ئافرەت لە نێوان تونێلی توندوتیژی و دەروازەی ئازادیدا ” نووسینی/دکتۆر ڤیان سلێمان

0

توندوتیژی دژی ئافرەت لە هزرەوە تا گوتارو كردار بە پاڵنەری دەمارگیریی ڕەگەزی كە دەرەنجامی هزری پیاوسالارییە پیادە دەكرێت، ئەم هزرەش پیاوی كردووە بە باڵادەست و بڕیاردەری نۆرمە كۆمەڵایەتییەكان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ستەمەی بە درێژایی مێژوو لە ئافرەت كراوەو جیاكاری و نایەكسانی بەرهەم هێناوە، توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت، بە جۆرەكانی فیزیكی و دەرونی و ئاستەكانی لە نزمترینەوە تا دوائاست، دیاردەیەكی ترسناكەو دەرهاویشتەو لێكەوتەكانی بە زیانێكی زۆر بۆ ئافرەت و كۆمەڵگە دەگەڕێتەوە، چونكە ئامانجی ئەوەیە ڕەگەزی مێ ملكەچ و دەستەمۆ بكات و پەراوێزی بخات لە بینینی ڕۆڵی وەك بوونێكی كۆمەڵایەتی، ئەمەش واتە بە فێڕۆ چوونی هزر و توانای ئافرەت و سەرەنجام بێ ئیرادەكردن و كارنەكردنی نیوەی سامانی مرۆیی كۆمەڵگە. سەبارەت بە كۆمەڵگەی كوردستانی، سەرەڕای گۆڕانكاریە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكان، هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم و گرتنەبەری ڕێكارە یاساییەكان، كاری ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و داكۆكیكار لە پرسی ئافرەت، هەوڵەكانی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و ئەو گۆڕانكاریانەی لە كەسایەتی ئافرەت دروست بووە ڕوو لە بەهێزی و ئامادەبوون لە بوارە جۆراوجۆرەكان، ئامارەكان دەریدەخەن كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ رووداوەكانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت بە جۆرو ئاستەكانیەوە بەردەوامە و ڕۆژانە ڕادەچڵەكێین بە هەواڵی ناخۆش و نامرۆڤانە و تاوانی دڕندانەی كوشتنی ئافرەت بە بیانوی پاراستنی شەرەفی خێزان، ئەم تاوانانە تەنانەت لەنێو كوردانی تاراوگە نشین لە ولاتە هەرە دیموكراسیەكانیش ڕوودەدەن.

زۆرینەی هەرە زۆری تاوانەكانی توندوتیژی دژی ئافرەت لە چوارچێوەی خێزان ڕوودەدەن، ئەوانەی بكەری توندوتیژیەكەن پیاون و لە كەسە نزیكەكانی ئەو ئافرەتانەن كە توندوتیژیان لە بەرامبەر دەكرێت، ئەمەش ڕەوایەتی لەو باوەڕە كولتووریانە وەرگرتووە كە ڕەگەزی نێر سەروەر دەكات و پیاوبوون لە بەهێزبوون و دەسەڵاتداربوون بەسەر ئافرەتدا دەبینێت، هەندێك چەمك لە ژیانی مرۆڤ پیرۆزتر و گرنگتر دادەنێت و زەمینەی كۆمەڵایەتی بۆ توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت لەبار دەكاو بەردەوامی پێدەدات.هەموو ئەم چەمك و بڕوایانەی كە پشتیوانی سەروەری ڕەگەزی پیاو و پەراوێزی ئافرەت دەكەن، دروستكراون و هزری دەسەڵاتی چینایەتی و پیاوسالاری بنیاتی ناون، بۆیە دەكرێت هەڵبوەشێنرێنەوەو بە بڕوایەكی مرۆڤ سەروەری بنیات بنرێنەوە، ئەمەش پێویستی بە هەوڵ و تێكۆشانی هەمەلایەنە و گۆڕانكاری لە كلتور و پەروەردە و دەسكاری چەمك و باوەرە كۆمەڵایەتیەكانی دەسەڵاتی زاڵ و هزری پیاوسالاریە.

 ئافرەتی كورد گەیشتووە بە ئاستێك كە ئیتر ناگەڕێتەوە بۆ دواوە ژیانێك قبوڵ ناكات لە نێوان ئافرەتێكی ژێردەستەو پاشكۆو پیاوێكی دەسەڵاتداری تاكڕەو و خۆسەپێن، بەڵكو تێكۆشانی ژیانێكی ئازادانە وەك مرۆڤێكی هاوتا و هاوژینیەكی هاوسەنگ و یەكسان لە ئەرك و ماف دەكات، زیادبوونی حاڵەتەكانی توندوتیژی و رووداوەكانی كوشتنی ئافرەت لەلایەن پیاوەوە تەنها تاوانێكی سەرشێتانەو پەرچەكردارێكی كاتی پیاو نین، بەڵكو ترس و تۆقینی هزری پیاوسالارییە لە داڕوخانی دەسەڵات و هەژمونە هەزاران ساڵیەكەی، هەر ئافرەتێكی قوربانی رووداوەكانی كوشتن و توندوتیژی پاڵەوانی ڕێگای یەكسانی و ئازادی ئافرەتەو لەگەڵ هەر رووداوێكی لەم شێوەیەدا یەكێك لە ستونەكانی هزری دواكەوتوی پیاوسالاری دەلەرزێت، چونكە دواجار ئەوە ئافرەتە كە دەڵێت چی دیكە ستەم و توندوتیژی دیلی چوار دیواری ماڵیم ناكات.

ئافرەتانی كورد بوونەوەری لاوازی قوربانی دەستی ستەم و توندوتیژی نییە، بەڵكو وەكچۆن لە بارودۆخی سەخت و هەلومەرجە قورسەكاندا ڕۆڵی شایستەی بینیوە، لە خەباتی یەكسانی و بەدەستهێنانەوەی مافدا كۆڵنەدەری ڕێگای ئازادی و یەكسانیەو قوربانی دەدات، ئیتر كاتی ئەوەیە پیاو ئەم پەیامەی ئافرەت بە ڕۆحێكی یەكسانخوازەوە وەربگرێت هاوشێوەی ئەو پیاوانەی دیكە كە دانیان بە ماف و ئازادی ئافرەت ناوە.

هەروەها پێویستە حكوومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان لە دژی ئەم دیاردە مەترسیدارە بوەستنەوەو پشتیوانی ئافرەت بن لە پاراستنی لە توندوتیژی و دانانی میكانیزمەكانی ڕێگریكردن لەم دیاردەیە، جێبەجێكردنی یاساو سزادانی ئەنجام دەرانی توندوتیژی و دەركردنی یاسای نوێ بۆ دەستەبەركردنی یەكسانی و دادپەروەری و قەرەبوكردنەوەی ئافرەت لە پەراوێزخستنە ئابوری و كۆمەڵایەتی سیاسیەكان، دەستنیشان كردن و ڕیشەكێش كردنی ئەو هزرە كۆمەڵایەتیانەی كە زەمینە بۆ توندوتیژی دەرەخسێنن، باش كردنی بەها كۆمەڵایەتی و ڕەفتارییەكان و ڕزگاركردنی لە تێڕوانینی دژە ئافرەت و جیاكاری بەرەو كۆمەڵگەیەكی یەكسان و پلۆرال و دیموكرات. …

Leave A Reply

Your email address will not be published.