مەلاکانی کوردستان: سەیرکردنی یاری تۆپی پێ حەرامە… بۆپێشەوە: دەبێ ئیسلامیەکان و مەلاکان لغاوبکرێن!! عەبدوڵا مەحمود

0

 ژمارەیەکی زۆر لە مەلاو ئیسلامی و سەلەفیەکانی کوردستان، لەبەرامبەر یارییەکانی مۆندیالدا، کە بە ملیاردەها ئینسان لەسەر گۆی زەویدا، بەگەورەو بچوکەوە، بەژن و پیاوەوە، سنوربر و سەراسەرییەوە، سەیری یارییەکان دەکەن و وەکو بەشێک لەسەر گەرمی خۆیان کاتی بۆ تەرخان دەکەن، ئەو ریزە لە مەلاو ئیسلامی هاواریان لێ هەڵساوە دەڵێن… سەیرکردنی وەرزش حەرامە! دەڵێن سەیرکردنی یاری یانی بەیعەت دان بەدوژمنی خوای گەورەو حەرامە! دەڵێن سەیرکردنی یاری تۆپی پێ واتە سەیرکردنی شەیتان و حەرامە! دەڵێن گەورەترین تاوان سەیرکردنی یاری تۆپی پێیە و حەرامە!.

سەلەفیەکان و ئیسلامی و مەلاکانیان، هیچ گۆشەو لایەنێکی ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵک نەماوە دەستێوەردانی تیدا نەکەن و فتوای پاکەتی بۆ ئامادە نەکەن. شمشێری حەڵاڵ و حەرامیان، بەدەستەوەیە و هەمیشە رای دەوەشێنن. ئەوە جێگای ڕامانە ئەوەیە هەر ئەو ریزە لە بلۆکی هەرە دواکەتوو شەرمەزاری کۆمەڵگە و پشتیوانەکانیان… پیادەکردنی هەموو مافێکی سەربەخۆ و ئازاد و بریاری تاک، دەخەنە ژێر شمشیر و فتوای حەڵال و حەرامەوە. کەچی زەواجی مناڵی کچی ٩ ساڵ بە حەڵاڵ دەزانن… لێدان لە ژن و تەمبی کردنی بە حەڵال و ڕێپیدراو دەزانن… چوار ژنە بۆ پیاو بە حەڵال دەزانن… فەحشای فەرمی سونی و شیعی، زەواجی میسار و موتعە بە حەڵاڵ دەزانن… فرۆشتنی ژنی ناموسوڵمانی دیل لە بازاری معامەلەدا بە حەڵال دەزانن… رێکخراوەی ئینسان کوژی وەکو داعش بە حەڵال و رەوا بۆ کۆمەڵگە دەزانن… هەژاری و بێبەشی و نەبوونی بۆ زوربەی کۆمەڵگە بەحەڵال دەزانن و دەڵێن ئەوە بەشی خودایەو ئەو رسق دەدات و دابەشی دەکات… بێدەنگەکردنی خەڵک و بۆ قبوڵکردنی زوڵم و ستەم بە حەڵال دەزانن و دەڵێن” لان شکرتم لازدنکم”…

ئەم بەڵاو فایرۆسانەی کۆمەڵگە کە دەسەڵاتی سیاسی وەکو چاوی خۆیان بەرگریان لێدەکات، چونکە بەرگری لەدەسەڵات و ستەمەکانیان بەرەواو حەڵاڵ دەزانن، هێندە پێیان لێ درێژکردووە، هێندە ئاستی دەستێوەردانەکانیان لە کۆمەڵگەدا پەرەپێداوە، کە دەبێ لغاو بکرێن.

خولیا بۆ کردنی هەر یاری و وەرزشیک و سەیرکردنی یارییەکان، هەر یاری و وەرزشێک، مافێکی زۆر سادەو ساکار و سەرەتایی هەر ئینسانێکە. کەسانێک کە بەهەر پاساویك دەیانەوێت ئەو مافە لە خەڵک و تاکەکانی زەوت بکەن و بەسەر حەڵاڵ و حەرامدا دابەشی بکەن… نامۆن بە ئینسان و هەموو مافە ئینسانیەکان و ڤیرژنێکی نوێی بوونەوەری نامۆن، کە دەبێت بخرێنە قاڵبی ئەو فێرژنەی بۆ ئەوان گونجاوە. دەبێ لە کۆمەڵگەدا دەستیان کۆتا بکرێت و تەنانەت بەهۆی سوکایەتی و ئیهانەو بێرێزی کردن بخرێنە قەفەزی زیندانەوە.

هێرش و سوکایەتی و بەتاوانی عوزما دانانی سەیرکردنی یارییەکان و وەرزش، هێرش و سوکایەتیەکی ئاشکرایە بۆسەر ملیاردەها ئینسانی موسوڵمان و مەسیحی و یەهودی و پرۆستانت و کاسۆلیک و بێدین و دیندار و هەموو نەتەوەکانی دنیاو رەنگەکانیان….

لەم دۆخەدا کە دەسەڵاتی سەرمایە لە ئیراندا کە بەدەستی ئاخوندەکان و ئیسلامی سیاسیەوەیە، کەوتۆتە لەرزەو لەسەر لێواری قەبرە، ئەم ریزە لە فایرۆسەکانی کۆمەڵگەش لە یەکەم رۆژەکانی سەرکەوتنی راپەرینی خەڵکی ئیراندا، دەبنە میژوو و کەنار دەخرێن، بەڵام نابێت تا ئەوکاتە لەبەرامبەر بە هیرش و سوکایەتیەکانیان بێدەنگە بکرێت، دەبێ هەوسار پچراویان بەری پێ بگیرێت و لغاو بکرێن و رووبەڕووی دادگایی بکرێنەوە، ئەمەش کاری بزوتنەوەی ئازادیخوازی و پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگەو هەموو ئەو ئینسانانەیە کە بەدوای ژیانێکی ئازاد و سەربەخۆدا وێڵن و بۆی تیدەکۆشن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.