هەڵوەشاندنەوەی “پۆلیسی مۆراڵ” و نۆشینی ژەهر! …. عەبدوڵا مەحمود

0

دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ نەفرەت و ناڕەزایەتی بزوتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژنان لە حجابی زۆرەملێی ئیسلامی، وەکو پایەیەکی بەرجەستەو تایبەتمەندیەکی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایە لە ئێراندا، و دوای زیاتر لە دوو مانگ لە وەڕێکەوتنی بزوتنەوەیەکی شۆرشگێرانەو ڕاپەرینی شکۆدار، دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی” پۆلیسی مۆراڵی” دا.

بریاری هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی مۆرال، ڕاستەوخۆ یان ناراستەخۆ یانی کۆتاییهێنان بە حجابی زۆرە ملێی ژنان. ئەم بڕیارەی جمهوری ئیسلامی تاکتیکی بێت یان نا، کاتی بێت یان مانۆر. ڕێگاو کەناڵێک بێت بۆ خاوکردنەوەی بزوتنەوەی نارەزایەتی لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتی سەرمایە لە ئێراندا، کە مەلاکان نوێنەرایەتی دەکەن، هیچ لەو راستیە ناگۆرێت، کە لەناو دڵی بزوتنەوەی روخاندنی رژێمی جمهوری ئیسلامیدا، یەکێک لە داخوازییەکانی کۆمەڵگە بەشێوەی گشتی و ژنان بەتایبەتی، وەدیهات.

کۆتاییهێنان و هەڵوەشاندنەوەی “پۆلیسی مۆراڵ” بۆ دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی، نۆشینی پەرداخی ژەهرە. ئەگەر دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی بۆ سەرکوتی شۆرشی ساڵی ١٩٧٩ ئیران، دەستی بۆ جەنگ برد و دوای هەشت ساڵ لە جەنگێکی ماڵوێرانکەر ناچار بوو کۆتایی بەجەنگ لەگەڵ عێراق بهێنێ. ئەوکات خومەینی رای گەیاند بریاری کۆتاییهێنان بەجەنگ خواردنەوەی جامی ژەهرە و ناچار بوو بینۆشێت، ئەوا ئەمجارە لەژێر گوشاری بزوتنەوەی شۆرشگێرانەو راپەرینی جەماوەیدا ناچار بوون یاسای حجابی زۆرەملێی ئیسلامی هەڵبوەشێنەوە، و دوبارە جامی ژەهرێکی تر بنۆشن، بەڵام نۆشینی جامی ژەهری ئەمجارە لە بەرامبەر دوژمنێکی دەرەکی نییە، بەڵكو نۆشینی جامی ژەهرە لە جەنگی چینایەتی و ناوخۆیدا، لە جەنگکێدا کە لەلایەکەوە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و جەماوەری ستەمدیدە وەستاون لەلایەکی تریشەوە دەسەڵاتی نەنگینی سەرمایە لە ئێراندا.

گومان لەوەدا نییە هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی مۆراڵ دەستکەوت و بەرهەمی راستەخۆی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانە و راپەرینی جەماوەریی و رۆڵی پێشرەوانەی ژنانە لەو بزوتنەوەیەدا. ئەمەش تەنها دەستکەوتێکی کەم یان لاوەکی نییە، بەڵکو ئاڵوگۆرێکی یەکجار بنەرەتی لە گۆڕانی هاوسەنگی هێزی نێوان بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی ئیرانە لەگەڵ دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی پێک دەهێنێت. حجابی ئیسلامی هاوشان لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی جمهوری دەستی پێکرد، هەڵوەشاندنەوەشی سەرەتایی راگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەو دەسەڵاتەیە.

دیارە هەڵوەشاندنەوەی “پۆلیسی مۆراڵ” و بریاری حجابی ئیسلامی و تەنانەت روخاندنی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی، خواستی زۆرێک لە بزوتنەوە کۆمەلایەتی و سیاسییەکان و حزب و لایەنە سیاسیەکانی سەر گۆرەپانی ئیران بووەو هەیە، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی حجابی زۆرەملێ، وەکو دەستکەوتی هەموو ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیانە وێنا بکرێت. زۆربەی هەرەزۆری بزوتنەوە سیاسی و کۆمەلایەتییە بۆرژوازییەکان و حزب و لایەنە سیاسیەکانیان، روخاندنی جمهوری ئیسلامیان لە رێگای شۆرشی لەخوارەوەی جەماوەرەوە ناوێت و بەدوای ئەوەوە بوون یان لە رێگای خۆبەستنەوە بە ئەمریکاو غەرب و یان بە ئاڵوگۆری لەسەرەوە دەسەڵاتی جمهور ئیسلامی کەنار بخرێت و خۆیان جێگەی بگرنەوە و دواتریش هەندیك ریفۆرم لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و حقوقی و فەردی ویاسایی وەکو ناسنامەی پێشکەوتنخوازی بدەن لە بەرۆکیان… ئەوەی ئێستا روودەدات و جمهوری ئیسلامی ناچارە و ناچارتر دەبێت، پاشەکشە لە یاساو ڕیسا ئیسلامیەکان بکات و بریاری چاوخشاندنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی یاساو بریاری تر دەست بۆ ببات بەرهەمی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی لەخوارەوەی جەماوەری و ڕاپەرین و پەیامەکانی بەر لەشۆرشە، کە هەڵگری چەغماغەدانی پشکۆکانی شۆرشە.

چ بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و چ بزوتنەوەی ناسیونالیستی عەزەمەت تەڵەبی ئیرانی، لەهەر بەرگ و قیافەیەکدا بیانەوێت بریاری هەڵوەشانەوەی “پۆلیسی مۆراڵ” وەکو بەرهەم و رۆڵی خۆیان نیشان بدەن، دەبێ بەتوندی وەڵام وەربگرنەوە. بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد پێویست بەخستنە رووی رۆڵی دژە ژنیان زۆری پێویست نییەو کارنامەی ٣٠ ساڵەی دەسەڵاتی بۆرژاوازی کورد، بەکردەوە دژایەتی لە چارەنەهاتووی دژی ژن و مافەکانی خستۆتە ڕوو. بزوتنەوەی ناسیونالیست و عەزەمەت تەڵەبی ئیرانیش، کە هەموو ئومێد و سیاسەتی خۆی بە خۆبەستنەوە بە ئەمریکاو غەرب و بە ئاڵوگۆر لەسەرەو بیناکردووە، نیشانەی دژایەتی بەرجەستەیەتی بۆ گیڕانی رۆڵی ژن و مافەکانی… هێزو حزبێکی سیاسی کە شۆرش و راپەرینی لەخوارەوەی جەماوەری و هەلومەرجی شۆرشگێرانە، ناتەبا بێت بە ئاسۆی سیاسی و نەریتی هەلسوڕانی بۆ ئاڵوگۆری سیاسی ناتوانیت هیزو پشتیوانی ژنان و خەباتەکەیان بێت… بەتایبەتی کە رزگاری ژنان و مافەکانی راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە زاڵ بوونی ژینگەی شۆرشگێرانە و ئامادەیی بزوتنەوە رادیکاڵ و شۆرشگێرەکان. ئەزموونی بەرجەستە لەوبارەیەوە هەیە. لە هەر ولات و کۆمەڵگەیەکدا، کەشی دواکەتوویی ئامادەیی هەبێت و ‌هێزە کۆنەپەرستەکان باڵادەست بن، جێگایەکی دیار بۆ رۆڵی ژنان و بزوتنەوەکەیان بوونی نییە.

ئەوەی ئێستا لە ئێراندا ژنان بەوێنەی نوکەرمی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی دەرکەوتوون، ریشەی لە کەش و ژینگەی شۆرشگێرانەدایە و ژنانیش ئەم ژینگەو کەشە شۆرشگێرانەیان، بەرجەستەتر کردووە. هەڵوەشاندنەوەی بریاری حجابی زۆرە ملێ، لە لایەکەوە بەرهەمی پشو درێژی بزوتنەوەی شۆشگێرانەو ڕاپەرینە و لەلایەکی تیشەوە بەرهەمی خۆنواندنی ژنان لەم ڕاپەرین و بزوتنەوە شۆرشگێرانەیەدایە. دیارە بەشداری بەرجەستەی ژنان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەهەر جوڵانەوە و ڕاپەڕین و شۆرشێکدا، ماهیەتی ئەو شۆرشە دەخاتە ڕوو. دەتوانین بەشداری ژنان بکەینە پێوانە بۆ پێشکەوتنخوازبوون و شۆرشگێربوونی هەر بزوتنەوەیەکی شۆرشگێرانە. ئامادەنەبوونی رۆلی بەرجەستەی ژنان لەهەر بزوتنەوەو راپەرینیكدا، نیشانەیەکی ئاشکرای کۆنەپەرست بوون و دواکەتووی ئەو ئەو بزوتنەوە و ڕاپەرینەیە.

بزوتنەوەی ژنان، لەناو بزوتنەوەیەکی فراوانی کۆمەڵایەتی و شۆرشگێرانە و سەراسەریدا، یەکیك لە روکنەکانی دەسەڵاتی داسەپاوی جمهوری ئیسلامیان لە ئیراندا، کە حجابی زۆرە ملێ بوو، بەسەریەکدا داڕماند، ئەوە پێشرەیەکی بێ گەرانەوەی بزوتنەوەی شۆرشگێرانە لە ئیران و کاریگەری راستەوخۆشی لەسەر سەرجەم بزوتنەوە ژنانە پیشکەوتنخواز و ئازادیخوازەکان هەیەو، گورزێکی کەمەر شکێنیشە، لە رەوت و هیزە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان و دەسەڵاتە سیاسیەکان، کە دەستیان بە نەریت و یاسا دینیەکانەوە گرتووە.

دیارە هەڵوەشاندنەوەی حجابی زۆرە ملێ، تەنها هەنگاوێکە لە راستای چەندین هەنگاوی تردا… تا جیای دین لەدەوڵەت، ئازادی دینداری و بێدینی، دانەسەپێنرێت، ژنان ناتوانن لە مافە یاسایەکانیان لەگەڵ پیاواندا یەکسان بن.

بۆیە بزوتنەوەی شۆرشگێرانە لە ئیراندا و بزوتنەوەی ژنان وەکو کۆڵەکەیەکی ناو ئەو بزوتنەوەیە، نابێت تەنها بە هەڵوەشاندنەوەی حجابی زۆرەملێی ئیسلامی، رازی بن، بەڵکو پێویستە ئەوە وەکو هەنگاوێکی گرنگ و سەرکەوتنێکی سەرەتایی، بەدەستەوە بگرن بۆ سەرکەوتنی تر و هەنگاوی چارەنووسازتر… ئەویش جیایی دین لە دەوڵەت و ئازادی دینداری و بێ دینیییە… ئەمە نەک تەنها بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان چەندین هەنگاو دەباتە پێشەوە و لانی کەمی ئازادی ومافە فەردی مەدەنیەکانیان زامن دەکات، بەڵکو سەرجەم بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی ئێستا لە راستای روخاندنی جمهوری ئیسلامیدا، دەباتە پێشەوە.

بەواتای وشەکە، بریاری هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی مۆراڵ، لەلایەن دەسەڵاتی دژە ژن و دژە ئازادی جمهوری ئیسلامیەوە، نۆشکردنی ناچاری پەرداخی ژەهرە، لە جەنگێکی چینایەتی ناوخۆی ئیراندا…

ناوەراستی دیسەمبەری ٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.