یەکێتی دوسەرەی کوردایەتی وئیسلامی سیاسی… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

ئیسلامی سیاسی و کوردایەتی دوو جوڵانەوەی کۆنەپەرستی بۆرژوایین کە ئەمڕۆ بەکردەوە، نەفەس و خولیای ژیانی ئازاد و خۆشبەختیان، لەسینەی هاوڵایانیدا خنکاندوە. دوو جوڵانەوە کە یەکیان بەڕەسمی لەدەسەڵاتدایە و دووەمیان لە سێبەریدا دەلەوەڕێ. یەکێکیان لەبەرامبەر هەر دەرکەوتنێکی شەرافەتمەندانەی کرێکاران وبێبەشان و ئازادخوازیدا، چەک و گەللەی میلیشیا، بۆ شەقامەکان قاو دەدا و زیندانی دەکا و شار بەدەر دەکا و دادگای کارتۆنی و فەرمایشی و فەرمانی قەرقوشی دەردەکا و دووەمیان، لە دژی هەر دەرکەوتنێکی جوانی و شادیەکدا لە دژی هەر نەفەسێکی ئازاد و ڕادیکاڵدا، دەکەوێتە سەر پاشو، دەمی کەف دەکا و فەتوا دەدا و تەکفیر دەکا و دەکەوێتە تۆقاندنی ئەخلاقی و مەعنەوی چەپ و ئازادیخوازی، ژنان و مەدەنیەتی کۆمەڵگە. یەکێکیان لەو بەدبەختیە چینایەتیەی کە خوڵقاندویەتی، دەرفەتی کار و ژیانێکی شکۆمەندانە و شایستە بەسەر هەزاران گەنج و ژن و لاو دادەخا و کۆمەڵگەیەکی داوەشاوی خاڵی لە ئومێد، خاڵی لە شادی و پەست دروست دەکا، دووەمیان لەسەری دەلەوەڕێ، دەکەوێتە ڕاوکردن لەناو زۆنگاوی ئەو شێوە ژیانە نائومێدەکەرەی کوردایەتی دروستیکردوە. یەکەمیان لێشاوی گەنج و لاوی خانەوادە کرێکار و زەحمەتکێشەکان بە دیار دەرفەتی کارێک دۆش داماو دەکا، وا دەکا هەزارەها خانەوادە کرێچی بن و بەردەوام لە کابوسی ئەوەدا بژین کە ئاخۆ ئەو مانگە و مانگی داهاتوش دەتوانن ئابڕومەندانە حەقی مانەوەیان لەو چوار دیوارە و لەژێر ئەو سەقفه بدەن یان دەبێ بکەونە هەوڵی دۆزینەوەی چوار دیوار و سەقفێکی تر. دووەمیان  تۆڕی هەزار سەرەی مێشک شۆرینی ئیسلامی فڕێ دەدا، هەمان ئەو کرێکار و زەحمەتکێشە دەردەدارە هان دەدا لە دژی ژیان و خۆشی، فێریان دەکا نەک هەر لە ژیان بتۆرێن، بەڵکو بیانگۆڕێ بە دوژمنی هەر شتێک کە بۆنی خۆشەویستی ژیان و خۆشبەختی و ئازادی لێدێ. یەکەمیان تۆڕی بازرگانی فەحشا و تلیاک و هێرۆین و هتد ڕێکدەخا و دووەمیان، فەحشای دینی و میسیار و موتعە و فرەژنی و فەتوا لەدژی ژیان و ژن و مەدەنیەت و ئازادی. لە کوردستانی گیرۆدەی دەستی ئەم بزوتنەوە کۆنەپەرستە، تەنیا مەلهاکان و بازاڕی حەشیش و تلیاک و فەحشای شاراوە و ئاشکرا نییە کە جمەیان دێ، بەڵکو بازاڕی ڕاوکردنی عەقل و ئیرادەی گەنج و ژنی ئەو کۆمەڵگەیە کە سیمسارەکانی عبدالواحید و عبدول لەتیف و حاجی کاروانەکانن جمەی دێ. ئەو دوو بازاڕه به یەکەوە و لەگەڵ هەن و لازم و مەلزومی یەکترن. ئەگەر ئەو هەموو گەنج و لاو و ژن و مرۆڤە، ئەسیری ئیسلامی سیاسی نەبایە، عبدولەتیف و حاجی کاروان و مەلا هەڵۆکان ئەوەندە دەست ئاواڵا نەبان کە هەر کارێک کە بیانەوێ بە زەین و هۆشی مرۆڤی بکەن، کوردایەتی و دەسەڵاتی کوردایەتی و ئەو بەدبەختیەی ئەمڕۆ، ئەوەندە بە ئاسانی قبوڵ نەدەکرا. لەلایەکی تریشەوە، ئەگەر دەسەڵاتی کوردایەتی و ئەو بەدبەختیەی ژێر حاکمیەتی کوردایەتی نەبایە و ئەگەر دەسەڵاتێکی ئازاد هەبایە کە ژیان و کەرامەت وسەلامەتی ڕۆحی و ئازادی مرۆڤ لەم دەستدرێژی ئەو باندە سیاسیە دینی و قەومیە بپارێزێ، دوکانی ئەو باندە ڕەشە دینی و ئیسلامیە سیاسیە ئەوەندە گەرم نەدەبوو. مرۆڤ ئازادتر دەبوو، حورمەتی مرۆڤ پڕ بەهاتر دەبوو، ئازادی مرۆڤ پیرۆزتر و ڕاوەستاوتر دەبوو. ژیان جوانتر ودڵبەستن بە ژیان هەزاران هەزار بەرابەری ئێستا دەبوو. ئەو کات ئەو مرۆڤایەتیە ئازادە کە ئێستا لەلایەن ئەو دوو کۆنەپەرستییە ژیانی ئازادی لێ زەوتکراوە، دەیتوانی کۆمەڵگەی ئازادی خۆی دروست بکا. ژیانی سیاسی کۆمەڵایەتی خۆی، تەنروستی و پەروەردە و خوێندن و فێرکردن و جادە و بان و پارک ونەحۆشخانەکانی خۆی بە جوانترین شێوە ڕێکخاتەوە. ئەوکات پێویستی نەدەکرد کەس کرێچی بێ، پێویستی نەدەکرد کەس بێکار بێ، پێویستی نەدەکرد کەس بۆ دۆزینەوەی درفەتێکی باشتری ژیان لە شۆنێکی تر لە دەریا و چۆڵەوانیەکان بدا. پێویستی نەدەکرد کەس لە ناچاری چەکی ئەم دارودەستەی کوردایەتی هەڵبگرێ. پێویستی نەدەکرد بە خەیاڵی حەفتاوحەوت حۆری و شەرابەن تەهور، بکەوێتە چنگی باندی سیاسی ئیسلامیەوە.

ئەو ئاگرەی کە لە ئێران خەریکە دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی دەڕۆخێنێ و ئاسۆی شۆڕشێکی تر لە ئێران دەنەخشێنێ،  بە دەرەجەی یەکەم  زەمینی ژێر پێی کەچە و کوچەی ئیسلامی کوردستان و دیکتاتۆریەتی داماوی کوردایەتی داغ دەکا. دوو جوڵانەوە کە یەکیان لەسەرەوە و ئەوەی تریان لە خوارەوە، خەریکن ئەو کۆمەڵگەیە دەدۆشن، خەریکن خێر و بێر و ئیمکاناتی ئەو کۆمەڵگەیە، هەڵدەلوشن و یاری بە مقدەراتیان دەکەن، بێ یەکتر نامێننەوە. هێز لەیەکتر وەردەگرن و هێز بە قەرز بە یەکتر دەدەن و هەر تۆفانێکی ڕادیکاڵ لە ناوچەکەدا  وا دەکا باوەڕ بە پێویستی ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی ئەو دوو بزوتنەوە پوچە بۆرژوازیە بباتە ئاستێکی بەرزتر. بۆیە ئەو دوو جوڵانەوەیە ئەگەر بە یەکەوە لەدایک بوون و بە یەکەوە ئەو بەدبەختیە سیاسی و کۆمەڵایەتیە سەرتاپاگیرەیان خوڵقاند، بە یەکیشەوە ناچارن ڕووبەڕووی قەدەری تۆفانەکانی داهاتوو ببنەوە.

۲٤.۱۲.۲۰۲۲

Leave A Reply

Your email address will not be published.