دوو دیمەن لە بادینانەوە! ….نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

ئەو چەند ڕۆژە دوو دیمەنمان بینی، دوو ڕوداو کە دوو دیوی واقیعیەتی سیاسی ئەو ناوچەیە پیشان دەدا کەساڵانێکە بە دەست دەسەڵاتێکی بۆرژوایی و دیکتاتۆریەتێکی بێکەڵکەوە گیری خواردوە. یەکەمیان؛ دیمەنی بە قارەمانکردنی کۆمیدیانەی ابو چیچو بوو. میدیای زۆنی زەرد، میدیای سێبەر و تۆڕەکانی ڕێکخستن و سۆسیال میدیا لە پڕێکا هەستانە سەرپێ و هەر بە گەیشتنەوەی چیچۆ دنیایان پڕ کرد. چیچۆیان خستە سەر قەڵان دۆشکان و وتیان چیچۆ قارەمانە و وایکردوە و وای وتوە. ڕەنگە ئەم نمایشەی بە قارەمانکرنە کۆمیدیانەی چیچۆ، بۆ چاودێرێکی بێخەبەر لە ژیانی سیاسی زۆنی زەرد، لە باشترین حاڵەتدا جێگەی سەرسوڕمان و پرسیار و لەخراپترین حاڵەت نیشانەی بوونی فەزایەکی جەماعی شێتانە و بێزەوقیەکی گەورەبێ. بەڵام ئەم گەڕە لاوژێیەی چیچۆ حیکمەتێکی تەواو سیاسی هەیە کە بەبێ هێنانە بەرچاو و باسکردنی دیمەنەکەی دووەمی بادینان و زۆنی زەرد، ناکرێ لێی تێبگەین.

دیمەنی دوەم کە دەکرێ حیکمەتی ئەم نمایشە کۆمیدیەی بە قارەمانکردنی چیچۆمان وەک ئاوێنە پیشان بدا، دیمەنی خۆشحاڵی گەورەی خەڵکی ناوچەی زۆنی زەرد بوو بە ئازادبوونی زیندانیانی شیلادزە کەبە فەرمانێکی قەرقوشی، لەسەرجیاواز بیرکردنەوە و دەربڕینی ئازاد، ئازادیان لێ زەوت کرابوو و زیندانی کرابوون.

دیمەنی یەکەم هەزەلی و بێناوەڕۆک بە غەرەزی سەرکوێر کردنی کۆمەڵگە و ڕێگە گرتن بوو لە دەرکەوتنی خۆشحاڵی سیاسی بە ئازادی ئەو هەڵسوڕاوانە. بەڵام خۆشحاڵی ئازاد بوونی زیندانیانی شیلادزە لە دیمەنی دووەمدا کاردانەوەیەکی واقیعی لە دڵەوەی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە بوو کە ئەگەر ناڕاستەوخۆش بێ پێمان دەڵێ کە ئەو خەڵکە، لە دڵەوە لەو کوڵە دیکتاتۆریەتە بێزارن. پێمان دەڵێ ئەمانە جێگەیەکی ئەوتۆیان لە دڵی ئەو بەشەرییەتەدا نەماوە. پێمان دەڵێ ئەو خەڵکە خەون و خولیایان، چاوەڕوانیان لە ژیان، قارەمانەکانیان جیاوازە لە چارە و ڕموزنەکانی ئەم حاکمیەتەی کوردایەتی لە زۆنی زەرد و تۆ بڵێ زۆنی سەوز.

Leave A Reply

Your email address will not be published.