جادەیەک بە کوردستاندا Road Through Kurdistan

0

لە ئوسترالیا لە ڕیکەوتی 10ی نۆڤەمبەری 2009 لە یەکێک لە کتێب فرۆشەکانی شاری سیدنی ئەم کتێبەم بەو ناونیشانەی سەرەوە بەرچاوکەت و سەرنجی ڕاکێشام و کۆپییەکم لێ کڕی. پێشتر ئەوەم ئەزانی کە لەلای ڕەواندوز جادەیەک هەیە کە بەسەرپەرشتی بەریتانییەکان دروستکراوە و ناوی (هامیڵتۆن)ە.

نووسەری ئەم کتێبە ناوی (ئارچیبۆڵد هامیڵتۆن)ە (1898-1972)، کە ئەندازیارێکی نیوزیلەندی بووە، کە لەگەڵ سوپای بەریتانیادا لە سینگاپور و پاشان دیوانیە لە عێراق و جا بۆ کوردستان کە لە 1928 تا 1932 لە کوردستان بووە، وە لە هەندێ وڵاتی تری ئەو ناوچەیە و لە وڵاتانی ئەفریقاشدا ئیشی لەگەڵ سوپای بەریتانیادا کردووە و سەرپەرشتی دروستکردنی پرۆژەکانیانی کردووە و نەخشەکێشی ڕێگا و پردە ئاسنیینەکان بووە. جادەی هامیڵتۆن کە لە هەولێر و شەقڵاوە و ڕەواندوزەوە تا سەر سنووری کوردستانی ئێران ڕۆیشتووە، بە ناوی ئەم ئەندازیارەوە ناونراوە.

ئەم کتێبە چاپی یەکەم و دووەمی لە 1937 و 1958 دا لە لایەن نووسەرەوە بڵاوکراوەتەوە. وە چاپی سێهەمی لە 2004 دا لە لایەن (دایڤید ماکداوڵ)وە بڵاوکراوەتەوە بە پێشەکییەکەوە کە بۆی نووسیوە. لە کاتی خۆیدا بەریتانیا ڕەزامەندی شای ئیرانی وەرگرتووە بۆ دروستکردنی ئەم جادەیە و گوایە مەبەست لێی بازرگانی و کۆنترۆڵکردنی هۆزە کوردەکانی ئەو ناوچەیە بووە. وە ئێرانیش ڕەزامەندی داوە کە درێژەی پێبدا و بەشی دیوی خۆی لەم جادەیە تەواو بکات.

دروستکردنی ئەم جادەیە چوارساڵی خایاندووە و بە سەدان و هەزاران کرێکار ئیشی تیادا کردووە. لە سەرەتادا بەنیازبوونە کە هێڵی شەمەندەفەر لە هەولێرەوە تا سنوری ئێران دروستبکەن. پێش ئەوەی هامیڵتۆن بێت لە 1927دا دەستیان بە هێڵی شەمەندەفەرەکە کردبوو لە هەولێر تا نزیک شەقڵاوە کاری تیادا کرابوو. پاشان پلانەکەیان گۆڕی و کردیان بە جادە. ساڵی یەکەم واتە لە 1928 ئیشکردن لەم جادەیەدا بە کەرەسەی زۆر سەرەتایی بووە، تا لە 1929دا ئامێری قورسیان بۆ هاتووە. لەسەرەتادا کرێکارانی هیندی و عەرەبیان هێناوە، کە شارەزاتربوونە لە ئیشەکەدا. لەسەرەتادا ئیشیان زۆر کەم دابوو بە کرێکارانی کورد و گووندنشینەکانی ئەو ناوچەیە، گوایە لەبەرئەوەی شارەزا نین و ڕەنگە ئامێرەکان بشکێنن و هەر ئامێرێک ئەگەر شکا ئەوا ئەبێت بیبەنەوە بۆ بەغدا کە بنکەی سەرەکی چاککردنەوەی لێیە. بە زۆری کرێکارانی کورد، سەختترین ئیشەکانیان کردووە، کە بەکارهێنانی تەقەمەنی و تەقاندنەوەی شاخ و بەردەکانی سەر ڕێ بووە. هامیڵتۆن باسی هەندێ کرێکار ئەکات کە دەست و چاوی بە هۆی تەقینەوەوە لەدەست داوە، وە باسی ئەوە ئەکات کە خۆی چووە بۆ هەولێر موچەی کرێکارەکانی هێناوە.

بەداخەوە تا ئێستا هیچ مێژوونووسێکی کورد لێکۆڵینەوەی نەکردووە لەسەر وەزعی ئەو کرێکارانەی کە چوار ساڵ لەو پرۆژەیەدا ئیشیان کردووە. کە پرۆژەکە گەورەترینی سەردەمی خۆی بووە لەو ڕۆژگارەدا لە کوردستاندا. مێژوونووس دکتۆر کەمال مەزهەر نامیلکەیەکی هەیە لەسەر مێژووی چینی کرێکاری کوردستان، بەداخەوە ئەویش لەوێدا باسی ئەم مێژووەی کرێکارانی لە جادەی هامیڵتۆن نەکردووە.

ئەم کتێبە چەندین وێنەی ئەو سەردەمەی تیادایە، شاری هەولێر لە ئاسمان و لە زەوێوە کە لەچاو ئێستادا زۆر بچوک دیارە. هامیڵتۆن گەرچی ئەندازیار بووە، بەڵام وەک دبلۆماتێکیش هەڵسوڕاوە لە نێو هۆزەکانی ئەو ناوچەیەدا کە ناکۆک بوونە و زۆرجار شەڕ و تەقەیان لە نێواندابووە. هامیڵتۆن توانییویەتی کە هەموویان ڕازیبکات بۆ بە سەرئەنجام گەیاندنی پرۆژەکەی.

 

عامر سابیر

28/11/2022

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.