ئاڵا و کوردایەتی و ناسیونالیزمی ڕەسەن و فەل! … نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

لە پای قسە وباسێکی بەندە لەسەر مانا و جێگەوڕێگەی ئاڵا و کەمپینی سیاسی حاکمانی دەسەڵاتدار لە پەیوەند بەو بابەتە لە پێشەنگ تیڤی، حەشدی سەر بەو جوڵانەوە پوچ و دواکەوتوەی کوردایەتی دەسەڵاتدار ڕاساون و هەرچی بێنەزاکەتیە لە بەرامبەر ئێمە لە دەمیان کەوتۆتە خوار. جوێن دەدەن، سوکایەتی دەکەن، خولاسە هەموو شتێک دەڵێن و دێننە سەر زمان.

سەرنجێکی خێرا لەم زبڵ و خاشاکە بە ئاسانی دەتوانێ هەر کەسێک بهێنێتە سەر ئەو باوەڕە کە ئەگەر پارتی و یەکێتی لابەرین و بە جێگەی حاکمانی ئێستایان ئەم حەشدە بکەینە حاکمی هەولێر و سلێمانی، چ نەگبەتیەک بەسەر ژیانی مرۆڤ دێنن. دەتوانین بیهێنینە بەرچاویان کە حاکمیەتی نێچیر بارزانی و باڤڵ تەڵەبانی لە چاو ئەوەی ئەوان هێشتا شکورانە بژێری دەوێ. دەتوانین بهێنینە بەرچاو کە ئەم کوردە ڕەسەنانە، هیچ سنورێک لە بێحورمەتیکردن بە کرێکار و ژن و هەر ئینسانێکی ئازادیخواز و ڕەخنەگری خۆیان ناهێڵنەوە، دەتوانین بهێنینە بەرچاو ژمارەی سەردەشت و سۆرانەکان، شاپورو قابیلەکان، گۆڕستانی ژنانی هەتککراو و گۆڕ گومکراو، دەیان بەرابەری ئێستا دەبێ.

دەتوانی باوەڕ بکەین کە لە زیندان و شکنجەکان ئەوانە دەبنە جەللاد و بکوژ. به ڕاستی دەبنە کابوسی سەر دڵی ئەم کۆمەڵگەیە.

بۆیە ئەگەر هەموو ئەزموونی حاکمیەتی کوردایەتی لە زۆنی زەرد و سەوز خەتێکی بەسەردا بێنین و لە بیری بکەین، هەر ئەم زبڵ و خاشاک و فەزاحەتەی لە دەمی ئەم گەلە نەتەوە پەرستە دەکەوێتە خوار، پێمان دەڵێ کە چەپ و کرێکار و کۆمۆنیزم لەسەر حەقن لە خەباتیان لە دژی ئەم کۆنەپەرستیە نەتەوایەتیەی کوردایەتی. پێمان دەڵێ کوردستانێکی ئازاد کە  ژیان و شکۆی مرۆڤ، خۆشبەختی و ئازادی هاوڵاتیان تیایدا پارێزراو بێ، لە سایەی ئەم فەرهەنگ و ئەخلاقە سیاسی و کۆمەڵایەتیەدا، لە سایەی ئەم بیروباوەڕە پوچ و ناکۆکە بە زاتی پاکی ئینسانیدا، ئەفسانەیە.

قەباحەتی گەورەی ئەوان ئەوەیە کە قسەی خۆیان، ئایدیۆلۆژیا و زبڵ و خاشاکی خۆیان بە ناوی خەڵکەوە بە نەیارانی خۆیان و بە ئێمە چەپ و کۆمۆنیزم دەفرۆشن. کابرا شەرواڵی خۆی پێهەڵناکێشرێ و هەموو بیرکردنەوە و دەمکردنەوەی عەیب وعارە، کەچی وەک وەکیلی خەڵک قسە دەکا. خۆی و جوڵانەوەکەی نمونەی کار و ڕیسوایی ئەوەندە گەورەی لە نۆکەری و بێ شەهامەتی له هەگبەدایە، کەچی فایل وبوختان ودرۆ بە دەمی ئێمەوە هەڵدەبەستن.

نەخێر ئێوە وەکیلی کەس نین، ئێوە وەکیلی خۆتان وزبڵ و خاشاکی خۆتانن و بەس. ئەو کۆمەڵگەیە چینایەتی و مەیدانی دەعوای چینایەتی بزوتنەوە سیاسی و کومەڵایەتیە جیاوازەکانە. میللەت پەرستی ئێوە یەکێکە لەو جوڵانەوە، هەروەک چۆن کۆمۆنیزم و چەپ یەکێکی تر لە بزوتنەوە زیندوەکانیەتی. دەعوا بۆ ئێمە لەسەر ژیانی ئازاد و خۆشبەختە لەو جوغرفیایەی کە ناوی کوردستانە و تەنیا سۆشیالیزم دەتوانێ فراوانترین ئازادی و مەدەنیەت دەستەبەر بکا.

ئەگەر بەدەستی  ئێمە بێت، کوردستانی ئازاد و سۆشیالیست، کەس بە پێناسەی نەتەوەیی و دینی مۆر ناکات، دین و نەتەوە لە شوناسی هیچ بەنی ئادەمێکدا نانوسرێ و هەموان هاوڵاتیانی ئازاد و خاوەن شان و جێگەوڕێگەی یەکسان دەبن. دین و قەوم و هەر پێناسەیەکی تر کاری تایبەتی و شەخسی مرۆڤەکان دەبێ و هەرکەسێک لەو جوغرافیایە لە دایک دەبێ و ئەو جوغرفیایە بۆ ژیان هەڵدەبژێرێ، هەموو ئەو ئازادی و ئیختیارانەی دەبێ کە کوردستانی سوشیالیست و ئازادکردونی بە یاسای ژیان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.