کێ بەرپرسە لە هەوسار پچڕاندنی ئیسلامی سیاسی لە دژی ژن؟ نووسینی: ئیبراهیم حسێن
ئەمە پرسیارێکە لە بارەی حیکمەتی بەرەڵابوونی گەلەی ئیسلامی سیاسی لە کوردستانی عێراق دا دەکرێ؟
دەکرێ وەڵامی جیاواز و لە گۆشەی جیاوازەوە بەم پرسیارە بدرێتەوە؟ بەڵام ڕاستەوخۆ دەبێ بوترێ گەلەی ئیسلامی سیاسی، مەلا وبانگخواز و فەتوادەرانی توندوتیژی، سەلەفی و جیهادی و ئیخوانی لەبلەبان و مت و ڕەنگ چڕژاو، گەلەی ئیسلامی دەم و لێو وشکهەڵاتوی ڕیشن و عاشقی جیهادی نیکاح و دەستوپێ بڕین لەم دنیا و عاشقی حەفتا وحەوت حۆری و هەزاران ژن و کەنیزەکی نەسمراوی تەرخانکراو بۆ دامرکاندنەوەی شەهووەتی پیاوانە لەو دنیا، بە کورتی ئیسلامێکی سیاسی بەرپرس و ڕێکخەری ئەم ڕاسان و دەمکردنەوە کۆنە پەرستانەی کوردستانە، کە ڕێکخەری گەورەرین لاقەکردن و ئیغییسابی ژن بووە لە مێژووی دوورو نزیکدا.
جوڵانەوەیەک، کەسێک دەسەڵات و هێزێک، حیزبێکی سیاسی بیەوێ خزمەتێک بە حورمەتی مرۆڤ بکات، خزمەتێک بەوە بکا بەشەر ژیانێکی پارێزراوتری هەبێ، ژن و کەرامەتی مرۆڤانەی لەو سوکایەتی و دەستدرێژیە ئاشکرا و قێزەونە پارێزراو تر بێ، دەبێ ئەو زبڵە سیاسیە ئیسلامی و دینیە گسک بدا، دەبێ ئەم جوڵانەوە سەراسەری و شەقاوە بە هەموو بۆگەناوەکەیەوە، زنجیربکا و شکستی پێ بهێنێ. دەبێ هەموو شەرافەتی ئینسانیان بکا بەگژیاندا. چەپ وسۆشیالیزم قەرزی هەستانن بەو ئەرکە. هیچ کەسێکی تر، هیچ هێزێکی ترنییە جگە لە سۆشیالیزم و چەپی کرێکاری کە بتوانێ و بیەوێ و لە بەرژەوەندیدا بێت کە شەرافەت و کەرامەتی ئینسانی ژن و ئازادی و مەدەنیەت لە بەرامبەر ئەو شەقاوانە نوێنەرایەتی بکات. هەر هێزێک بەو جەسارەتە بچێتە پای ئەو ئەرکە و ئەو جەنگە، دەبێتە خاوەنی دڵی ئەو هەزاران هەزار ژنەی کە بە دەست ئەم کۆنەپەرستیە زەجر و زوخاو دەچێژن، دەبێتە نوێنەری ئەو نەفەسە ئازادەی کە خۆزگەی ئەوەیە ئەم کابوسە کۆنەپەرستە نەبێ، خۆزگە دەخوازن هێزێک هەبێ بتوانێ کۆنتڕوڵیان بکا،بتوانێ دەمیان داخا. لەئێران ئەم کورانە بە هێزەوە دەجۆشێ.
کوردایەتی وحاکمیەتی کوردایەتی کە کوردستانی گۆڕیوە، بە حەوشەی پشتەوەی هەر کۆنەپەرستیەک کە مرۆڤ بتوانێ بیری لێ بکاتەوە، هی ئەوە نییە چاوەڕوانی ئەوەی لێ بکرێ لەبەرامبەر گەلەی ئیسلامی مووی لەشیان بجوڵێ. فشار کردن و جوڵانەوەی فشار و پاڕانەوە لە کوردایەتی کە کارێک بکا لەگەڵ ئەم جوڵانەوەیە بێهودە وبێ سەمەرە. ئیسلام و ئیسلامی سیاسی و کوردایەتی و ناسیوناڵیزم دوانەیەکی تەواوکەری یەکترن. نە ناسیونالیزم و حاکمیەتی کوردایەتی بە بێ ئەم زۆنگاوەی ئیسلامی سیاسی دەتوانێ ئیدارە بکا و نەئیسلامی سیاسیش بەبێ ئەم زۆنگاوەی دەسەڵاتی پوچی بۆرژوازی کورد دەتوانێ ئیدارە بکا.