لە پەراوێزی دەستگیرکردنی ژمارەیەک داعشدا: داعش و دەسەڵاتی سیاسی کورد، دوانەیەکی تەواوکاری یەکترن!! نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
داعش و هاوشێوەکانی، سەلەفیەکان، ئیسلامی سیاسی بەشێوەی گشتی… هەرکامێک لەوانە تەنها دەتوانن لە کۆمەڵگەیەکدا ئامادەییان هەبێت و دەربکەون، کە ژینگەی سیاسی و کەشی هەڵسوڕانیان بۆ فەراهەم کرابێت. لە کۆمەڵگەیەکدا دەتوانن هێرش بکەنە سەر کۆمەڵگەو مافە فەردی و مەدەنییەکان و ژنان و سیما شارستانیەکان، کەدەسەڵات خۆی دژی ئازادی و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بێت و بە پاساوی جۆراو جۆرو لە ژێر ناوی پاراستنی مقەدەساتەکاندا مافەکانی ئینسان لەقاڵب بدات. پیرۆزییەکانی ئینسان لەناو کۆمەڵگە بکاتە قوربانی، پیرۆزییە دەستکرد و دروستکراو، خەیاڵی و ئەفسانەیی و کۆنەپەرستەکان. بەکردەوەش سەلماوە ئەو کۆمەڵگەیانەی کە ئازادی و مافە فەردی مەدەنیەکانی تیایدا بە فەرمی ناسراوەو دین و سیاسەت لەیەکتری جیاکراونەتەوە، داعش و هاوشیوەکانی زەمینەی دروست بوون و ئامادەبوونیان نییە. بەواتایەکی تر زەمینەو پایەی دروستبوونی هێزی سیاسی ئیسلامی لە چەشنی داعش، لە پایەترین ئاستیدا رەنگدانەوەی جۆر دەسەڵات و سیستەمی سیاسییە. بەرهەمی نەبوونی ئازادیی و ئازادییەکان و مافە جیهانداگرەکانی ئینسان و مافەکانی تاکە.
هیچ لەوە ئاسایی تر نییە، هێز گەلێکی کۆنەپەرست لە ژینگەی ژێر دەسەڵاتێکی دژە ئازادییدا، یان وابەستە بە ئیسلام و ئیسلامیزمدا، سەرهەڵبدەن و هێرش بکەنە سەرکۆمەڵگە. داعش بەر لەوەی گروپ و هێزی چەکدار و چەند شانەیەکی نووستو بن، بەشێکە لە بزوتنەوەیەکی سیاسی، و ڤێرژنێکی دیاریکراوی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی. داعش و نوینەرانی داعش هەر شانەی نووستوو نین کە دەسەڵات دەڵێت دەستگیرمان کردوون، بەڵكو داعشی بێدار و قسەکەرەکانیان بە ئاشکرا لە کۆمەڵگەدا بانگەواز و پەیامی داعش رادەگەیەنن. بەرگری لە چەند ژنە، زەواجی میسار و موتعە، زەواجی مناڵانی نۆ ساڵە، حجاب و ترساندنی ژنان بە ئاگر و سزای جەهەنەم و خودا ئەگەر پەیرەوی پۆشینی حجاب نەکەن، هیرش بۆ چوونی ژنان بۆ زانکۆ و خوێندن، بۆ مەیدانەکانی کارو بەرهەم هێنان، سوکایەتی بەزانست و پەروەردە، بە گۆرانی و مۆسیقاو سەماو هەڵپەرکێ و هونەر و ئەدەب و وەرزش، بەخشینەوەی فتوا بۆ رەخنەگران لە ئیسلام و بنەماکانی و وەستانەوە بەرووی مافە فەردی و مەدەنی و کۆمەڵایەتیەکان و تەکفیرکردنیان، بەسوک و کەم تەماشاکردنی خەڵکی ناموسوڵمان و هەوڵدان بۆ سڕینەوەیان… هەموویان پەیامی داعشن و لەهەر جێگایەک بوونیان هەبێت، داعش یان هاوشێوەی داعش دروست دەبێت.
دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، داعش وەکو هێزی چەکدار و وەکو رێکخراوەیەک کە خاوەنی شانەی نووستووە، وێنا دەکات. تێکشکاندنی پلان و هێرشێکی داعش، یان دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان و شانە نووستوەکانیان وەکو دەستکەوت و سەرکەوتن دەخاتە ڕوو، لەوەش زیاتر دەیەوێت میدالیا دژە داعش بوون بدەن لە بەرۆکیان.
راستی ئەوەیە داعش بۆیە هەیە، بۆیە چالاکی و هێرش دەکات و شانەی نووستو ئامادە دەکات، چونکە دەسەڵات ژینگە و زەمینەکانی بۆ بەشە سەرەکیەکەی داعش فەراهەم کردووە، کە بریتییە لە داعشی بێدار و ڕێگەپێدراو.
هیچ لەوە پوچتر نییە، لەلایەکەوە زەمینەو ژینگە بۆ دەیان حزب و ڕیکخراوە و گروپی ئیسلامی سازبکەیت و دەست لە پشتیان بدەیت و لە داهاتی خەڵکی کوردستان بکەیت بەگەرویاندا و قەڵەویان بکەیت. دەروازە بۆ فتوا و سوکایەتییان بە هەموو جوانی و ئازادییەکی کۆمەڵگە بۆ بخەیتە سەر پشت. ڕێگە بدەیت سەلەفیەکان و دەیان بانگخوازی ئیسلامی بە ئاشکرا و دەست وەربدەنە وردو درشتی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خەڵک و تاکەکانی، وە دەروازە بخەیتە سەر پشت بۆ قوتکردنەوەی مزگەوت و بنکەو قوتابخانەی ئیسلامی لەهەموو گۆشەو گەرەکێکی شارەکاندا، کەچی باسی دروست بوون و هەرەشەی داعش بکەیت لەسەر کۆمەڵگە و دەستگیرکردنی چەند گروپ و شانەیەکیان بە دەستکەوت بە خەڵکی بفرۆشیتەوە.
لە کاتێکدا خەڵک بەدەست نەبوونی قوتابخانەو بنکەی تەندوستی و خزمەتگوزارییەکان گیرۆدەیە و دەناڵێنێ، کە چی دەسەڵاتی سیاسی ژمارەی مزگەوت و قوتابخانە و بنکەو دەورات و بۆنە دینی و مەراسیمە دینییەکان، زیاد دەکات و بەرگری لە رێ رەسمی دینی دەکات و دین وەکو سەرچاوەی یاساکان، وەکو بەشێک لە مەنهەجی پەروەردەو خوێندن، بەدەستەوە دەگرێت. بەکورتی ئەوەی پەروەردەی داعش و داعشیزم دەکات، دەسەڵاتی سیاسییە. ئەوەی ژینگەو گۆرەپانیان بۆ دەرەخسێنێت دەسەڵاتی سیاسییە… ئەوەی ستایشی مەلاو بانگخوازانی ئیسلامی دەکات دەسەڵاتی سیاسییە، ئەوەی بێدەنگە دەکات لەوەی ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان بە ئاشکرا هێرش بکەنە سەر چالاکوانە چەپ و مەدەنییەکان و ژنان و لاوان و نووسەرانی ئازاد و پیشکەوتنخواز و دیاردە مەدەنییەکان، و فتوا ببەخشنەوە، دەسەڵاتی سیاسییە. هاوکات دەسەڵاتی سیاسی کاتێک دەکەوێتە بەردەم نارەزایەتی جەماوەری و پاساوی بوونی داعش وەکو هەرەشە بەدەستەوە دەگرن و دەڵێن هەرێم لەبەدەم هەرەشەی دەرەکی و داعش دایە، ئەوە لە کاتێکدا هەموو پێداویستەکان و زەمینەکانی دروست بوونی داعش و هاوشێوەکانی ئامادە دەکەن. سەیر ئەوەیە هەر ئەو دەسەڵاتە سیاسیەی هەموو هاوکارییەکی بەکردەوەی ئیسلامی و سەلەفیەکان دەکات و بەکردەوە لە کۆمەڵگەدا داعش پەروەردە دەکات، هەر ئەو دەسەڵاتە دەیەویست سەرکەوتنی ژنان وپیاوانی کۆبانێ بەسەر داعشدا وەکو دەستکەوتی خۆی نیشان بدات و شانازی!! پێوە دەکرد، کەچی لە هەریمی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا… داعش دروست دەکات و پەروەردەی دەکات.
بە کورتی دەسەڵاتی سیاسی کە دین و کۆنەپەرستی بە پایەو سەرچاوەیەکی دەسەڵاتەکەی دەزانێت و بەگری لێ دەکات و ژینگەی بۆ دروست بوونی داعش دەرەخسێنێت، سەرانی ئیسلامیەکانیش لەسەر بنەمای ئەو ژینگەیەی دەسەڵات خوڵقاندویەتی، شانەو گروپ و ریکخراوەی داعشی دروست دەکەن، بەم جۆرە دەسەڵاتی سیاسی و داعش دەبنە دوانە تەواکاری یەکتری. هەر بۆیە چونە جەنگ و وەستانەوە بەرووی داعش و داعشیزم و هیزە ئیسلامیەکان و سەلەفییەکان، بەبێ خەبات لەدژی دەسەڵاتی سیاسی، بەشوێنیک ناگات.
لەهەلومەرجی ئێستادا، کە دەسەڵاتی سەرمایەی ئیران وەکو قەڵای بەهێزی کۆنەپەرستی لە ناوچەکەدا کەوتۆتە بەردەم سێڵاوی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی جەماوەری، بە روخاندنی پشتی هێزە ئیسلامی و کۆنەپەرستەکان لەسەراسەری دنیا و ناوچەکەدا دەشکێت و لەوەش زیاتر ئەو دەسەڵاتە سیاسیانەی خۆیان بەو رژێمەوە بەستۆتەوە، دەبنە قوربانیانی روخاندی ئەم رژێمە هارەی سەرمایە لەناوچەکەدا. هات و هاواری ئیسلامیەکانی کوردستان و ئەو هێرشە هیستریکیەی دەستیان پێکردووە بۆسەر ژنان و مافەکانیان و ئازادیخوازی، تا دەگاتە هەنگاوەکانی دەسەڵاتی سیاسی بۆ پشتگیری لە ئیسلامیەکان، پەلەقاژەکانی مەرگە، نەک نیشانەی بەهێزی. بزوتنەوەی ئازادیخوازی و جوڵانەوەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژنان، لە کوردستان پێویستە هاوکات لەگەڵ شەپۆلەکانی کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی نەنگینی ئیسلامی سەرمایە لە ئیران، هێرشەکانی خۆی لە بەرامبەر هەوڵی بەرگریکارانەی ئیسلامیەکان و دەسەڵاتی کۆنەپەرستی پشت بەستوو بەدین و یاسا دارزیوەکان دەست پێبکات، ئەم هەنگاوەش دەچێتە پاڵ هەنگاوەکانی پشتیوانی لە بزوتنەوەی روخاندنی جمهوری ئیسلامی لە ئیران، وەکو سەرچاوەیەکی سەرەکی پشتی کۆنەپەرستی و تیرۆریزم.
٢٤/١٢/٢٠٢٢