تەنگانەی ئیسلامی سیاسی لە تارانەوە تا سلێمانی! نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

جوڵانەوەی سکولار و ئازادیخوازی ئەمڕۆی ئێران کە کۆماری حیجاب و سەنگەسار و دەست وپێ بڕینی ئیسلامی لە ئێران گەمارۆداوە، ئاگری بەرداوەتە هەناوی سەران و هەڵسوڕاوانی جوڵانەوەی ئیسلامی لە کوردستانی عێراق. جوڵانەوەیەک کە لە ئەفغانستان خەریکی چەرخاندنی بازاڕی حەشیش و تیلیاکە، لەسوریا و عێراق هەزاران ژن وکچی لاقە کرد و کردنی بە کەنیزەک، گەورەترین کوشتار و وێرانی ئەنجامدا و گەورەترین تاڵان و بڕۆی ڕێکخست. جوڵانەوەیەک کە ئیغیتساب و دەستدرێژی جەماعی بۆسەر ژنان لە ژێرناوی جیهادی نیکاح ڕێکخست، ئێستا لەکوردستانی عێراق بێ ئابڕوانە دەمی کردۆتەوە. لاتولوتەکان ئەم جوڵانەوە کەلەشەق و سەرسەریە کۆنەپەرستە، دڵ وجورئەتی ئەوەیان پەیدا کردوە لە دژی ژن و پیاو و ئازادیخوازی و مەدەنیەتی کۆمەڵگەی کوردستان دەم بکەنەوە.

ڕۆژانێک کە دوا سەنگەرەکانی ئەم جوڵانەوە شەقاوە و لاتە دەکەوێ  مرۆڤایەتی ئازادیخواز دەرفەتی ئەوە بە دەست دێنن کە بە چاوێکی کراوە و بەبێ ترس لەسێبەری ڕەشی ئەم شەقاوەگەریە، دەتوانن بینن  چیان بە دەست ئەم جوڵانەوە کەلەشەقە کۆنەپەرستەوە چێشتوە، دەتوانن ڕێک و ڕەوانتر ببینن کە بەهۆی بوون و هەڵسوڕانی ئەم کۆنەپەرستیە، دەرفەتی ژیانێکی شایستەتریان لە کیس چووە. دەتوانن داخداری هەموو ساتە شیرینانەی ژیان کەدەیانتوانی بژین و بەهۆی کۆنەپەرستیەکی لەوجۆرە نەیانتوانی ئەو ساتانە تاقی بکەنەوە. دەتوانن ڕیزی قوربانیانی ئەوکۆنەپەرەستیە بژمێرن. دەتوانن کۆمەڵگەی ڕەپۆشپۆش و ژنانێک بهێننە بەرچاو کە بەهۆی ئیرهابی ڕۆح و فیکر و ئیرادەی مرۆڤانەیان، ناچار ببون خۆیان لە تابوتی حیجاب قفڵدەن. ناچار بوون خۆیان وەک بونەوەری کەم و پەست قبوڵ بکەن. ڕۆژانێک دەتوانن بهێننە بەرچاویان کە سێ سێ و چوار ناچاربوون لە شێوەی زەواجی ئیسلامیدا، زات و کەرامەتی مرۆڤانەی خۆیان هەڕاج بکەن. بەڕاستی دەتوانن بۆ ئەو بەدبەختیە بگرین کە ئەو بزوتنەوە سەرسەری و پوچە، کردبوویە بەشیان.

لات ولوتی ئیسلامی لە جێگەیەکدا نین کە بتوانن کۆمەڵگە بتۆقێنن، لە جێگەیەک دا نین کە بتوانن فەزای ئیرعابی ئەخلاقی و کۆنەپەرەستانە لەدژی ژن و لاو و ئازادیخوازی کۆمەڵگە  ڕێک بخەن. لێشاوێک بۆ ڕزگاربوون لەو جوڵانەوە ڕەشە دەستی پێکردوە و هەزاران هەزار ژن، هەزاران هەزار لاو، نەک هەر خەون و ئارەزویان بووە بەوەی کە ئەو کابوسە بڕوا و گۆڕی گوم بکا، بەڵکو خوێن دەدەن و قوربانی دەدەن بۆ ئەوەی شکستی پێ بهێنن و کۆتایی پێ بهێنن.

ئایا چەقرەسەمای گەلەی ئیسلامی لە کوردستانی عێراق دەتوانێ ئەم بێداریە گەورەیە لە چاو ون کا؟ ئایا دەتوانێ ئەوان لەو لێشاوە پەنادا بدات؟ ڕابوونی پیس و کۆنەپەرستانەی ئیسلامی کە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ چ لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕژێم ودەسەڵاتە کۆنەپەرستەکاندا بووبێ چ ڕاستەوخۆ دەسەڵات و قودرەتی دەوڵەتی لە دەستدا بووبێ، بارێکی قورس و گرانی سەر دڵی ئەو کۆمەڵگەیانە بووە. هێزێک بووە کەلە هەوڵی ڕێکخسنتنەوەیەکی ڕاستڕەوانەی دەسەڵات و کۆمەڵگە بووە. لە هەوڵی داماڵینی ئیرادەی جەماوەری کرێکار وبێبەشدا بووەو تەواوی ئیمکاناتی کۆنەپەرستانە و سەرکوتگەرانەی خۆی تا ئەوپەڕ بەکار هێناوە، لە پێناو سەپاندنی کۆنەپەرستی و ڕاستڕەوی لە هەموو ئاستەکاندا. بەڵام ڕەوتی بێداری ئەمڕۆ پێمان دەڵێ کە ئەم چەقرەسەمایەی ئەمڕۆی ئیسلامیەکان لە کوردستانی عێراق ئەگەر گەواهی شتێک بێ گەواهی ئەوەیە کە ئەم ڕابوونە فاشیستە سیاسیە دینیە لە تەنگانەیەکی چارەنووسساز دایە. بۆیە ئەم چەقرەسەمایەی گەلەی ئیسلامی سیاسی وەڵامی ئەم بێدارییە قوڵەی ئەمڕۆ نییە لە ئێران وناوچەکە.

هەڵوەشانەوەی پۆلیسی مۆڕاڵی ئیسلامی و بە هەواداچوونی عەمامە وحیجاب لە ئێران و گڕتێبەردانی ناوەند و ڕەمزەکانی ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستەو تەنیا نیشانەکانی سەرەتای پاشەکشەکردنێکی ستراتیژی کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی و سەرەتاکانی کەوتن و بە چۆکدا هاتنیەتی. ملدانی نیوە و نیو بە جوڵانەوەیەکی قدرەتمەندی سکولار، تەنیا دەتوانێ حاڵەتێکی دیاریکراوی کەوتنی ئەم عیمارەتە کۆنەپەرستە بۆرژواییە دینیە بێت. من لە جێگەیەکی تردا لە گفتوگۆ لەگەڵ بۆپێشەوە لە وەڵامی پرسیارێکدا وتمان کە کەوتنی کۆماری ئیسلامی تەنیا کەوتن و گۆڕانی ڕژێمێک بەڕژێمێکی تر نییە، بەڵکو کەوتنی جوڵانەوەیەکی سیاسی کۆنەپەرستی دنیای ئەمڕۆیە.

بۆیە چینی کرێکار، ژنان و نەسڵی ئەمڕۆ لەسەرحەقن لەو خەباتەدا لە پێناو خستن و داخستنی فایلی کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی. ژیان بە بێ بوونی جوڵانەوەیەکی لەو جۆرە، جوانتر و قابیلی تەحەمولتر و ڕێگەی خەبات و تێکۆشان لە پێناو ژیانێکی ئاسودەتر یەکسانتر، هەموار تر دەبێ. گۆڕینی ئەم ڕاسانە لە پێناو خستنی ئیسلامی و کۆماری ئیسلامی، بە سەرەتای سەرکەوتنێکی سیاسی سۆشیالیستی و چەپ، کاری کۆمۆنیزمی کرێکاران وجوڵانەوەی سیاسی چینی کرێکارە. ڕاماڵینی خامەنەیی و پۆلیسی مۆڕاڵ و چەقرەسەمای ئیسلامی سیاسی لە کوردستان، تازە هەنگاوێکە بە ئاقاری ڕزگاریەکی سۆشیالیستی بنەڕەتی تر.

١٥/١٢/٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.