مەلهاکانی کوردایەتی و مەلهاکانی ئیسلامی سیاسی! … نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

بڕیاری داخستنی  مەلهاکانی سلێمانی کە بەشێکە لە زنجیرەی کاروکەسابەتی بازرگانانی ژێرپارێزبەندی ئەوان لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە، لە چەند لاوە جێگەی سەرنجە. یەکەمیان ئەوەیە کە ئەوە هاوکاتی پەلاماری گەلەی ئیسلامیە بۆ سەر ژنان و هەڵسوڕاوانی جوڵانەوەی ژن و مەدەنیەت لە کوردستان و دووەمیشیان هاوکاتە لەگەڵ پەلەماری جوڵانەوەی سکولار لە ئێران کە دەیەوێ کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی سەرنگون بکات.

لەکەس شاراوە نییە مەلهاکان، بیزنسێکی پڕکار و کەسب و سەرچاوەیەکی گەورەی سامان وسەرمایە کۆکردنەوەی تۆڕی بازرگانان و سیسمارەکانی بازرگانانی بازاڕی فەحشابوون کە بە هەزار و یەک ڕایەڵ سەریان بە بەر پرسانی پلە یەک و دوی حیزبەکانی کوردایەتیەوە، بە یەکێتی و پارتیەوە بەندە. بە مانایەکی تر بازرگانی فەحشا ڕاستەخۆ و لە ئاستێکی زۆر باڵا دا لە ژێر سایەی ئەوان خۆیان، بەڕێچوە و بەڕێوە دەچێ، هەروەک هەموو بازرگانیەکانی تر، هەروەک بازرگانیکردن بە تریاک و حەشیش و داو و دەرمان و خۆراکی بەسەرچوو.

 موحیدەکانی بۆرژوازی کورد و دەسەڵاتە خۆجێێەکانی زۆنی سەوز و زەرد کە ڕێکخەری بازاڕی فەحشای شاراوە و ئاشکرابوون و تا ئێستا ئامادە نەبوون ئەو جۆرە فەحشایە، بزنسی فەحشا بە قازانجی فەحشای ئیسلامی، بە قازانجی چوار پێنج ژنە و زواجی موتعە و سیغە و میسیار بەرتەسک بکەن و بە ڕەسمی قەدەغەی بکەن، چی وایکردوە کە ئێستا لەو هەلومەرجەدا ئەو کارە بکەن؟ ئایا ئەوە تەسلیم بوونێکی تری کوردایەتیە بە ئیسلامی سیاسی؟ یان کابوسێکی تر لە ئارادایە کە وایکردوە کە بەشە ناسیونالیستەکەی بۆرژوازی کە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی لەدەستدایە، بیەوێ ئەم کۆنتڕوڵکردنی بازاڕی فەحشایەی، هاودەست لەگەڵ بەشە ئیسلامیەکەیدا، بگۆڕێ بە بەهانەی دەستپێکردنی هێرش و پەلامارێکی کۆنەپەرستانە، لە دژی کۆمەڵگە؟

مەسەلەکە ئەوەندەی سیاسیە، ئابوری نییە، ئەگەر مەسەلەکە ئابوری بوایە هەرگیز ئامادە نەدەبوون کە دەستبەرن بۆ بازاڕ و بیزنسی فەحشاکەیان. بەڵام بومەلەرزەیەکی سیاسی کە خەریکە ناوچەکە دەکاتەوە، وا دەکا مەسەلەی چارەنوسی سیاسی بکاتە ژمارە یەک لەچاو بەرژەوەندی ئابوری دیاریکراو و بیزنسێکی دیاریکراو. مەسەلەکە ئەوەیە زەمین لەرزەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سکولار لەدژی دین و حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی لە ئارادایە کە بە هەر سەرکەوتنێکی دەتوانێ دەسەڵات و فەلسەفەی بوونی ئەو هێزانە، بێ مانا بکات.

هەر ئەوکابوس و ترسەیە وایکردوە، یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی کە تا دوێنێ پۆزی سەرکەوتنەکانی خەڵکی کۆبانێیان لە دژی داعش و گەلەی ئیسلامی لێدەدا، ئەمڕۆ لە پاڵ ئیسلامی سیاسی هەمان ئەو بازاڕی فەحشایەی کە خوڵقاوی خۆیان و ئەو کۆمەڵگەیەیە کە دروستیان کردوە بگۆڕن بە بەهانە بۆ پەلامارێکی کۆنەپەرستانە لەدژی کۆمەڵگە، لە دژی ژن و مەدەنیەت.

۲۳.۱۲.۲۰۲۲

Leave A Reply

Your email address will not be published.