بالۆرەلێدانی فرەژنی ناتوانێت هەرەسی فاشیزم بوەستێنێت!… عبدالرحمن رسول
لەجیاتی بانگەشە بۆ چەند ژنە بۆ پیاوێک, پێویستە گەشە بدرێت دڵسۆزانە بە بانگەوازی ڕزگاری لەچەوسانەوە و نایەکسانی و دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی کرێکارو هەژار بەگشتی و گەنجانی کوڕ وکچ بەتایبەتی. لەجیاتی گوێ گرتن لەبالۆرە لێدانی فەرهەنگی دژە ژنە و دژە ئینسانی و فرە ژنی، بانگەوازی ڕێکخراوبوونی جەماوەری ناڕازی لەبزووتنەوەی جەماوەری شورایی بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی دزو چەوسێنەر لەکوردستان و دواتر دامەزراندنی ئیدارەدانی شورایی. چەند ڕوو قایمن تەنها لەخەمی چەندێتی سکێسکردنی خۆیاندان لەبەرئەوەی خاوەن پارەن, ئەمە چ جۆرە وێژدانێک بەهەزارەها کەس هەژارو کرێی خانووی پێ نەدرێت و بێکار وئاوارەبێت بەهۆی چەوسانەوە و دزی دەسەڵاتەوە بانگەوازی فرەژنی بکەیت! ئەمەیە بڵاوکردنەوەی ژەهری کوشندە!
ئەوانەی بەرگری لەهەبوونی سیستەمی سەرمایەداری دەکەن بەلایانەوە گرینگ نییە کە مرۆڤەکان چۆن دەبنە قوربانی و ئازار دەدرێن. ئەبێت بپرسین کێن ئەوانەی بەرگری لەسیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری دەکەن؟ ئەمانە جۆراوجۆرن بە ئیسلامی سیاسی و قەومی و لیبڕاڵ و ناسیۆنالیست بەوانەی لەدەسەڵاتدان یان لەدەرەوەی دەسەڵاتەکانن. هەرکەسێک باوەڕی بەگەشەی جیاوازی چینایەتی و دابەشکاری مرۆڤایەتی لەسەر بنەمایی ڕەنگ و نەتەوەو دین و خێڵ و ناوچەگەری ئەوا ڕاستەوخۆ بەشێکە لە گەشەدانی چەوسانەوە و نایەکسانی و هەژاری. هەر کاتێکیش باس لەمافی مرۆڤ و ئازادیش دەکەن, تەنها بۆ جوانکردنی دیوی دەرەوەی ئەو ڕێکخراو و حیزب ئەو سیستەمه چەوسێنەرانەی دەسەڵاتدارانی چەوسێنەرە، بەڵام لەناوەڕۆکدا بەرگری کارای سیستەمی سەرمایەداری تەنها کاری بازرگانی و کۆکردنەوەی پاره ئامانجیانە کە هەبوونی ماف و ئازادییەکان قەدەغەبکەن، لەبەرئەوەی بەقەدەغەکردنی ئازادییەکان باشتر دەتوانن ئامانجە تایبەتی وەک سێکس و پارەی زۆر بۆ خۆیان بە زۆرەملێ کۆبکەنەوە. هەموو دەسەڵاتە سەرمایەدارەکانیش لەناوەڕۆکدا لەیەک دەچن تەنها لەبانگەشەی شێوازی ڕیکلامیان بۆمانەوەیان جیاوازییان هەیە. کەوایە چارەسەر تێکۆشانی یەکگرتووانەیە بۆ نەمانی سیستەمی سەرمایەداری لەهەرشوێنێک دەسەڵاتداربێت بەناوی دینی وقەومییەوە.
ئەوەی ئێستا مەلا و بانگخوازانی ئیسلامی و حیزبه ئیسلامییەکان کاری لەسەر دەکەن ڕاستەوخۆ بەرگریکردنە لەسیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتی باڵادەستی چەوسێنەرو گەندەڵی کوردستان. ئەوەی ئیسلامییەکان بەئەرکی خۆیانی دەزان وبانگەوازی بۆ دەکەن ئەوەیە کە لەبەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی چەوسێنەردایە بەردەوامیش بەهاوکاری دەوڵەتانی ناوچەکە و دەسەڵاتداری کوردستان لەناوەڕۆکدا لەبەرەی دەسەڵاتن ئەگەرچی لەشێوازی ڕاگەیاندن جیاواز دەردەکەون. ئەوپەڕی کۆنەپەرستانەو دژە ئینسانییە کە مەلایەک زیاتر لەخەمی سێکس و چەندێتی سێکس کردنی خۆی دابێت بەڵام هەرگیز ویژدانی نەجووڵێت لەئاست مناڵێکی برسی و مرۆڤێکی بێکارو هەژار و زەحمەتکێشدا.
ئەو هاتوو هاوارەی ئیسلامییەکان بۆ بانگەشەی سێ، چوار ژنە بۆ پیاوێک نیشانەی ئیفلاسی سیاسی و پەروەردەییانە، ئەمانە دەیانەوێت لەژێر بانگەشەی سێکسی دا ئارایشت و گەشە بە سیاسەت و بیروباوەڕی دژەئینسانی وکۆنەپەرستانەیان بدەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن جارێکی تر گەشە بکەنەوە و ببنەوە هێزی کاریگەر لەکۆمەڵگەی کوردستاندا لەبەرئەوەی خودی گەشەی ڕابردووییان بەهاوکاری ماددی و مەعنەوی دەوڵەتی فاشیزمی ئیسلامی ئێران و تورکیا و سعودیە و دەوڵەتانی تری کۆنەپارێز و دژە ئینسانی بووە. بەئامانجی هێنانەدی ئامانجە کۆنەپەرستەکانی خۆیان. زیاتر لەچەندە ساڵە ئەمانە پارە لەوڵاتان وەردەگرن و دواتریش بەناوی بانگەوازی دینی یەوە و سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەبن و لەهەڵبژادنەکانی کوردستان بەشداری دەکەن و بەهاوکاری لایەنی دەسەڵات و دەوڵەتانی ناوچەکە لەناو حکومەت بەشداری دەکەن. ئەمانە لەگەشەکردن وەستاون و چونکە گەنیوون ناتوانن خۆیان نوێ بکەنەوە. ئاسۆ و خۆری ئیسلامییەکان بەهەموو باڵە بەناو جیاوازییەکان بەرەو کۆتایی دەڕوات لەئێستاوە زەنگی هەرسی ئەمانە لێدراوە، خۆشیان زۆر باش دەزانن بەڕوخانی فاشیزمی ئیسلامی ئێران خەڵک شڕوشیتاڵی ئەمانەش دەپێچێتەوە. هەرگیز بالۆرەلێدان بۆ فرەژنی ناتوانێت بەر بەهەرس و ڕووخانی فاشیزمی ئیسلامی ئێران بگرێت و مەلاکان و ئیسلامییەکان پەلەقاژەی هەرەس هێنانی فکرو دەسەڵاتیان دەکەن لەوەش دڵنییان کە بە ڕوخانی فاشیزمی ئیسلامی ئاخوندی ئێران، جارێکی تر گەنجان چاوەڕوانی پێشنیارو ڕاسپاردەکانی ئیسلامییەکان ناکەن، لەبەرئەوەی گەنجان زۆر وشیارن دەزانن ئەو مەلاوئیسلامییانە زیاتر لەخەمی هێنانی چەند ژنەی خۆیانن نەک دابینکردنی ژیانێکی ئارام و ئاسوودە بۆ گەنجان. ئەمانە چ کاتێک لەسەر هۆکاری بێکاری وئاوارەیی و زیندانیکردنی گەنجان هاوشێوەی بانگەوازو بالۆرەلێدانی چەند ژنه بۆ پیاوێک گرینگیان داوە بە چارەسەری کێشەکانی گەنجان ولاوانی کوردستان. ئەمانە ئایین وەک کاڵایەکی بازرگانی بۆ پارە کۆکردنەوە و بەرژەوەندی زیاتر سێکسکردنی خۆیان بەکار دەهێنن. لەئێستای پڕ قەیران و کێشەکانی بێکاری و هەژاری و بێ خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردە و ڕێگاکان و چەندەها کێشەی نەبوونی کارەبا و ئاو و سووتەمەنی و چەندەهایی تر، بەڵام هەرگیز ناکرێت و دژە ئینسانییە گەشە بە هەبوونی یاسایی فرەژنی بدرێت لەکاتێکدا گەنجان لەبەر بێکاری و سەرکوت وچەوسانەوە ئاوارە دەکرێن و ناتوانن هاوسەرگیری ئەنجام بدەن.
چارەسەر ئەوەیە: گەنجان ولاوانی کوردستان و خەڵکی پێشکەوتنخوازو ئازادیخواز ڕێگە نەدەنە فەرهەنگ و سوونەتە دژە ئینسانییەی ئیسلامییەکان گەشە بکات کە هەبوونی یاسایی فرە ژنی یە، ئەرکی هەموولایەکە لەدژی بوەستنەوە بەجۆرێک کە بەتەواوی ئەم جۆرە ڕەوتە دژە ژن و دژە ئینسانییانە بخاتە زبڵدانی ژیانەوە. ئەبێت لەجیاتی ئەو جۆرەیاسا دژە ئینسانییانە یاسایی پێشکەتنخوازی و سیکۆلار کە هەموو جۆرە کار ئاسانێک بۆ گەنجان بکرێت بۆ پێکهێنانی هاوسەرگیری وەک دابینکردنی شوێنی نیشتەجێ بوون و بێمەی بێکارو دابینکردنی کار و کرانەوەی زیاتر بەرەو گەشەدانی ئازادییەکان، ئەمانە بکرێتە پڕۆژەی کاری تێکۆشانی گەنجان و لاوان و سەرجەم ئازادیخوازانی کوردستان.