سەردەمی پاککردنەوەی ئەوروپا لە ئاسەوارەکانی ئیسلامی سیاسی! نووسینی: رێبوار عارف

0

یەک شەممەی رابردو یوڤاسکولا شاریکی تری زنجیرەی کۆرو سیمنارەکانمان بوو لە فینلاندا، کە زۆرترین قسەوباس و بەدواچوونی لەسەر بابەتە پەیوەندارەکانی ئەمڕۆی ئیرانی بەدوای خۆیداهێنا، وە نزیک بە سێ کاتژمێر کۆڕەکە درێژەی کێشا. هەڵبەتە لێرەدا مەبەستم ئەوەنییە کە پەلکێشتان کەم بەدوای تەسەسولی باس و پرسیارو بەدواچوونەکانی بەشداربوواندا، بەلکو هەوڵدەکەم لەپاڵ دەخالەتی یەکێک لە بەشداربوواندا گوازرشتی خاڵی جەوهەری قسەوباسەکان بکەمە هەوێنی باسێک کە مەبەستمە لێرەدا بیخەمە ڕوو کە پێموایە ئێمە دەخاتە بەردەم ئەرکێکی ترەوە، کە بەبروای من پاش تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر ئەم خرۆشان و راپەڕینەی خەلکی ئیراندا هێشتا نەک وەک پێویست کارمان لەسەری نەکردوە، بەڵکو لەڕاستیدا ڤۆکۆسی ئێمە ئەوەندەی لەسەر رووداوەکانی نێوخۆی ئێرانە، ئەوەندە لەسەر کاریگەرەیەکانی ئەم خرۆشانە لەسەر ژیانی خەڵکی ئەوروپاو کەنداو ئەمریکا…نییە!

ڕێگە بدەن بۆچوونە نێو باسەکە لە پرسیاری بەڕێزێکەوە دەست پێکەین، بەلام بەر لەوەی بچمە سەر پرسیارو باسەکەی، پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە مەلەفی نووسین و چاوپێکەوتنەکانی خۆم کە نزیک بە پەنجا بابەتی جۆراوجۆرە کە زۆرێکیان پەیوەندیان بە بارودۆخی ئیران و ئیسلامی سیاسیەوە هەبوو بۆیە لەگەل خۆم بردومە بۆ کۆرو سیمینارەکانی ئەم ڕۆژانە. بەلام ئەم جارەیان دوو بەشداربوو لەباتی قسەکردن لەسەر باس و بابەتەکەی ئێمە لەسەر ئیران، گەرانەوە بۆ هەڵدانەوەی لاپەری ئارشیفەکە، کە لە راستیدا سەرنجی بەشداربووانی تریشی بەدوای خۆیدا پەلکێشکرد، کە لێرەدا ئاماژەیەکی کورتی بە ناوەرۆکی قسەوباسەکەی دەکەین کە بەم شیوە بوو! ((تۆ لە چەند شوێنی نووسین و چاوپێکەوتنەکانتا ئاماژە بەکارکردو کاریگەری ئیسلامی سیاسی دەکەیت لەبوارەکانی تووندتیژی خێزان و نامۆسپەرستی، مافەکانی مندالان و فێرگەو قونابخانەکان، مزگەوت و گۆرستانەکاندا، لە راستیدا بەلەبەرچاوگرتنی بەدواچوونەکانی خۆم لەسەر دۆخی ئیران و هەموو ئەوانەی کە تا بە ئێستەش دەیبیستم واهەست دەکەم یان تیگەشتنکی هەڵە لەلای ئێمە لەسەر چەمکی “ئیسلام ڤۆبیا” هەیە یان ترسێکی جیاواز ڕێگەی پێنەداوین لەبارەی ئەو مەسەلانەوە قسە بکەین و پەرچەکردارمان هەبێت، هەندێ جاریش کەسانێک کەقسەیان کردوە حەزمان لە گوێگرن لە قسەوباسیان نەبوو… ئایا ئێوە چی دەڵێن لەمبارەوە؟!))

وەلامدانەوە بە پرسیارەکە کونچکاوی و بەدواچونێکی زۆر زیاتری لەلای بەشداربووان ڕەخساندو دەتوانم بڵێم بەشێکی زۆری باسەکان هاتەوە سەر ئەوەی کە ئاخۆ چۆن دەبێت مامەڵە لەگەڵ کۆی ئەو بابەتانە بکرێت کە ساڵەهای ساڵە ئیسلامی سیاسی لەم کۆمەلگایانەی ئەوروپادا بە پشتیوانی سەدان مزگەوت و بنکەو بارەگاو کۆرو گروپ و ناوەند و بە ئیمکاناتێکی یەکجار گەورەی مادیەوە کاریان بەوشوێنە گەیاندوە کە نەک تەنیا سەدان و هەزارن کەسی ئەم ولاتانە وەک لایەنگر بەدوای خۆیاندا پەلکیش بکەن، بەڵکو تەنانەت لە شەرەکانی داعشدا بەرادەیەک کەسانێکی ئەوروپیشمان بینیەوە لەسەنگەری دیفاع کردن لە ئیسلامدا، هاوکان ئەوەش بڵێم

 بەبێ هیچ دەمارگیریەک ئەوەندەی کە ئەوان توانیویانە پارسەنگێک بۆ خۆیان بەدەست بهێنن، ئەوەندە بزوتنەوە رادیکال و ئینسانیەکەی ئێمە لەمەیدانی ئەو جەنگەدا نەبووە!

لێرەوە بابچینە نێو ناوەڕۆکی دیوە پەلکێشکراوەکەی ئێوارە کۆری چەند ڕۆژی ڕابرودومان لە شاری یوڤاسکولاو لەوێشەوە بزانین رابردوی ئەم باسە لە ولاتانی ئەوروپادا چۆن بووەو چ هەلومەرجێک هاتووەتە گۆڕێ بۆ کارکردن لەسەر جێگۆرکیەک بە پیگەی ئیسلامی سیاسی لەم ولاتانەدا. کە ڕەنگە کۆدەنگیەک هەبێت لەسەر ئەوەی کاریگەیەکانی خرۆشان و شۆرشی خەلکی ئێران نەک تەنیا ئیران و ناوچەکە دەبەزێنێت، بەلکو لە راستیدا دەنگو ڕەنگو پریشکی ئەو شۆڕشە، ئەوروپا گەلێک ولاتی جیهان دەگرێتەوە.

ئەوروپا لە کوێوە بۆ کوێ؟!

کاریگەریەکانی بلۆکی شەرق لە کۆتای سەدەی رابردودا تەنیا خالی وەرچەرخانێکی گەورە نەبوو لە گۆڕینی هاوکێشەی جەمسەربەندیەکانی جیهان، بەڵکو لە کردەوەدا سەرەتای پاشەکشەیەکی گەورەش بوو بە ماف و ئازادییەکانی ئینسان تەنانەت لە جەرگەی ولاتانی پێشکەوتووی جیهاندا لەنێویشیاندا ئەوروپا.

بینمان کە چۆن هەژاری و بێکاریەک کە لەسەرەتای نەوەدەکاندا لەم ولاتانەدا کەوتەڕێ کەتەنیا ڕاسیزم و نەژادپەرستی نەهێنایەوە مەیدان، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی پاشەکشەیەکی گەورەی بە بیمەو خزمەتگوازارییەکانی خەلک کردو لەنێویشیاندا ئیتر مەلەفی مافی مرۆڤ و مافی پەنابەری بەکردەوە بە مێژووی ڕابردو سپارد.

ئەم پاشەکشە گەورەیە رۆژ بەڕۆژ دۆخەکەی بەو شوێنە گەیاند کە ئیتر ملیارها دۆلار بخرێنە خزمەت داخستنی سنوورەکان و دەریاکانیش بکریتە گۆرستانی کەڵەکەکردنی جەستەی پەنابەران و کۆچکردوانی ئاسیاو ئەفریقاو خۆرهەڵاتی ناوەراست. زۆربەمان ئەو رۆژگارانەمان لەیادە کە لە جەرگەی ئەم ولاتانەدا شیعاری ئەلمان بۆ ئەلمانەکانە و سوید بۆ سویدەیەکانە دەوترایەوەو راسیزم و نەژادپەرستی لەگەشت و گوزەری خۆیدا بوو، وەک ئەوەی کە ئێستە دەبینین کە چۆن لە زۆربەی ولاتانی ئەوروپا ریژەن و لەهەندکیشیاندا مەترسین.

دۆخەکە تەنیا بەوەوە نەوەستاوە کەمەلەفی پەنابەری بە خاڵی کۆتای خۆی بگات، بەڵکو لە هەناوی خۆیدا ئیسلامی سیاسی داوای باجی دەکرد بۆ راستکردنەوەی ئەو پەراوێزخستنەی کەسەردەمانێکی زۆر بەخۆیانەوە بینیبوو. پێویستە ئەوەش بڵین کە ئەمە دەرفەتێکی زێرینیدا بە ولاتانی غەرب و ئەمریکا سەرمایە گوزاریەکی گەورە لەمبارەوە بکەن. لەلایەکەوە بە سوود وەرگرتن لە هێزی کاری هەرزان و ساخکردنەوەی کالاکانی ئەم ولاتانەو لەنێویشیاندا بازارگەرمی جبەخانە سەربازیەکان و بەتاڵان بردنی نەوت و سەرچاوە ژێر زمینیەکان. لەلایەکی تریشەوە بە نائەمنکردنی جیهانی دەرەوەی ولاتانی غرب و ئەمریکا ئاستی چاوەروانیەکان و بژیوی خەلکی ئەم ولاتانە بێنێتە خوارەوەو بڕین و کەمکردنەوەی بیمەو خزمەتگوزاریەکانیان بکەنە حاڵەتێکی ئاسایی و چاوەروانکراو.

هەموو ئەمانەش نەک تەنیا نەرمی نواندن و دەست ئاوەڵایەکی بەرچاوی لە سیاسەتی ولاتانی ئەوروپادا ڕوو بە ولاتانی ئیسلامی کردەوە، هاوکات بۆ قولکردنەوەی قلشتی چینایەتی و دوورخستنەوەی هەر رادەیەک لە هاو دڵی و هاوپشتی لەنێو چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەدا، وەک چۆن لەسەردەمانیکدا بێکاری و هەژاری دەتوانیت داینەمۆی پەرەسەندنی راسیزم و نەژادپەرستی بێت، بەهەمان شێوە ئامرازێکی تریش دەتوانێت ئاستی ئەم جیاکاریە قوڵترو بەرچاوتر بکاتەوە کە ئەویش شمشێری “فرە فەرهەنگی” یە!

بە شێوەیەکی گشتی سیاسەتی فرە فەرهەنگی لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکاندا لەم ولاتانەدا کرایە ناوەندی ئەو بازارەی کە دواکەوتوانەترین و کۆنەپەرستانەترین کالاکانی تێدا نمایشکرا، بۆ ئەم مەبەستەش ولاتانی ئەوروپا بازاریان بە رووی رەواج پێدانی فەرهەنگ و ئایدلۆژیای ئیسلامی سیاسیدا کردەوەو بۆ ڕاگرتنی ئەو باڵانسەش ئیتر بینیمان کە چۆن کار بە جیاکردنەوەی ژینکەو سیاسەتی ” گیتۆیی” دروستکردنی مەحەلاتی پەنابەریەوە نەوەستاوە کە تیدا تەواوی دابونەریت و فەرهەنگی دواکەوتوانەی حۆیانی نمایش بکەن. دواتر بینیمان کە چۆن کردنەوەی مزگەوت و بنکەو بارەگای ئیسلامی دۆخەکەی بە ئاستانەی پێداگرین لەسەر یاسای شەریعە گەیاندو ئیتر تەنیا قونسولی و سەفارەنخانەکان نەبووە بنکەی نەخشەکێشانی تیرۆری هەڵسوڕاوانی سیاسی، بەلکو رۆژ بە رۆژ شەقامەکانی ئەم ولاتانە بوونە مەیدانی ساردکردنەوەی جەستەی ژنان و بینیمان کە چۆن ریژەی کوشتنی ناموسپەرستی رۆژ بە رۆژ لە هەڵکشاندا بوو، بینمان کەچۆن تووندوتیژی بووە مەترسیەکی واقعی لەم کۆمەلگەیانەدا کە ئیسلامی سیاسی تیدا پشکی شێری هەبوو.

 کاتێک کە کاریکاتێری گۆڤاری شارلی ئیبدویان بڵاو دەکردەوە لە ساڵی ٢٠١٥ هێرشێکی فراوانی هێزە ئیسلامیەکانی بۆسەر نوسینەگەی گۆڤارەکە بەدوای خۆیدا هێنا کە بووە هۆی تیرۆرکردنی١٢کەس لە ئەندامانی دەستەی نوسەرانی و تەنانەت کاتێک کە مامۆستایەک وێنەی ئەو کاریکاتیرە نیشانی قوتابیان دەدات و باس لە ئازادی بەیان دەکان گەنجێکی ئیسلامی هەڵدەستێت بە سەربرینی مامۆستاکە کە تووڕیەکی گەورە بەدوای خۆیدا هێنا. فتوای کاریکاتیریستەکەی دانیمارکیش نموونەیەکی تری هاوشیوە بوو لەسەر دروستکردنی کاریکاتیریکی محەمەد پیغەمبەری ئیسلامیەکان، تا دەیان نموونەی تر بەلگەنەویستە بۆ کاریگەریەکانی ئیسلامی سیاسی لەم ولانانەدا. ئێستا کە حکومەنی جمهوری ئیسلامی لە ئاستانەی بە گۆر سپاردندایە، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا پریشکی ئەم خرۆشان وشۆرشە دەتوانێت چ کاریگەریەکی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاولاتیانی ئەم ولاتانە هەبێت، ئێمە چۆن دەتوانین دەورێکی کاروبەرچاومان هەبێت لەگەیاندنی پەیامی ئەو شۆرشەی ئیران بۆ گەرانەوەو بەهیزکردنەوەی بەها ئینسانیەکانی ئەم کۆمەلگەیانەو رزگارکردنیان لەدەست تابوتی ئیسلامی و راچلەکاندنیان بەوەی کە ئەم شۆڕشە دەتوانێت چ کاریگەریەکی لەسەر ژیانی خەلکی ئەم ولانانە هەبێت و بۆ دەبێت بە تەواوی بوونی خۆیانەوە پشگیری لەم راپەرین و شۆرشە بکەن وە ئایا ئەم شۆرشە چ دەرفەتێک دەدات بە بەهێزکردنەوەی سکۆلاریزم و پاشەکشە پیکردنی کۆنەپەرستی و هەروەها ئازادی بیروڕا دەربرین و ئازادی رەخنەگرتن لەهەر ئایدیاو ئایدۆلوژیاو ئاینێک لە جەرگەی ئەم ولاتانی ئەوروپادا….!

  دواجار ئەوەی کە دەمەوێت بڵێم ئەوەیە کە بەبروای من لەجەرگەی ئەم بارودۆخەو لە پرۆسەی ئەم خرۆشان و شۆرشەدا کە سەراپای مرۆڤایەتی چاوی ئومێدی تێ بڕیوە، کارێک و ئەرکێکی هەنوکەی تەواوی ئازادیخوازان و بەرەی رادیکال و چەپ و کۆمۆنیست دەگرێت، ئەوەیە کە چۆن لە ئاستێکی بالادا دەست دەبات بۆ گسکدانی ئاسەوارو کاریگەریەکانی ئیسلامی سیاسی لەم ولاتانەدا، چۆن لەهەولی جەنگێگی دوو تەرەفەدا دەبێت دژ بەم حکومەنانەی کە سالەهایە لەژێرسایەی سیاسەتی فرە فەرهەنگیدا پاشەکشەیەکی تەواویان بە ئازادیخوازی و ماف و بەها ئینسانیەکان کردوە هاوکات هەوساری ئیسلامی سیاسیان بەرداوە بۆ ئەوەی بەو شێوەی کە ئارەزو دەکەن کۆمەڵگە نغرۆی کۆنەپەرسی بکەن، کە دیارە ئێمە دیوێکی جەنگەکەمان لەگەل هەمان ئەو هیزەدایە.

 ئەوەی لەمبارەوە لەهەموو شتێک گرنگترە ئەوەیە کە ئەمڕۆ لەئاستێکی زۆر فراواندا خەڵکی ئەوروپا دڵخۆشن بەو ئالوگۆڕانەی ئیران و بەهاتنە مەیدانی ژنان و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادیەکانیان، کە ئەمە زەمینەیەکی گەورەی پێشوازیکردن و هاوکاری کردنی ئەو خەڵکەیە لەگەل ئێمەداو هەر ئەمەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئێمە کەبتوانین ئەسپی خۆمانی تێدا تاوبدەین بچینە جەنگی ” فرە فەرهەنگی” هەموو ئەو دابونەریتانەی کە سالەهایە ڕەنج دەبەین بە دەستیانەوەو ئێستە ئیتر کاتی پاککردنەوەی کۆمەلگەیە لە ڤایرۆسی ئیسلامی سیاسی و دابونەریتەکانی!

 

********

Leave A Reply

Your email address will not be published.