بوون لەدەرەوەی بەزیندانکردنی ژیان …. شرۆڤەی/ جەمال نوری
یەکێک لەو قەسیدە جوانانەی میرزا، کە بەزمانی شیعر دنیایەک ناڕەزایەتی و پرسیارگەلێک دەوروژێنێ، ئەو پرسیارانەی لەمێژە شاعیری بەخۆیەوە دووچاری ئەندێشەو بیرکردنەوەو ڕۆچون کردوە، سەرقاڵ بوونی شاعیر و سوڕانەوەی بەدەوری کۆمەڵێک لەدەستەواژەی وەک (دایک، با ،ترپە ،دڵ ، دەرگا، سەر، سەرما ، پێکەنین، گریان ، دامپۆشە )، ..هتد وەها شاعیری بەخۆیەوە بەستۆتەوە وەک بیەوێ لەڕێگای ئەم ووشەو دەستەواژەو کۆدانەوە پرسیارێک گەلێ ، یا سیحری ئەو وشانە بدرکێنێ لە قەسیدەکەیدا بەتایبەت لەناو جەوهەری قەسیدەکەی میرزادا، سەرنجی خوێنەر بۆ دوو وشە دەبات، بەتایبەت کە کۆی دەقە شیعرەکەی میرزا وروژاندنی پرسە فەلسەفیەکانێتی؟ لەسەر بوون، بەکارهێنانی هەردوو وشەی (سەجین و سەجان) لە شێعرەکەیدا ، ڕامان دەکێشێ بەرەو بیرکردنەوە قوڵە فەلسەفیەکەی ژان پۆل سارتەر کە لەسەر چەمکی بوون کتێبی بوون و نەبوونی نوسی) .
میرزا، لەڕێگای موخاتەبەکردنی دایکیەوە دێت، لەو دەرگایانە دەدات کەعەیامێکە لەسەر خۆی وکۆمەڵگەکەی کڵۆم دراوە، دەرگاهایەک کە دەکرێ دەستمان گیربێ لە وەڵامی پرسە فەلسەفیەکانی خودی شاعیر، هەڵبەتە هەروا بەسانایی ناتوانین وەرامە مەعریفیەکانی شاعیرمان دەست بکەوێ کە لەناو قەسیدەکەیدا وروژاندوێتی، بەڵکو لەڕێگای هەڵکۆڵین لەناو دەق و دۆزینەوەی ماناو واتایەکی نوێ کە شاعیر نەیوتوە، یا کەشفی نەکردوە، ئێمە لە ڕێگای خۆێندنەوەکەوە بتوانین ئاشکرای بکەین بۆ خۆێنەر، پێم وابێ هەر ئەمەش مانا ڕاستەکەی لێکۆلینەوەیە لەدەقی شیعری.
شاعیر پرسی بوون و نەبوون لە سروشتی مرۆڤبوون دەوروژێنێ، کاتێک بوون دەخاتە ژێر پرسیاری مەعریفی یەوە، دەیەوێ لەوە بگات داخۆ مرۆڤ بۆ دەژی؟ یان خودی ژیان بۆ خۆی چی یە؟ ئەم پرسەی شاعیر، زۆرێک لە فەیلەسوفەکان خۆیان لێداوە، بەنموون (دیکارت) دەفەرموێ انا افکر اذن انا الموجود .. شاعیر خۆی لەم وتەیەدا دەبینێتەوە و کۆی بوون دەخاتە ژێر پرسی فەلسەفیەوە و بەزمانە سادەکەی شیعر خۆی لێدەدات. سەرئەنجام شاعیر لە تەوزیفکرنی دەقەکەیدا پێمان دەڵێ بوونی مرۆڤ ئەوکاتە بوونە، کە لەو ڕاستیە تێ بگات کە بۆ دەژی و لەپێناوی چیدا دەژی؟ کاتێک مرۆڤ نەیتوانی نهێنی ئەم کۆدە نەکاتەوە بۆ خۆی لەژیاندا، ئەوا تێ نەگەیشتوە لەژیان کە بۆ ژیاوە ..؟
میرزا، لە دەوری مانا قوڵەکەی ژیاندا دێت و دەچێ، لەیەککاتدا پێمان دەڵێ (سەجینین و سەجانیشین) واتە زیندانی کراوو، لێپرسراوی زیندانین، لێرەوە بڵێین:-
(مرۆڤ نابێت مەحکومی چارەنووس ببێت)، نابێت لەپێناوی مردنا بژیت. ئەمە هەم هەڵگری فەرمانێکە هەمیش پەیامێکە بۆ مرۆڤ، ئەمە لەیەک، لەلایەکی ترەوە مرۆڤ شوناسی لەناو کردەو جوڵەو بیرو خەسڵەتیدایە، دەبێت لەپێناوی سەربەستی و ئازادی و مافی خۆی و گەلەکەی (زیندانی) بێت خۆ ئەگەر بەپێچەوانەوە بێت ئەو پرسیارە فەلسەفییە دێتە گۆڕێ مرۆڤ چییە و بۆچی هاتووەتە بوون؟ ئەگەر لەپێناوی مردنێکی سەربەرزانە نەژیت.
(سەجانیین) بەهەمان فاسیلەو دووری ئیدیۆمی یەکەمە، لەڕووی مەجازییەوە جاویدانییەو مانەوەیە بۆ بەرپرسیارێتی لە ژیان کە لەپێناوی ئازادی و سەربەرزی دا بۆ ئەو ژیانە زیندانی دەکرێین.
قەسیدەكانی پێش مردن
لەبەر خۆمەوە قسەدەكەم
خۆشم نازانم چیدەڵێم و باسی چی دەكەم
دەگەمە سەری هەركۆڵانێك.. لێدانی دڵم دەگۆڕێت..
لەدەرەوەم و باران تەڕ تەڕی كردوم و خەبەرم نابێتەوە..
هەرچی هێز هەیە لەجەستەمدا نەماوەو
سەرم بەقەد یەك هیزە ئاوساوەو
كەسێك نامباتە ئەوبەر
كەسێك پێم ناڵێت.. دەستێك بەو ڕەشەبایەدا بنێ و
قاوەیەك بخۆرەوەو تەماشایەكی ئەودیوی
ژوورەكەت بكەو گۆرانیەك گۆرانیەكی
حەزین بەناوچەوانتەوە بپێچەو
بەخۆت بڵێ ئەرێ ئەم هەموو دەرزیانە چییە دەچێت بەدڵماو كەسێك هەناسەیەكم بۆهەڵناكێشێت
لەبەرخۆمەوە ئەگریم و هەموو وێنە ڕەشوو سپیەكانی مناڵیم دەكەونەخوارەوە
با دەیانبات
سەرم قورسەو بیر لەمردن دەكەمەوەو
بیر لەوە دەكەمەوە.. بەخۆم دەڵێم
تۆ بڵێی ئەوانەی لەدەوری تابوتەكەمن
گوێیان لەلێدانی دڵم بێت.. ئەوكاتەی
تەڵقینم دادەدەن
سەرم قورسەو
هەموو گیانم نیشتۆتە سەرئاو..ئاوێكی
سارد سارد دەستم ناگاتە دڵم و
مۆمێكم بۆ داناگیرسێت
كەسێك ناگاتە بەردەگای ماڵە كۆنەمانوو
هەواڵێكی دایكم بۆناهێنێت
بیرلەمردن دەكەمەوەو سەرم خەریكە
دەكەوێتە خوارەوە
نازانم ئەم هەموو چەقۆیە چییە بەناو
جەستەمدا هاتووچۆ دەكەن
ئەم هەموو ئازارانە بۆئەوەندە گڕۆزن و
دەڤەری ڕۆحم بەجێناهێڵن