وتاری باش… دلێر محەمەد نوری
تۆ بۆ ئەوەی بانگخوازێکی باش بیت و وتارەکانت لە چەند ڕۆژێکدا یوتووب و فیس بووک بتەنن. بۆ ئەوەی بینەری ڤیدیۆکانت لە چەند ڕۆژێکدا سەددان هەزار تێپەڕێنێت. بۆ ئەوەی سەددان هەزار کۆمێنت و دەست خۆشی و جەزاکەڵڵاهەخەیرەنت، لە چەند کات ژمێرێکدا پێ بگات. بۆ ئەوەی بەرپرسەکانی شار پۆچ پۆچ پەیوەندیت پێوە بکەن و سەفقەی ژێر بە ژێرت لە گەڵ بکەن. بۆ ئەوەی وەکو کەسێکی نوورانی باوەڕپێکراوو ڕاستگۆ و ئیماندار دەربکەویت. بۆ ئەوەی لە وادەی ساڵێکدا لایەنگرت بگاتە ئاستی لایەنگری حزبێکی کۆنی پێش ڕاپەڕین. بۆ ئەوەی پارە و ئیمکانات و شوهرەت و دەسەڵاتت بگاتە لوتکە. بۆ ئەوەی تۆ ببی بە ژمارەیەکی قورسی کۆمەڵایەتی و ئایینی کاریگەر، پێویستە وتارەکانت و پەیجەکانت لە سەر چەند بنەمایەک رێک بخەیت و پێکهاتەی وتارەکانیشت بە پێی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە رێک بخەیتەوە:- ١/ لە پڕۆفایلی پەیج و ئەکاونتەکانتدا، پێش ناوی دکتۆر، پڕۆفیسۆر، …هتد بنووسیت. جا گرنگ نیە پسپۆرییەکەت لە بارەی (جۆرەکانی باوبوژەڵەی ناو سک و کارگەرییان لە سەر بەتاڵکردنەوەی دەست نوێژ)ە یاخود لە پیتاندنی یۆرانیۆمە. چونکە بێ خەم بە، ئەوانەی بە دوای ڤیدیۆی ڕیش و عەمامەدا دەگەڕێن، تەنها ئەو پێشناوە ئەخوێننەوە و بە دوای پسپۆرییەکەتدا ناگەڕێن، چونکە ئەو جۆرە لە لایەنگر تەنها گوێگرن پشکنەر نین، گوێڕایەڵن پرسیارکەر نین، دڵنیان ڕاڕا و گوومانکەر نین. ٢/ بۆ نووسین و ئامادەکردنی وتارێکی باش پێویستت بە پسپۆرییەکی زۆر نیە لە ئاییندا، بەڵکو تەنها پسپۆریت لە بەکارهێنانی کۆمپیوتەر هەبێت، گۆگڵ هەموو شتێکت بۆ ئاسان ئەکات. ٣/ با بابەتەکانت بە گشتی بە دڵی پیاو بن و ترسیش بخەنە دڵی ژنان و کچانەوە. بابەتانێک هەڵبژێرە کە خێزان و کۆمەڵگا و ئەندامەکانی لێی بترسن، بۆ نموونە بەرەڵایی، شەرەف، خیانەتی زەوجی، هاوڕەگەزخوازی، جێندەر، مافی ژنان، ئازادی، عەلمانی و …هتد، ڕەنگە لەم ڕووەوە موحازەرەکانی قەرەچەتانیش کۆمەکت پێ بکەن. ٤/ با هەمیشە وتارەکانت دەوڵەمەند بن بە کورتە چیرۆک و سیناریۆی هەڵبەستراو و پەیوەندی تەلەفونی خەڵکانی تێکشکاو و لێقەوماو و خەوبینین بە سەحابە و پەیامبەر و پیاوچاکانیش کاریگەری خۆیان هەیە. بۆ ئەم خاڵەش ئەتوانی سوود لە چیرۆکەکانی شێرزاد حەسەن و حەمە فەریق حەسەن و عەزیز نەسین و کێ و کێش وەربگری بەڵام بە دەستکارییەوە، خۆت ئەزانی من ئەڵێم چی! بۆ سیناریۆ داڕشتنیش فیلمە تورکی و سوری و هیندییەکانیش خراپ نین. بۆ مەسەلەی خەوبینینیش، ئەمەش ئەرکێکی زۆری ناوێ و درۆکردنیش هیچ باجێکی لە سەر نیە. پەیوەندی تەلەفونیش ئەتوانرێت وەهمی بێ و وەکو خەوبینینەکان تەنها دایانڕێژە و بیانگێڕەوە و ئەشتوانی ئەوانەی دەوروبەری خۆت بەکاربهێنی و تەلەفونت بۆ بکەن، بڵێ لە پێناو چاکەی گشتییە و ئایینییە، ئەوان قایلن بە جەزایەکی خەیر هەموو شتێک ئەکەن. ٥/ هەموو ئەوانەی سەرەوە تێکەڵ ئەکەیت بە یەک و لە سەر ئاگرێکی کزی جەهەنەم ئەیانکوڵێنی و هەندێک ئاڵاتی ترس و تۆقاندن و باسی قیامەت و تێکەڵ بە هەندێک دەق و فەرموودەی سەحیحیان بکە و وردە وردە ئامادەی بکە بۆ وتن. ٦/ فرمێسک و چاو سڕین هۆکارێکی گرنگی کاریگەرن، چونکە ئێوە خەریکن قسە بۆ میللەتێکی تێکشکاو و دۆڕا و نەزان و ترسا و عاتیفی ئەکەن کە هەرگیز بیر لە پشتی ڕووداوەکان ناکەنەوە. ئەوان کەوتوونەتە ناو گێژاو و هەڵە ژیان کردنەوە و ئەم گریان و فرمێسک و ترساندنەی ئێوە وەکو دەرووی خەیر و دڵنەواییە بۆ ئەوان. ٧/ لە کۆتاییشدا بە کۆمەڵێک دوعای چاک بۆ گوێگران و خراپ بۆ سەبەبکاران، دڵنیابە کە بە هەزاران نیعمەتی لایک و کۆمێنت و شەیر ئەبارێن بە سەرتدا، بەڵام دڵنیابە کە من یەکێک نابم لەوانە چونکە من پشتی وشەکان و فرمێسکەکانت ئەخوێنمەوە و ئەزانم چەند تاڵە موو بە ڕیشتەوەیە و چی لە ژێر مێزەرەکەتدا خۆی مەڵاس داوە، هەر چۆن شێخ ڕەزاش فەرموویەتی:- هەزار ئەفسوون و جادووی پێوە ئاوێزانە ئەم ڕیشە عیلاجی گەر ببێ یا گووزە یا گوێزانە ئەم ڕیشە.