هێرشـــــی هاوبەشــــی ئیســـلامیەکان و ناسیۆنالستەکان بۆ ســـەر ژنان. .. نووسینی: عوسمان محەمەد
لەم ڕۆژانەدا هەراو هۆسەی ئیسلامیەکان و یاساو ڕێسای ناسیۆنالستەکان، هەموو کوردستانی تەنیوەو هەموو خەڵکیان بەم مەسەلەیەوە مەشغوڵ کردووە.
دیارە ئەمانەو دەیان ڕوداوی تری بەم جۆرە بۆ مەشغوڵکردنی خەڵکی کوردستانە بۆ لەبیرچوونەوەی نەبوونی ئاو و کارەباو ڕێگەو شەقامەکان و بەتایبەت مەسەلەی موچەیە، ئەگینا ئەم شایلۆغانەی ئەوان بۆ مەسەلەی جێندەرو لابردنی یانە شەوانەکان چ پێویستی بەم هەموو هەرایە هەبوو.
ئەوەندەی بەمەسەلەی جێندەر ئەگەڕێتەوە کە ئیسلامیەکان شیکردنەوەی جۆراو جۆری بۆ ئەکەن و بەڕۆژی ڕوناک بەلاڕێیدا ئەبەن، ئەوە پەلەقاژەیەکی زۆر ڕۆشنە لەترسی هاتنە مەیدانی ژنانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازە کە دەستی ناوەتە بینی ڕەوتە ئیسلامیەکان و خەریکە ئەیانتاسێنــــێ.
دیارە ئیسلامیەکان باش ئەزانن کە جێندەرو ڕێکخراوە جێندەرییەکان مانای چیە، بەڵام لای ئەوان هەرشتێ باسی لەیەکسانی ژن و پیاو بکات و ئافرەت مەیداندار بکات، ئەوان تووشی هیستریا ئەبن، ئەوەندە سەخڵەت ئەبن تا ئەگەن بەوەی دەیان ناو و ناتۆرەی نابەجێ و ناشرین بەکاربێنـــن و چەندین شیکردنەوەی ناپەسەند بۆ ئەو وشەیە بکەن.
ڕەوتە ئیسلامیەکان ئەم هەموو هات و هاوارەیان بۆ خەڵکی یەکسان و ئازادیخواز نیە، تەنانەت بانگەوازەکەیان بۆ خەڵکی کوردستانیش بەگشتی نییە، ئەوان ئێستا ئەیانەوێ لایەنگرانی خۆیان شەحن و دەمە زەرد بکەنەوە و ئەترسن ئەم خرۆشان و ڕاپەڕینەی خەڵکی ئێران و هاتنە مەیدان و ڕابەرایەتی کردنی ژنان لەم ڕاپەڕینەدا لق و گەڵای لایەنگرانی ئەوانیش بگرێتەوەو پەیوەست بن بەو ڕاپەڕین و خرۆشانەوەو کەسیان بەدەورەوە نەمێنـــێ.
ڕووخــانــی جمهوری ئێسلامی نەک کاریگەری بەسەر ئەم ڕەوتە ئیسلامیانەدا بەقورسی بەجێدەهێڵێ، بەڵکو ڕەوتە کۆنەپەرستەکان لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پاشەکشەی پێئەکرێ، ئەمەی ئەم ڕەوتە ئیسلامیانە ئەیکەین پەلەقاژەیەیەکی (پێش مەرگە)، تەقەلایەکە بۆ ئەوەی بتوانن هیچ نەبێ تۆزیان بمێـــنێ، لەمانەش سەیرتر ئەوەیە کە هەر سەرکردەیەکی ئیسلامی شیکردنەوەیەکی تایبەت بۆ وشەی جێندەر ئەکات، کە زۆر دوورە لەمانای وشەکە، جێندەر بەواتای (ڕەگەز) دێت، ئەو ڕێکخراوانەی کەبۆ بەرگری لەم وشەیە دروستبوونە هەوڵ و خەباتیان بۆ هاتنە مەیدانی ژنان و یەکسانییە، ئەم هەموو لێکدانەوە ناشرینانە و بێسەروبەرانە ناتوانێ جێگەیەکی دروست بۆ ئێوە بگرێ، هەرچەندێ دسەڵاتدارانی زۆنی سەوز و زەرد پشتیگریتان ئەکەن بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان و لە بیرچوونەوەی ئەو دەردەسەری و نەگبەتاییانە کەبەسەر خەڵکیدا ئەهێنن، ئێوە ئەکەن بەداردەستی خۆیان بۆ داپۆشینی ئەو دۆزەخەی دەسەڵات دروستی کردووە، ئێوەش شاگەشکە ئەتانگرێ بەوەی کە دەسەڵاتی سیاسی دەست بە پشتانا ئەهێـــنن.
ئەوەندەی بەئەو ڕووداوانەی بافڵ تاڵەبانی دەگەڕێتەوە بۆ داخستنــی یانە شەوانەکانی سەرچنارو هات و هاواری خەڵک و تەلەفزیۆنەکان بۆ دەستخۆشــی لەو مەسەلەیە، بەڕاستی زۆر سەیرو سەمەرەیە، نەزم و نیزامێ کە خۆی لەشفرۆشی دروستکردووە هەر خۆی چۆن ئەبێ قەدەغەی بکات، لەوەسەیرتر ئەوەیە کە ڕابەرانــی ڕێکخراوە ئیسلامیەکان زۆر بەخۆشحاڵیەوە دەسخۆشـــی لێ ئەکەن، کاتێک سەیری یاساکانی باری کەسێتــی ئەکەی لەوێدا ئافرەت وەکو کاڵایەک وێنا کراوە، ئەوە ڕوونە کە هەر شتێ بووبە کاڵا ئەوا کڕین و فرۆشتنی پێوە ئەکرێ وەکو هەموو کاڵایەکی تر لە بازاڕدا، ئەو یاسایانەش هەیە سەرچاوەکەی لە بیروبۆچوونــی ئیسلامەوە وەرگیراوە، لە ئاینی ئیسلامدا چوار ژن بۆ پیاوێک حەڵاڵ کراوە و لە میراتدا نیو مرۆڤە لە گەواهیدانا دوو ژن بەپیاوێ ئەژمێردرێ.
هەر ئەوانە بە ئاشکرا ئەڵێن ئافرەت کێڵگەی پیاوەو ئەبێ لەژێر سەیتەرەی پیاو دەرنەچــێ، هەر ئافرەتێ بێ دڵی پیاوەکەی بکات ئەوا ئەو شەوە هەفتا هەزار مەلائیکە دێنە خوارەوە و لەعنەتی لێ ئەکەن، کاتێ ئەو هەموو سوکایەتیە بە ئافرەت ئەکرێ و بەکۆیلە و کاڵای ئەزانن، ئەوە ئیتر خۆی ناردنیانە بۆ خانەی لەشفرۆشی، لەهەر لایەکەوە نوزەیەک ئازادی بۆئافرەت بەدی ئەکرێ ئیسلامیەکان کێچ ئەچێتە کەوڵیان و تووشی هیستریا ئەبن، ئەی زەواجی موتعەو مسیار و نیکاح ئەمانە لەشفرۆشی نییە…..!؟
ئەمانە بەکاڵاکردن و کۆیلەکردنی ئافرەتان نییە…!؟
بۆ لەزەتی پیاو..!
ئەمانە لای ئێوە شەرعیە هەر لەبەرئەوەی کە ئێوە دەستی موبارەکتان بەسەریا ئەهێنـــن و ئایەتێکی بۆ ئەخوێنن، ئەمانە گەوجاندنی کۆمەڵانی خەڵکە، ئـەگینا هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ ئەو لەشفرۆشانەدا نییە کە ئێوە قەدەغەیان ئەکەن، ڕەنگە پێتان وابێ بەم قەدەغە کردنە بەر بەلەشفرۆشی ئەگرن، بەڵام باش ئەزانن بەو هەڵسوکەوتە ئەم لەشفرۆشیە کۆتای نایە، ئێوە پێتان ئەڵێن نابێ بەئاشکراو لەجێگەو شوێنی واڵادا ئەم کارە بکەن بڕۆن و بەدزیەوە بیکەن باخەڵک نەتانبینــێ، باش ئەزانن چارەسەرەکە لە قەدەغەکردنیانا نییە، بەڵکو ئەبێ بەیاسا ئەو جیاوازیەی ژن و پیاو نەمێنێ ئەبێ لەیاسای باری کەسێتی ژن و پیاو یەکسان بن ئەمەش بە ئێوە ناکرێ، چونکە ڕیسەکەتان لێ ئەکاتەوە بە خوری، تا ئەو کاتەی پەیوەندیەکانی سەرمایە بمــێنێ و ئافرەت وەکو کۆیلەو کاڵا سەیر بکرێ ئەوە لەشفرۆشی کۆتایی نایەت.