جێندەر و چەواشەکاری ئیسلامی سیاسی و سەلەفی!؟ … سەردار عەبدوڵا حەمە
ماوەیەکە جەدەلی نێوان بەشێکی سکۆلاریستەکانی کوردستان و بەشێکی لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی وسەلەفی بەردەوامە و تا ئێستا وەک دوولای دژ بەیەک ڕاوەستاون لەسەر ئەم بابەتە.
جێندەر gender خۆی وشەیەکی ئینگلیزییە ڕێک بە مانای ڕەگەزی مرۆڤ دێت و لەو وڵاتانەی زمانیان ئینگلیزیە لە دایرەو قوتابخانەکان بەکار دێت، بەڵام بەشێکی ڕابەران ومەلاکانی ئیسلامی سیاسی وسەلەفی وەک پیشەی هەمیشەیان مانای ئەم وشەیەیان گۆڕیوە بۆ (هاوڕەگەزخوازی) لە کاتێکا وشەی بەرانبەر ئەمە Homosexuel.
ئیتر هاوار دەکەن و قسەی لەسەر دەکەن گوایا هەرکەس باسی ئازادی جێندەری کرد ئەوە هاوڕەگەزخوازە و بێ ئەخلاقە ئیتر ئەوە خێزان تێک ئەدا و دژی کولتورەو هتد .
ئازادی جێندەری بە مانای ئەوە دێت هیچ کەس مافخوراو نەبێ لەسەر ڕەگەزەکەی ئیتر نێرە یامێ یە لەڕووی مافە کۆمەڵایەتی وئابوری وسیاسی وفەرهەنگییەکانیەوە یەکسان بن و ئەنجا لە ڕووی سێکس وخۆشەویستیشەوە ئازاد ویەکسان بن بەمەرجێ لەسەرووی ١٦ ساڵەوە بن. ئازاد بن لە ڕووی پێکهێنانی خێزان وهاوژینی. نابێ کچی منداڵی ٦-٩ ساڵان هاوسەرگیری پێ بکرێ نابێ کچ یا کوڕی خوار ١٦ ساڵ هاوسەرگیری پێ بکرێ بەتایبەت لەگەڵ کەسە بەتەمەنەکاندا، نابێ فرە ژنی و زەواجی متعەو سیغە و لەشفرۆشی هەبێ و نابێ ژن لەسەر ناموس بکوژرێ یا ئازاری بدرێ وسووکایەتی پێ بکرێ. نابێ توندوتیژی و سووکایەتی هەبێ لەبەرانبەر ژن یا پیاو بەبیانووی جۆراوجۆر نابێ ژن بەهۆی جیاوازی پێکهاتەی لەشی یەوە مافی یەکسانی نەبێ لەگەڵ پیاو لە بوارە ئابوری وکۆمەڵایەتی وسیاسییەکانەوە و لە بواری خوێندن وەرزش و هونەرەوە ..هتد ئەمەیە مانای ئازادی جێندەری. چاولێ کردنی ژن وەک ئینسان ئەو شتەیە کە ئیسلامیەکان تووڕە دەکات لە بەرانبەر سکۆلاریست وچەپ و کۆمۆنیستەکاندا، چونکە ئیسلامیەکان ژن بە کەم عەقل و زەعیف دەزانن بۆیە نابێ وەک ئینسان چاوی لێ بکرێن و مافی ئینسانیان هەبێت، بەڵام کۆمۆنیست وسکۆلاتیستەکان پێداگرن لەسەر بە ئینسان بوونی ژن ویەکسانیان لەگەڵ پیاو. ئەگەر ئەمە بەدەست بێ پایەی خورافاتەکەی ئەوان دەڕووخێ ئەوان ئەو ڕاستیە چاک دەزانن بۆیە بەهەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن کارو چالاکی لەم پێناوەدا قەدەغە بکەن. ئەگەر خۆیان دەسەڵاتیان هەبێ دەیکەن وەک لەئەفغانستانی ژێر دەستی تاڵەبان و جمهوری ئیسلامی ئێران دەکرێ یا وەک ئەوەی لە کوردستان بە باڤڵ تاڵەبانی دەیکەن (دیارە ئەویش لەم کاتەدا پێویستی بەوەیە چونکە حیزبەکەی زیاتر پێوستی بەدەنگ هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەوە دەزانێ ڕووبەڕووی شکستێکی گەورەیە لەبەرانبەر پارتیدا ).
ئەوان دەڵێن وشەی جێندەر بیانیە نابێ بێتە ناو کولتوری کوردیەوە. ئایا وشە عەرەبیەکانی ئێوە هێناوتانە ناو کولتوری کوردیەوە بیانی نییە؟ ئێوە خەمی کولتوری کوردیتان نییە، بەڵکو خەمی لەدەست چوونی کولتوری نەزانی وناهۆشیاری و خورافەن .
یا دەڵێن ئەوانەی باسی جێندەر دەکەن دەیانەوێ کولتوری کوردی موسڵمان تێک بدەن و لەشفرۆشی بڵاوبکەنەوە وخێزان هەڵوەشێنەوە هاوسەرگیری نێرو نێر ومێ و مێ بێننە ناو کوڵتوری کوردیەوە!؟. لەمەشدا درۆ دەکەن هیچ کەس ئەوەی نەووتووە یەک بەڵگەشتان نییە لەسەر ئەو قسەیە. ئەمە چەواشەکاریە فریودەرانەیە بۆچی؟ چونکە بەرگریکردن لە ئازادی و یەکسانی جێندەرەکان ناکاتە هەڵوەشانەوەی خێزان و هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازەکان و بڵاوکردنەوەی لەشفرۆشی. لەشفرۆشی دیاردەیەکی ئەو سیستەمە سەرمایەداریەیە کەخۆشتان ناتانەوێ نەمێنێ یا هەر خۆتان لەشفرۆشی لە ڕێگای فرە ژنی و مارەیی و زەواجی مسیارو ومتعەوە برەو پێ دەدەن و هێناوتانە ناو کولتوری کوردیەوە، ئەوە ئێوەن لەشفرۆشی بڵاودەکەنەوە و هۆکارن بۆ لەشفرۆشی ژنان .
کاتێ من دەمەوێ هیچ کەس لە ڕووی جەندەریەوە نەچەوسێتەوە ومافی نەخورێ هەروەک ئەوەیە هیچ کەس لە سەر ئیسلام بوونی یا هەڵگری هەردینێک و ناسنامەی هەر نەتەوەو نەژادو ڕەنگی هەرجۆرە پێستێ بێ مافی نەخورێ ونەچەوسێتەوە. لەکاتێکا من خۆم نە دیندارم و نەکەسێکم سەر بەدینی مەسیحی وجولەکەم و نەڕەشپێستم و نە لەنەتەوەیەکی ترم، بەڵام دەمەوێ هەموو ئەم کەسە جیاوازانە مافی ئازادو یەکسانیان هەبێ بێ جیاوازی. خۆ ناکرێ من خۆم چۆنم وچۆنم بوێ بەئیجباری هەمووی وەک خۆم لێ بکەم هەروەک ئەوەی ئیسلامی سیاسی وسەلەفی دەیەوێ ئەنجامی بدات.
بەرگری کردن لە مافی جێندرەکان یابڵیم لە مافی ژنان و پیاوان بەو مانایە نییە من ڕەگەزخواز بم و دەمەوێ خێزان هەڵوەشێنمەوە، ئەوەی من بناسێت دەزانێ من لایەنگری هاوڕەگەز خوازی نیم بگرە بەباشیشی نازانم من کۆمۆنیستم، نەوەی مارکس و لینین و مەنسورحیکمەتم کە خۆیان خاوەن خێزان و منداڵ بوون، بەڵام باوەڕم وایە هیچ کەس نابێ مافی ئینسانی پێشێل بکرێ لەبەر ئەوەی خۆی جۆرێکی تر لە ژیان بۆ خۆی هەڵ ئەبژێرێ کە جیاوازە لە ژیانی من .
ئازادی تاک زۆر پێویستە بۆ گەشەی کۆمەڵگە و پێشکەوتنی لە ڕووی زانستی وداهێنانەوە ئەم مافانە بە درێژایی زیاتر لە چواردە سەدە لە کۆمەڵگە ئیسلامیەکاندا نییە بۆیە هیچ گەشەیەک لەو چواچێوە جوگرافیەدا نابینرێ و جەهالەت ونەخوێندەواریش زاڵە بەسەریدا. بەپێچەوانەوە ئەو کۆمەڵگەیانەش ئازادی تاکی تێدا زیاترە داهێنانە زانستییەکان هەمووی لەوێدا دەکرێن کە کۆمەڵگەکانی ئێمە قەرزاری ئەوانن. فەلەک ناسی و کارەبا، ئۆتۆمبیل، دەرمان، ئەنتەرنێت وئایفۆن وکۆمپیتەر زۆر شتی تر کە ئێمە لە ژیاندا بە کاری دێنین داهێنان ودروستکراوی ئەوانن، چونکە ئازادی تاڕادەیەک لەوێدا هەیە وەک ئازادی ژن وپیاو خۆشەویستی وپەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و ئازادی بیروڕا وعەقیدە و دین وبێدینی تاڕادەیەکی باش ئازادی جێندەرییش هەیە .
ئەم دەسکەوتانەی لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوادا بەدەست هاتوون لەڕووی ماف و ئازادیەکانەوە بەرهەمی سیستەمی سەرمایەداری ڕۆژئاواو ئیمپریالیزم نییە، بەڵکو دەسکەوتی خەبات وتێکۆشانی چینی کرێکارو وچەپ وکۆمۆنیست وئازادیخوازو ڕۆشنبیران و فەیلەسوف و سکۆلاریستەکانن کە سەرەتای ئەو خەباتە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەراست لە ڕێنسانسەوە واتە لە ڕاپەرینی ئەوروپاوە دەستی پێکردووە کەدژ بە دەسەڵاتی کلیسا و ئایینی مەسیحی بوو تاشۆڕشی گەورەی فەرنسا و وە هەروەها هەردوو شۆڕشی پڕۆلیتاری شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس و شۆڕشی ئۆکتۆبەر کەدینیان لە دەولەت جیاکردەوە. لە ئەنجامدا مرۆڤایەتی توانی ئەم کۆمەڵە دەسکەوت و مافانە بەدەست بێنێ کە لەدونیای ڕۆژئاوادا هەن و بوونەتە مافی بێئەملاوئەولای خەڵک .
ئەم جوڵانەوەیە هێشتا بەردەوامی هەیە بۆ دەسکەوتی زیاتر چ لەدونیای ڕۆژئاواو چ لە وڵاتانی ئاسیاو ئەفەریقاش وە لە نێویاندا ئەو وڵاتانەش کە دەسەلاتی دینی وئیسلامی بەسەریاندا زاڵە. لەسعودیە و قەتەر وئیمارات بەشێک لەو دەسکەوتانە بەدەست هاتوون و خەڵکی ئێرانیش دەیانەوێ بەڕاپەڕین و شۆڕش ئەو ڕژێمە بڕووخێنن کەدژی ئەم ماف وئازادیانەیە و تا ئێستا توانیویانە چەند دەسکەوت بەدەست بێنن وەک هەڵوەشانەوەی پۆلیسی ئەخلاق ودەرکردنی نوێنەری ئەو ڕژێمە لە کۆمسیۆنی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان .
لە کوردستانی باشوریش جوڵانەوە بۆ بەدەست هێنانی ماف وئازادییەکان لە ئێستادا بەهۆی کاریگەری گۆڕانکاریەکانی ئێران و ناوچەکە زیادی کردووە هەر ئەمەشە ئیسلامی وسەلەفیەکان ودەسەڵاتی کوردایەتیشی هەراسان کردووە وەک دەسەڵاتی سەدەکانی ناوەراستی ئەوروپا دەستیان داوەتە سەرکوتی ئەم جووڵانەوەیە بەڵام هەروەک چۆن ئەوروپا سەرکەوت هەرئاواش خەڵکی کرێکارو کۆمۆنیست وسکۆلاریست وچەپ ئازادیخوازانی کوردستانیش سەردەکەون، ئەوە حوکمی مێژووە دەبێ و ئیمکانی هەیە. بەڵام بۆ ئەوەی زووتر و زیاتر کەرامەتی ئینسان و مافی ڕەگەزی وجێندەری بەدەست بێت شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بە ڕابەڕی چینی کرێکار وخەلکی هەژارو چەوساوەو مافخوراو پێویستە. هەرکەس لایەنگری دەسکەوتە جێندەریەکان و ماف وئازادیەکانە دەبێ کار لەسەر ئەم شۆڕشە بکات ئەم شۆڕشەش شۆڕشی سۆشیالیستیەو کە سەرجەم دوژمنانی ئینسانیەت ڕادەماڵێت.
٢٠٢٢/١٢/٢٤