ئیسلامی و سەلەفیەکانی کوردستان… لە بەردەم سێڵاوی شۆڕشی ئێراندا پەلەقاژەیانە…
لەوەتەی بزوتنەوەی هەمیشە ئامادەی شۆرشگێرانەی ئێران وەرچەرخاوە بۆ راپەرینی سەرتاسەری بەدژی دەسەڵاتی میراتگرانی سەرمایە لە ئێراندا، هێرش و شاڵاوی کۆنەپەرستانی ئیسلامی لە کوردستاندا بەرەو هەڵکشان و فتوای هیستریکی چووە. ئەگەر هەر ڕۆژە ئێران سەکۆی نمایشی بزوتنەوەیەکی شۆرشگێرانەو جێگایەک بۆ خستەرووی توانایەکانی ئینسانی ناڕازی و گۆرەپانێک بۆ داهێنانی خەباتکارانە و شانۆیەک لە ئامادەیی ژنان نیشان دەدات… ئەوا ئیسلامی و سەلەفیەکانی کوردستان و ئەوانەی هیچ تەبایەکیان لەگەڵ زانست و زانیاری نییەو ناوی “زانایانی ئیسلامی” یان بە خۆوە لکاندەوە، دەستیان داوەتە شەپۆلێکی بەرینی هێرش بۆسەر ژنان و مافەکانیان، بۆسەر زانکۆ و خوێندکاران، بۆ سەر وەرزش و هاندەران، بۆسەر جل و بەرگی مۆدێرن و رەنگەکانی، بۆ ژنانی نا حجاب وئازادی جل پۆشین، بۆسەر مۆز و شێوازی خواردنی، بۆسەر خۆراک و جۆرەکانی… لەو نێوەدا هێرش بۆ سەر ژنان و بەکەم تەماشاکردنیان، و سوکایەتی پێکردنیان و بەرگری لەچەند ژنە و چوونە پشت بریاری دژە ژن و دژە ئینسانی دەسەڵاتی بەغدای نۆکەر پیشەی ئاخوندەکانی ئیران، کە رێگە بە فرەژنی دەدات و مافی بەرگریش لە ژنی نارازی دەسەنێتەوە، بەو پەرێ خۆ گەیشتووە. کەم رۆژ و تەنانەت کەم سەعات هەیە، مۆرەی ئیسلامی لەچەشنی مەلا مەزهەرەکان و عبدالەتیف و هەڵۆکان و شوشکەیەکان و ژمارەیەک نووسەری میشک مەیوی وابەستە بە دنیای جاهیلیەتی هەزاران ساڵەی رابردوو، هێرش نەکەنە سەر ژنان و عەورەتیان رانەوەشێنن. میسار و موتعە، کە دوو جۆری لەشفرۆشی ئیسلامی شیعی و سونین، وەکو پێداویستی بۆ ئەهلی خودا نەخەنە ڕوو… فرە ژنی کە لە بنەرەتدا لەش کڕێن و مامەڵەی سیکس کرینی ئیسلامی، مەودا کراوەیە… بەرگری لێنەکەن و لەبەرامبەر بەو کەسانەشدا کە نارازین، بەهەمان حوکمی بەرگری لە شەهوەتی ئیسلامیانەیان، دادگایان لێ نەگرن، ئەو دادگایانەی پڕ پڕن لە یاسای دژە دژن… لێوان لێون لەیاسای سەرکوتی ژن، سخناخن لە هەڵاواردن و کوشتنی خۆشەویستی و خاوەنی قەتڵگای گۆرستانی بێناونیشانی ژنانن.
ئەم هەوسار پچراوەی ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان، نیشانەی بەهێزی ئیسلامیەکان نییە، بەڵکو دەرهاویشتەی ترس و زەندەق چوونە لە ژنان و مافەکانیان، کە بە راپەرینی خەڵكی ئێران و بە بەشداری بەرجەستەی ژنان، دەستی پێکردووە. ئەو قەڵا کۆنەپەرستیەی بە هاتنەسەرکاری جمهوری ئیسلامی قوتکرایەوە، بە روخاندنی ئەم قەڵایە پشت و پەنای ئیسلامیەکان سەلەفیەکان دەڕمێنێت. بازاری سەوداو معامەلەی ئیسلامی بە ژنانەوە، دادەخرێت. هێرش بۆسەر نەغەدە عوسمان و چۆمان هەردی و شیلان نورییەکان…تاد، هیرش بۆسەر هەموو سیما مەدەنیەکان، گوژمە خواردن لەدژی مافەکانی ژن و ئینسان… پەلەقاژەی مەرگی ئاشکرای ئەو ئایدۆلۆژیاو و دنیابینی و دەسەڵات و گروپانەیە، لەبەرامبەر بە لێکەوتەکانی راپەڕینی خەڵکی ئیراندا.
ئیسلامیەکانی کوردستان و سەلەفیەکان، وەکو گۆشتی لازیادەی مل، وەکو دومەڵی ناو کۆمەڵگە، لەبەردەم راماڵیندان، راماڵینیان بەدەستی راپەرین و بە رۆڵی بەرجەستەی ژنان… ئەو ژنانەی بەهیچ شتێک کەمتر لە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و یاساو ریساو خوێندن و پەروەردە، لە یەکسانی یاسای نیوان ژن و پیاو، قەدەغەکردنی فرە ژنی و توندوتیژی لەدژی ژنان، رەزایەت نادەن.
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ژنانی نارازی بە ستەم و هەلاواردن، کە چاوی ئومێدیان بریوەتە راپەرینی خەڵکی ئیران و کوردستان، پێویستە لە ئێستاوە ئامادەبن و وەڵامی توند و ددانشکێن بە ئیسلامیەکان و فتواو سوکایەتیەکانیان بدەنەوەو دەسەڵاتی سیاسی کۆنەپەرستی بۆرژوازی کوردیش ناچار بکەن، ڕیکاری یاسایی لەدژی ئەوانە بگرنە بەر کە سوکایەتی بەژنان و مافەکانیان دەکەن و فتوای رەقەمی دەبەخشنەوە…
دواین هیرشی ئیسلامیەکان و کۆنەپەرستانی پشتیان بۆسەر شیلان نوری، دەبێ وەڵامی ئازادیخوازان و ئینسان دۆستان وەربگرێتەوە… دەسەڵاتی سیاسی نەک هەر بەرپرسی پاراستنی ژیانی شیلان نوری و هەڵسوڕاوانی ژنان و ئازدیخوازانی لە ئەستۆیە، بەڵکو دەبێ ناچار بکرێت، ئەو شەپۆلی کۆنەپەرستیەو فتوای مەلاو ئیسلامیەکان ڕابگرێت…. هیرشی ئیسلامیەکان و نۆکەرەکانیان، تەنها بۆسەر شیلان نوریەکان نییە، بەڵکو هیرشێکی بەنەخشەیە بۆسەر هەموو سیماو روخسارێکی جوانی شارستانی کۆمەڵگەی کوردستان و هەموو مافە فەردی مەدەنی و ئینسانی و ئازادیخوازەکان…
عەبدوڵا مەحمود