زەمینە ئەخلاقیەکانی فەحشا! … نووسینی: ئیبراهیم حسێن
کەم کەس هەیە لەگەڵ ئەو حوکمە ناکۆک، کە دەڵێ هۆکاری هەبوونی فەحشا ئابوری و دەستەنگی و هەژاری قوربانیانی فەحشایە. واتە ئەوەی کە هەلومەرجی نەداری و بێکاری و بێسەرپەرشتی وا دەکا سەرەنجام توێژێکی ژنی داماوی کۆمەڵگە ناچار بن کە پەنا بۆ ئەوە بەرن کە تایبەتترین و شەخسیترین بەش لە وجودی خۆیان بگۆڕن بە بابەتی کڕین فرۆشتن. بە جۆرە بازاڕ و بیزنسێکی گەورەی شاراوە و ئاشکرای کڕین و فرۆشتن ومامەڵەی فەحشا درووست بێ.
ئەمە ڕەنگە تەنانەت مەلا و ئاخوند و عەمامە بەسەری دینییش قبوڵی بێت، نەک هەر ئێمە. بۆیە پرسیارە گەورەکە ئەوەیە ئایا تەنیا ئەم هۆکارە ئابوریە، تەنیا تەنگدەستی ئابوری قوربانیانی ئەم بیزنسە، هۆکاری دروست بوونی بازاڕی فەحشایە؟
بۆ ئێمە کۆمۆنیستەکان نەخێر تەنیا ئەمە هۆکاری فەحشا و پان و بەرینی ئەو بازاڕ و بیزنسەی فەحشا نییە. بۆ ئێمە فەحشا و بازاڕی گەرمی کڕین و فرۆشتنی فەحشا، ڕووی دوەمی ئەخلاقاتێکی ڕیاکاری باوە، ڕووی دووەمی ئەو ڕیاکاریەیە کە لە پەیوەندی ژن و پیاودایە، لە هەڵسوکەوتێکی ڕیاکارانە ودوڕوانەی کۆمەڵگەی بۆرژوایی دایە. کۆمەڵگە و ئەخلاقیاتێک کە تیایدا پەیوەندی ئازادانەی مرۆڤەکان ئینکار و سەرکۆنە دەکرێ و دانی پێدانانرێ، عەشڤ و عاتیفەی مرۆڤەکان وەک دیاردەیەکی قێزەون و ناحەز پێناسە دەکا، فەحشا دەخوڵقێنێ. ئەو کۆمەڵگە ڕیاکارە، ئەم پەیوەندی و ئەخلاقیاتە ڕیاکارە بە ناچاری هاوزا وهاوتای نا قانونی خۆی کە فەحشایە دەخوڵقێنێ. بۆیە فەحشا ڕووی دووەم و چمکی کۆمەڵگە و ئەخلاقیاتی ڕیاکاری ڕەسمیە. دین گەورەترین زمینەی ئەخلاقی فەحشایە و هەرچی کۆمەڵگە دینی تر و قیچکە تەنگتر بێ لە دان پێدانی پەیوەندی ئازاد و سەر ڕاستی ژن وپیاو بەو ئەندازەیەش نیاز بە قەرەبووکردنەوەی ئەم نەبوونی ئازادییە گەورەتر و فراوانتر دەبێ. هەرچی ئینکارکردن و سەرکۆنەکردنی دینی و قانونی پەیوەندی ئازاد و مرۆڤانە گەورەتر بێ، بازاڕی فەحشا و لەشفرۆشی گەرمتر و ڕیزی کڕیاران وفرۆشیارانی بازاڕی فەحشا زیاتر و فراوانتر دەبن. هەر بۆیە بە ناچاری لەکەناری ئەخلاقیاتی ڕەسمی ڕیاکاردا، لەدەرەوەی خێزان و پەیوەندی خێزانی و شێوەی زەواجی ڕەسمیدا، بازاڕی وەڵامدانەوە بەو نیازە، لە دیوە شاراوە و ناڕەسمیەکەیدا گەورەتر و فراوانتر دەبێ.
مەگەر ئەو هەموو خواستە بۆ کڕین وفرۆشتنی جنس لە کوێوە دێ؟ ئایا ئەگەر کۆمەڵگەیەکی ئازاد هەبوایە تیایدا مرۆڤەکان بیانتوانیابایە بەدەر لەهەر فشار و زۆرێکی ئەخلاقیاتی ڕیاکاری دینی وغەیرە دینی، لە پەیوەندیەکی ئازاد و هاوسەنگی مرۆڤانەدا بژین، ئایا نیازێکی لەوجۆرە لە بنەڕەتەوە دروست دەبوو تا بکرێ بیزنسی فەحشا و بازاڕی کڕین وفرۆشتن و مامەڵە پێکردنی بۆ دروست بێ؟ ئەگەرنا دەلیلی فەحشا لەئاستی هەرە باڵای چینی دەسەڵاتداردا چیە؟
بۆیە ڕەخنەی فەحشا، ڕەخنەی ئەم ئەخلاقیاتە ڕیاکارەشە کە فەحشا دەخوڵقێنێ و بە هەزار شێواز، ڕەسمی و ناڕەسمی، دینی و غەیرە دینی پاساوی بۆ دەهێنێتەوە و وەکو ڕوی دووەم و تەواوکەری خۆی بەرهەمی دەهێنێتەوە. ڕەخنەی فەحشا ڕەخنەی ئادیۆلۆژیایەکی دینیە کە پەیوەندی ئازادی نێوان مرۆڤەکان بە ترسناک و تێکدەر و وێرانکەر دەناسێنێ، کەچی هەتککردنی منداڵانی کچ بە ناوی زەواجەوە دەکاتە شەرعی؟ سەنگەسار ودەست و پێ دەبڕێتەوە لەسەر پەیوەندی ئازاد لەم دنیایە و مرۆڤی داماو گیرۆدە بوو بە خۆی دەگۆڕێ بە دوژمنی هەموو خۆشی و شادی و هەموو ئازادیەک و دەیانگۆڕێ به دڵڕەقترین دڕندەی کوشتن و بڕین و تەنانەت سەربڕینی ئەوانەی وەک ئەوان بیرناکەنەوە، کەچی وەعدەی جنس و ڕابواردنی بێ پایان و بەکۆمەڵیان پێدەدا لەو دنیا. زواجی میسیار و موتعە و سیغە و فرەژنی کە فەحشایەکی یەکسەرەی دینیە، بەڕەسمی دەناسێ کەچی ئازادی هەڵبژاردن، ژیانی ئازاد و مرۆڤانەی لەم دنیا بە سەنگەسار و کوشتن و لەودنیا بە دۆزەخ و ئاگر و غەزەب وەڵام دەداتەوە.
تەنیا یەک جوڵانەوەی ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتی، جوڵانەوەی کۆمەڵایەتی کرێکارە کە دەتوانێ لە ڕیشەی فەحشا و لەشفرۆشی بدا. جوڵانەوەیەک کە چەوسانەوە و کۆیلایەتی کاری بەکرێ و پەیوەندە نا یەکسانەکانی ئێستا لەڕیشە دەردێنێ، هەر بەو مانایەش بەشێوەی مرۆڤ ئازاد دەکا و لەخۆ بێگانەبوونی مرۆڤەکان کۆتایی پێدێنێ و مرۆڤ دەکاتە خاوەنی چارەنوسی ژیانی خۆی. کۆمەڵگەی ئازاد و مرۆڤایەتیەک کە لە مەجبوری و داماوی ڕزگاری بووە، لە لەخۆبێگانەیی و لە زەخت و زۆری هێزە دەرەکیەکان، لەموڵکایەتی و پارە و نیاز ڕزگاری بووە، پێویستی بە ئەخلاقیاتی ڕیاکارانەو فەرهەنگ و ئایدیۆلۆژیای ڕیکارانە، نییە. پێویستی بەکڕین و فرۆشتنی هیچ شتێک نییە چ جای ڕۆح و لەش و تایبەتیترین بەشی وجودی خۆی.
٢٦/١٢/٢٠٢٢