سۆشیال دیموکراتی و هێزی دەمامکدار…
بەرواری٦/١٢/٢٠٢٢ هیزێکی دەمامکداری یەكێتی سۆشیال-دیموکرات!!ی نزیکەی ٥٠ کەسی لەچالاکی و هەڵمەتێکی بروسک ئاسای کەم وێنەی شارییدا هەڵیانکوتاتە سەر بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی چەمچەماڵ و نزیکەی ٤٠٠ دۆسیەیان، بە دوڵابەکانەوە لەگەڵ خۆیان بۆ شوێنێکی نادیار بردوە.
ئەم هەڵمەتە لە ژێر سایەی خودی قەڵەمرەوی یەكیتی نیشتیمانی و لەلایەن هێزە دەمامکدارەکانیەوە ئەنجامدرا، ئەم داهێنانە لە هەڵمەت و ئەو تاوانکارییە ئاشکرایە بەرامبەر بە دامەزراوەیەکی حکومی لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا، دەتوانرێت بوترێت، لە دنیادا کەم وێنەیە. هیچ رژێمێکی دیکتاتۆریش نادۆزیتەوە لە ژێر باڵ و دەسەڵاتی خۆیدا دەست ببات بۆ بینای تاپۆ و دۆسیەکانی بەم جۆرە بدزێت…جۆری دزییەکە نیشان دەدات چ تاوانکارییەکی تر لە پشت ئەو تاوانی دزییە خۆی حەشارداوە.
ئەم رەفتارە و بەدەستەوەگرتنی هێز و هیزی دەمامکدار لەلایەکەوە بۆ چاوترسینکردنی بزوتنەوەی نارەزایەتی و سەرکوت و داپلۆسین و بۆ دزی و ژێر پێخستنی یاسا!! و بەهاکانی دامەزراوەکان، بەڵگەی ئاشکرای شپرزەبوونی یەكیتی لە ئاستە هەرە ترسناکەکەیدا دەخاتە ڕوو. ئەم رەفتارە داخستنی پەرلەمان و ڕیگریکردنی لە پەرلەمانتارانی پارتیمان بیر دەخاتەوە، کە پارتی لە رێگای زۆرەوە دەستی بۆبرد.
سەیرە دوو هێزی سیاسی کە هەموو جومگەو دەسەلاتەکانی دووزۆنی هەرێمیان بۆخۆیان و بنەماڵەکانیان قۆرغ کردووە، رەفتاری وا لەخۆیان نیشان دەدەن، کە ئینسان بە بیستنیان، توشی ڕاچەنین دەبێت… دوو هێز کە کەس دەستی نەگرتوون و یاساش وەکو لاستیک دەتوانن بەدەستەوە بگرن و هیچ رێگرییەک نییە لەوەی بەشیوەی تر دەستیان بگاتە ئەو شتانەی دەیانەوێت، کەچی بەم جۆرە تاڵانی دەکەن و سیمای دیکتاتۆرانە و ئەزموونی دەسەڵاتە هەرە بۆگەنەکان بە قیزەونترین شێوە، دوپات دەکەنەوە.
دەبێ خەڵکی کوردستان چ خوێندنەوەیەکی بۆ ئەم جۆرە دەسەڵاتە هەبێت، کە هەڵگری هیچ پرانیسب و بەهایەکی سیاسی مۆدێرن نییە… هەر بوونی هێزی دەمامکدار لەسەردەمی شاریدا لەلایەن دەسەڵاتەوە هێندە مایەی شەرمە، شەرم شەرمەزار دەکات.
خەڵکی کوردستان و لە پێشیانەوە داواکاری گشتی و دادوەرانی ئازاو سەربەخۆ، پێوستە لەو بارەیەوە هەنگاوی دەستبەجێ بنێن و تۆمەتبارانی ئەم هەڵمەتە و تاڵانییە ئاشکرایەو ئەوانەی لەپشتیەوە وەستاون بە کۆمەڵگە بناسێنن و رادەستی لێپرسینەوەی یاساییان بکەن و سەرجەم دۆسیەکانیش بگێردرێنەوە بۆ دائیرەی تاپۆی چەمچەماڵ…
بیگومان ریسواکردنی ئەم کردەوەیەو بەسزاگەیاندنی تۆمەتبارانی ڕێگە لەوە دەگرێت، کە ئاوا بەئاسانی حەرەمی دائیرەکان ببەزینرێت و ئەم رەفتارە کەم وێنە شەرم ئاوەرە دوبارە بێتەوە.