بنچینە کۆمەڵایەتی و فیکرییەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری شۆڕشی کۆمەڵایەتیو کۆمۆنیزم …کۆمەڵگەی ئازادی کۆمۆنیستی بەشی حەوتەم
بە سەرنجدانێکی کورت ئەوە دەردەکەوێت کە چۆن جیهانی سەرمایەداری جیهانێکی پێچەوانەیە. پەیوەندی نێوان کاڵاکان دەبێتە بناغەی پەیوەندی نێوان ئینسانەکان. هەوڵ و کۆششی گەورەو گران و هەرڕۆژەی ئەو مرۆڤە بێشومارانەی کە کار دەکەن و جیهان دەخوڵقێنن، خۆی لە دەسەڵاتی ڕۆژلەڕۆژ زیاتری سەرمایە بەسەر وجودی ئەواندا دەبینێتەوە. مەبەست لە چالاکی ئابووری بەرهەمهێنانی پێداویستیەکانی ئینسانەکان نییە، بەڵکو قازانج هێنانە بۆ سەرمایە. گەشەی هەموو ڕۆژەی تەکنەلۆژی و مەعریفەی زانستی و هونەریی کە کلیلی بەختەوەری و خۆشگوزەرانی ئینسانە، لەم نیزامەدا دەبێتە مایەی بێکاری و بێبەشیی هەرچی زیاتری سەدان ملیۆن کرێکار. لە جیهانێکدا کە لەسەر شانی هاوکاری و هەوڵی بەکۆمەڵ بیناکراوە، ڕکابەرایەتی حوکم دەکات. ئازادی ئابووری تاکەکانی کۆمەڵ پەردەیەکە بۆ داپۆشینی ناچاریی هەموو ڕۆژەی ئەوان بۆ ئامادەبوون لەبازاڕی کاردا. ئازادی سیاسی تاک لە راستیدا بێمافی و بێکاریگەری سیاسی ئەو دەشارێتەوە و مەشروعییەت بە دەوڵەت و حوکمڕانیی سیاسی چینی سەرمایەدار دەدات. یاسا، ئیرادە و بەرژەوەندیی چینی دەسەڵاتدارە کە بە شێوەی ڕێوشوێنێک بۆ هەمووان داڕێژراوە. لە عەشق و ئینسانییەتەوە بیگرە تا ماف و دادوەری، لە هونەر و ئەفراندنەوە بیگرە تا زانست و حەقیقەت، مەقولەیەک لە جیهانی سەرمایەداریدا پەیدا ناکرێت کە مۆری ئەم لنگەوقوچیەی پێوە نەبێت.
ئەم دنیا لنگەوقوچە دەبێ لەسەر پێی خۆی دابنرێتەوە. ئەمە ئەرکی کۆمۆنیزمی کرێکاریە. ئەمە ئامانجی شۆڕشی کۆمۆنیستیی چینی کرێکارە.
تەوەرەی سەرەکی شۆڕشی کۆمۆنیستی هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتیە بەسەر هۆیەکانی کار و بەرهەمهێناندا و کردنێتی بە موڵکی گشتیی هەموو کۆمەڵگە. شۆڕشی کۆمۆنیستی کۆتایی بە دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگە دەهێنێ و نیزامی کاری بەکرێ لەناودەبات. بازاڕ و ئاڵوگۆڕی کاڵایی و پارە لەناودەچن. بەرهەمهێنان لەپێناو پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی هەموو جەماوەر و بۆ خۆشگوزەرانی هەرچی زیاتری هەموو ئینسانەکان جێگای بەرهەمهێنان لەپێناو قازانجدا دەگرێتەوە. کار، کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا بۆ زۆربەی هەرەزۆری جەماوەر تەقەلایەکی ناچاریی و کوێرانە و تاقەتپڕوکێنە لەپێناوی بەڕێوەچوونی گوزەراندا، جێگای خۆی دەدات بە چالاکی خوڵقێنەرانەو ئارەزوومەندانە و ئاگاهانەی جەماوەر بۆ هەرچی دەوڵەمەندترکردنی ژیانی ئینسانی. هەر کەسێک بەوپێیەی کە ئینسانە و چاوی بە کۆمەڵگەی ئینسانی هەڵهێناوە بە یەکسانی لە هەموو نیعمەتەکانی ژیان و بەروبومی کاری هاوبەشی ئینسانەکان بەهرەمەند دەبێت. لە هەر کەسێک بەپێی توانای و بۆ هەرکەسێک بەپێی پێویستیەکانی، ئەمە بنەمایەکی سەرەکی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیە.
نە تەنها دابەشبوونی چینایەتی بەڵکو دابەشبوونی پیشەیی ئینسانەکانیش لەناودەچێت. هەموو مەیدانەکانی چالاکی خوڵقێنەرانە بەڕووی هەموواندا دەکرێتەوە. گەشە و هەڵدانی هەر تاکێک دەبێتە مەرجی گەشە و هەڵدانی کۆمەڵگە. کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی کۆمەڵگەیەکی جیهانیە. سنوورە میللی و نیشتمانیەکان دەسڕێنەوە و ناسنامەی جیهانداگری ئینسانی جێگای دەگرێتەوە. کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی کۆمەڵگەیەکە بێ دین، بێ خورافە، بێ ئایدۆلۆژیا و دوور لە کۆت و زنجیری نەریت و ئەخلاقییاتە کۆنەکان بەدەستوپێی ئەندێشەی ئازادی ئینسانەکانەوە.
لەناوچوونی چینەکان و ململانێی چینایەتی، دەوڵەت دەکاتە دیاردەیەکی زیادە. لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیدا دەوڵەت دەپوکێتەوە. کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی کۆمەڵگەیەکە بێ دەوڵەت. کاروباری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی هەرەوەز و هاوبیری و پەیوەندیگرتن و بڕیاردانی هاوبەشی هەموو ئەندامانی کۆمەڵەوە یەکلایی دەکرێتەوە.
بەم جۆرە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی بۆ یەکەمین جار ئامانجی ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان بەمانای واقعی وشەکە وەدیدێنێت. ئازادی، نە تەنها لە ستەم و سەرکوتی سیاسی، بەڵکو لە ناچاریی و یەخسیربوونی ئابوری و ئەسارەتی فیکریی. ئازادی لە مومارەسەکردنی لایەنە جیاجیاکانی ژیان و لە گەشە و هەڵدانی توانای خوڵقێنەرانە و سۆزە پیرۆزە ئینسانیەکاندا. یەکسانی، نە تەنها لەبەرامبەر یاسادا، بەڵکو لە بەهرەمەند بوون لە ئیمکاناتە ماددی و مەعنەویەکانی کۆمەڵگە. یەکسانی پلە و بەهای هەمووان لە بەرامبەر کۆمەڵگە.
کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی شاری خۆشبەختی و ئاواتێکی خەیاڵیی نییە. هەموو مەرجەکانی پێکهاتنی نیزامێکی بەم جۆرە، لەهەناوی هەرئەم جیهانە بەردەستەی سەرمایەداریدا هەرئێستا فەراهەم کراون. توانای زانستیی، تەکنەلۆژیا و بەرهەمهێنانی ئینسانی ئەمڕۆ هێندە ئەبعادێکی مەزنی پەیداکردووە کە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک لەپێناو پڕکردنەوەی پێداویستیەکان و دابینکردنی ئاسایشی هەموواندا بەتەواوی لەتوانادایە. شۆڕشە ئەلکترۆنیک و ئینفۆرماتیکەکانی دەیەکانی ئەم دواییە و گۆڕانکاری سەرسوڕهێنەر لە هۆیەکان و شێوازەکانی پەیوەندیگرتن و گەیاندنی بیستراو و بینراوی زانیاریدا، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی جیهانی و بەشداریی هەمووانی لە داڕشتن و بەرنامەڕێژی و ڕاپەڕاندنی کاروبارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە زیاتر لە هەمیشە مەیسەر کردووە. بەشێکی زەبەلاح لەم توانای بەرهەمهێنانە هەرئێستا یان بەشێوەی جۆراوجۆر بەفیڕۆ دەدرێت وەیان بەئەنقەست دەخرێتە خزمەت بەرگرتن بە خستنەگەڕی ئەم ئیمکاناتە لەپێناو پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ئینساندا. بەڵام سەرباری هەموو گەورەیی سەروەت و سامانی ماددی کۆمەڵگە، کۆڵەکەی سەرەکی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی هێزی خوڵقێنەر و زیندووی ئەو ملیارەها ئینسانەیە کە لە یەخسیربوونی چینایەتی، لە کۆیلایەتی بەکرێ، لە یەخسیربوونی مەعنەوی و لە خۆبێگانەبوون و لەو سووکایەتیە ڕزگار دەبن کە ئەم نیزامەی ئێستا دەیسەپێنێ بەسەریاندا. ئینسانی ئازاد، زامنی وەدیهاتنی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیە.
سەرمایەداری خۆی ئەو هێزە مەزنە کۆمەڵایەتیەی خوڵقاندووە کە دەتوانێ ئەم ئاسۆ ڕزگاریبەخشە بەکردەوە وەدیبێنێ. توانای سەرسوڕهینەرانەی سەرمایە کە بە پانتایی جیهاندا بڵاوبۆتەوە، ڕەنگدانەوەی توانای چینێکی کرێکاری جیهانیە. کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی بەرەنجامی شۆڕشی کریکاریە بۆ کۆتایی هێنان بە نیزامی کۆیلایەتی بەکرێ. بەم پێیە شۆڕشی کرێکاری شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیە کە بە ناچاری هەموو بنج و بنەوانی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان هەڵدەتەکێنێ. چینی کرێکار، بەپێچەوانەی هەموو چینە ژێردەستەکانی مێژووی ڕابردووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیەوە، ناتوانێ ئازاد ببێت بەبێ ئەوەی کە هەموو مرۆڤایەتی ئازاد بکات. کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی یۆتۆپیا نییە، بەڵکو بەرەنجام و ئامانجی خەباتی چینێکی مەزنی کۆمەڵایەتیە لە دژی سەرمایەداری. خەباتێکی زیندو و واقعی و ڕۆژانە، کە تەمەنی بەئەندازەی تەمەنی خودی کۆمەڵگەی بۆرژواییە.
ماویەتی