاڵەبانی. وەک عادەتی ڕیاکارانەی هەمیشەیی خۆیان ویستیان داخستنی ئەم چەند دوکانە بگۆڕن بە بەهانەیەک بۆ پەلامارێکی کۆنەپەرەستانە لە دژی ژن و مەدەنیەت و ئازادیخوازی. لەلایەک و لەلایەکی تر حاکمیەتی یەکێتی لە زۆنی سەوز، بە ئومێدی ئەوەی پشکێیکی زۆرتریان لەو فەزای کۆنەپەرەستیە بەرکەوێ، تەنانەت داخستنی چەند دوکانی بیزنسی فەحشاکەیان بەناوی خاترگرتنی موقدەساتی دینی و ئیسلامیەوە وەکوئیمتیازێک بە ئیسلامی سیاسی خستە بازاڕەوە. ئەوان ئەوەندە دوربوون لە پێوەری مەدەنی و ئەمڕۆیی و مرۆڤانە، تەنانەت نەیان وت کە ئێمە ئەو چەند دوکانە دادەخەین لەبەر ئەوەی کەرامەتی مرۆڤ لەوە گەورەترە کە بکرێ بکرێتە بابەتی کڕین و فرۆشتن.
یەکێتی وپاڤڵ تاڵەبانی دەیتوانی بڵێ ئێمه دەستی دەڵاڵان و بازرکانانی بیزنسی فەحشا کورت دەکەین. دەیتوانی بڵێ کە ئێمە شەرافەتی مرۆڤانەی ژن لەکۆمەڵگەی کوردستان بە هێند وەردەگرین و بە یاسا وبەدەسەڵاتێک کە لەبەردەستە کارێک دەکەین کەس ناچارنەبێ بە هەردەلیلێک ئەو کارە بە گیان و لەش وشەخسترین وئازیزترین بەشی وجودی خۆیەوە بکا.دەیتوانی بڵێ نەک هەردەستی باندەکانی بازرگانی فەحشا کورت دەکەین و هاوڵاتیان لێی دەپارێزین، بەڵکو هه مان شت لەگەڵ فرەژنە وسیغە وموتعە و دەکەین و منداڵانی کچ لە دەستدرێژی ولاقەکردن لە ژێر ناوی زواج دەپارێزین. دەیانتوانی دەرس لە جەزیرە و کۆبانێ وەربگرنو نەیانکرد.ئەمکارەیان نەک هەر نەکرد بەڵکو سواری کەمپینی ئیسلامی سیاسی و باندەکانی بوون.
یەکێتی و پاڤڵ تاڵەبانی بەو کارە نەک حیسابی خۆی له هەر ڕەگەیەکی سکولاری کۆمەڵگەی کوردستان جیا کردەوە بەڵکو ئێستا ئەو پرسیارە لەسەر مێزی هەر ئیسانێکی شەریفی ناو یەکێتیە کە ئایا چیتر بوار ماوە کە ئەندام و هەڵسوڕاوی حیزبێکی سیاسی بێت کە بەسەر خەریکە دەکەوێتە داوێنی ئیسلامی سیاسی و ئیخوانیزم؟ حیزبێک کە شابەیتی ئەدەبیاتی پیاداهەڵدانی سلێمانی وەک شاری ڕۆشنبیریە ئایا ئیتر ئەهلیەتی ئەوەی ماوە یەک ڕۆژ زیاتر ئومێدی لەسەر هەڵچنن کە بتوانێ و یان تەنانەت بیەوێ بەرگری لە سکولاریزم و مەدەنیەتی کوردستان بکا. خۆتان کڵاوتان بکەنە قازی و بیر بکەنەوە وبڕیار بدەن. ئایا لەگەڵ پاڤڵ و سەرکردایەتی یەکێتی سواری ئەوئەسپە دۆڕاوە دەبن و دەبنە بەردەبازی بە هێزکردنی ئیسلامی سیاسی
و کۆنەپەرەستیەکی لەوەی تا ئێستاش گەورەتر و فراوانتر و مەترسیدار تر یاخود دەستیان لەخێری ئەم سیاسەت و هەڵبژاردنە سیاسیه کۆنەپەرەستانەیە دەشۆن و لەگەڵ چەپ و کۆمۆنیزم و مەدەنیەتی کۆمەڵگە، بۆبەرگری لە مەدەنیەتی خۆی، لەحورمەت و شکۆ و ئازادی خۆی ڕادەوستن.
قسە وپەیامی ئێمە ڕوونە بە هەر دوو بەشی بۆرژوازی، هەم بە ئیسلامیەکان و هەم بە یەکێتی و کوردایەتی.
ئێمە ئیعتیبیار بۆ درۆی دژایەتی فەحشای پاڤڵ ویەکێتی و ئیسلامیەکان دانانێین، بگرە ئەوان وئایدیۆژیا و دەسەڵات
و بەدبەختیەکی چینایەتی کە خوڵقاندویان بەسەرچاوەی فەحشا ولەشفرۆشی دەزانین و داخستنی چەند دوکانێک لە زنجیرەی گەورەی فەحشاو بیزنسی فەحشا، تا ئەوەی هەنگاوێکی بچوکیش بێت بۆ کەمکردنەوەی باری ئەو عارە له سەرشانی کۆمەڵگە کردنە ژێر بەڕەی پرسەکەیە لە باشترین حڵەتیدا.. پەیامی ئێمە ڕوونە ودەڵێین ئەوان، واتە دەسەڵات و چینی دارا سەرچاوە و خوڵقێنەر و ڕێکخەری بازرگانی فەحشان وتەواوی ئەو بازاڕەی فەحشایە، مەلههاکان هی ئەوانەو داخستنی چەند شوێنێک لە بازاڕەکانیان خۆڵکردنە چاوی خەڵکە. بڕۆن بەدوا دا چوون بکەن بزانن چەند لەسەدی بەرپرسانیان خەریکی ئەو کارەن. ئەو دەسەڵاتە فاسدە هاودەست لەگەڵ ئیسلامی سیاسی ئەو کۆمەڵگەیان نغرۆ کردوە لەلەشفرۆشی وفحشا. ئێمە دەڵێین حەیفە بەشەر لەوەزعێکدا بژی ناچار بێ ئەو کارە بکا، حەیفە بەشەر ناچار بێ ناسکترین و شەخسیترین لایەنی وجودی خۆی بکاتە بابەتی کڕین وفرۆشتن.ئێمە بێینە سەرکار لە ژێری فەحشا دەدەین، وا دەکەین کەس هیج کەس ناچار نەبێ ئەو کارە بکا. بەشەر ئەوەندە قیمەتی هەیە، ژیان و وجودی بەشەر ئەوەندە بەنرخە کە بەڕاستی حەیفە ناچاربێ ئەوکارە بکا. کۆمەڵگەیەکی ئینسانی ئەوەندە ئیمکاناتی هەیە کە ڕزگاربێ لەو عارە. ئێمە یەک ڕۆژیش ودەسەڵاتمان بە دەست بێ دەستی باندەکانی تیجارەتی فەحشا بە یاسا کورت دەکەین و باج خۆری و دەڵاڵی بەو کارە دەکەینە نایاسایی و ئەو بازاڕە دەپێچینەوە.لە هەمانکاتدا دەرفەتی کار وبژێوی شەرافەتمەندانە بۆ هەموو هاوڵاتیان دەڕەخسێنین. ئیمکاناتی پێویست قوربانیانی فەحشا بەردەست دەکەین.کەسێک کە چاوەڕوانی لە دەسەڵاتێک هەبێ کە غەرقی فحشایە بەداحستنی هەندێک لە دوکانەکانیان،گوایە دژی فەحشان، تەنیا کڵاو دەکاتە سەرخۆی. ئەگەر کەسێک بەڕاستی دژی فەحشا وفسادی دەسەڵات وچینی دەسەڵاتدارە دەبێ لەگەڵ ئێمە لە دژی فەحشا و فسادی دەسەڵات و بازاڕی فسادی ئیسلامی قۆڵی لێهەڵماڵێ.
۲۹.۱۲.۲۰۲۲