مەحمود حەلاق:  بەبڕوای من ئەم بزووتنەوەیەی خەڵک لەم ڕاپەڕینەدا پلاتفۆرمێکی بەقازانجی بزووتنەوەی سۆشیالیستی چینی کرێکار ‘”کۆمۆنیزم”  زۆر بەسادەیی و ڕۆشنتر هێناوەتە دەرەوە .. دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕی مەحمود حەلاق، ئەندامی کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان سەبارەت بە” راپەرێنی خەڵکی ئێران و ئایندەی ئەم خرۆشان و ڕاپەرینە”

0

بۆپێشەوە : هەستان و ڕاپەڕینی جەماوەری لەئێران پێی نایە دوو مانگەوە، هۆکاری درێژەکێشانی ئەم ڕاپەڕینە بۆچی دەگەڕێتەوە؟!

سەرەتا: زۆر سوپاس بۆئێوەو بۆ ڕۆژنامەی بۆپێشەوەی ئازیز…

مەحمود حەلاق: ڕاپەڕین لەئێراندا سەرەڕای نەبوونی ئاسۆیەکی سیاسی ڕۆشن کەبەبڕاوی من یەکێکە لەزوعفە گەورەکانی، بەڵام لەئەنجامی گۆڕانی باڵانسی هێز کە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیزم لەئێراندا هێناویەتە پێشەوە بەزیانی جمهوری ئیسلامی، یەکێکە لەسەرەکیترین هۆکاری بەردەوامبوونی ئەم ڕاپەڕینەیە، هەر ئەم باڵانسی هێزە، جەسوری و ئیرادەیەکی فوق العادەی بەخشیوە بە زهنەیەت و  بڕیارلێدانی خەڵک بۆ ڕووخاندنی ڕژێم و لەمەیداندا مانەوەی بەشەوو بەڕۆژ .. ئەمە بەجۆرێکە کە سەرتاپای کۆمەڵگەی خستۆتە سەرەتاو دەروازەی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگیڕانەو کۆمەڵگەی بردۆتە قۆناغێکەوە کەبەبڕوای من ئیتر بواری گەڕاندنەوەی بۆدواوەی نەهێشتۆتەوە.. کەم نییە مەسەلەی ژن و ئازادی و یەکسانی ئەوانی کردووە بەکەیسی کۆمەڵگەو تەنانەت بەشەریەتی ئازادیخوازی جیهانیشی هێناوەتە پشتی خۆیەوە. کەم نییە زیاتر لەچڵ ساڵ تیرۆرو ئیعدام و بێکاری و کەسابەتی خەڵک، نەداری و گرانی کەمەر شکێن .. ڕاگرتنیان لەوەزعێکی تا ئەودیو ئێسکیشەوە نائینسانی … ڕاپەڕین لەم کەناڵەوە هاتۆتە دەرەوەو ئەم ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەیەی هێناوەتە سەرشانۆی ڕووداوە گرنگەکان کەلەجەوهەری خۆیدا دەیان پەیامی ئینسانی هەڵگرتووە، مەگەر ئەمانە بەس نین، بۆئەوەی ئیرادەی خۆپیشانداندەران بەهێزەوە لەمەیداندا بمێنێتەوە ؟

بۆپێشەوە: جیاوازی ڕاپەڕین و هەستانی جەماوەری ئەمجارەی ئێران لەگەڵ ئەوانی پێشووتر چیە؟!

مەحمود حەلاق: بەبڕوای من جیاوازییان نییەو لەمەودای نزیک و دووری خۆیدا یەک بزووتنەوە بوون بۆڕاپەڕین، بەڵام هەتا هاتووە شەفاف ترو خاراوتر و سیاسی تر بووەتەوە کە بەم قەدوقامەتەی ئێستایەوە هاتۆتە مەیدانەوەو خۆی نمایش دەکات. ئەم ڕاپەڕینەی خەڵکی ئێران نەوەکو ڕاپەڕینە پچڕ پچرەکانی بەغدادو باشوورو ناوەڕاستی عێراقەو نە وەکو بەهاری عەرەبی کە من ناوم لێناوە زریانی عەرەبی! بەڵکو بەرئەنجامی قۆناغ دوای قۆناغی بزووتنەوەی کرێکاری و جەماوەرییە، بەرئەنجامی هاوسەنگی و باڵانسی هێزە لەنێوان چینی کرێکاری ئێران و خەڵک و دەسەڵاتی نەنگینی ئاخوندەکان بەدرێژایی زیاتر لەچڵ ساڵ کە هەم پێشرەی کردووەو هەم سیاسی ترو ڕۆشنتریش بووەتەوەو بەم سیمایەی ئێستایەوە لەمەیداندایە.. ئەم ڕاپەڕینە بۆیە بەهێزەو پەلاماردەرو لەسەرشەقام و ناوشارەکان بەهێزی خۆیشی ماوەتەوە، لەئەنجام و ئاکامی مەیدانداری ڕەوتە کۆنەپەرستەکاندا لەدایک نەبووە هەروەک لەزریانی عەرەبیدا بینیمان کەلەگەڵ گەورەبوونەوەیدا لەبار بچێت، بەڵكو ڕێک بەپێچەوانەوە، لەدژی کۆنەپەرستی و هەژموونی ئیسلامی و ئیسلامیەکاندا هاتۆتە سەرشانۆ بۆ ئاڵوگۆڕ، کەبەبڕوای من ئەم نەبەردە گەورەیەو ئەم تێڕوانینە ڕیشەدارەی خەڵک، پێشکەوتووتنخواز، ئینساندۆستەو لەپێناوی ئازادیدا قارەمانانە لەمەیداندایە. ئەم ڕاپەڕینە سێکۆلاریست و چەپ و ڕادیکاڵە، دژی ئیسلام و کارکردە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەوە، ڕەنگ و سیمای ژنانەی هەڵگرتووەو ئازادی و یەکسانی ئەوانی کردووە بە پێوەری ڕزگاری کۆمەڵگە، چونکە ڕژێمی ئیسلامی دژە ژنە .. بۆیە بەبڕوای من ئەم بزووتنەوەیەی خەڵک لەم ڕاپەڕینەدا پلاتفۆرمێکی بەقازانجی بزووتنەوەی سۆشیالیستی چینی کرێکار ‘”کۆمۆنیزم”  زۆر بەسادەیی و ڕۆشنتر هێناوەتە دەرەوە ..

بۆپێشەوە:  کاتێک تەماشای دروشمەکانی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران دەکەین، ڕادیکاڵ و یەجگار پێشکەتووخوازانەو چەپییە ، هۆکاری ئەمە چیە؟!

مەحمود حەلاق: من  نامەوێت بچمەسەر ئەوەی کەخەڵکی ئێران و چینی کرێکار لەئێراندا چ دەرس و تەجروبەیەکی تاڵی هەبووە لەدەسەڵاتی سەرمایەی پاشایەتی و بەدێژایی چل ساڵیش لەلایەن جمهوری ئینسانکوژی ئیسلامیەوە، بەڵکو لەلایەکی تریشەوە ئێستا خەڵکی ئێران بازاڕی سەرمایەی جیهان سازی نیئۆلیبرالیزمی سەرمایەداری جهیانیش کەناسیونالیستە سەڵتەنەت تەڵەبەکانی ئێستا لێکی بۆ دەڕێژن لەبەرچاویانە کەچ کارەساتێکی بۆجەنگ و مەرگ و برسێتی و بێکاری لەجیهاندا هێناوەتە پێشەوە، چ دەردو بەڵاو فەلاکەت و ڕۆژ ڕەشییەکیان بەسەر خەڵکی ئێراندا هێناوە…  هەربۆیە کاریگەرییەکانی بزووتنەوەی ئینسانی چینی کرێکاری ئێران بەسەر خەڵکەوە کەیەکێکە لەسەرەکیترین و ڕیشەدارترین و ئێسک سوکترین بزووتنەوە لەئێراندا، خۆشەویست تر و نازدارتر ئەخاتە پێش چاوانەوە. مێژوی ئەو چینە خەبات و تێکۆشان بووە لەپێناوی ئێرانێکی باشتردا، قۆناغ و فازی خوێناوی بڕیوەو دەیان نشست و پێشڕەوی بڕیوەو هەرجارەش خاراوترو ڕۆشنتر هاتۆتەدەرەوە .. هاتۆتە مەیدانەوە بۆئاڵوگۆڕ بەقازانجی گشتی کۆمەڵگەو ئێساتەکەش لەمەیداندا خەریکە مۆری خۆی دەنێت بە بزووتنەوەکەی خۆیەوە کەسۆسیالیزمە… بەم هۆیەوە لەمەودای دووری خۆیدا کاریگەری سیاسی و فەرهەنگیەکانی خۆی بەسەر سەری کۆمەڵگەوە بەجێ هێشتووە، چونکە ئینسانیە و دژی زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەیە، دیفاع لەژیان و ئایندەو زیندوومانەوەی ئینسانی ئەو وڵاتە دەکات، لەسەنگەری دیفاع لەقەزیەی ژن و ئازادی و یەکسانی ئەواندایە، لەسەنگەری بەئینسانی کردنەوەی کۆمەڵگەدایە و هەڵگری پەیام و بانگەوازێکی ئینسانییە و بەم هۆیەو دەیان هۆی ترەوە ڕۆح سووک کەوتۆتە پێش چاوانەوە … هەربۆیە کاریگەرییەکانی هێندە قوڵن کە توانیوێتی سیمای سیاسی بەشی هەرزۆری خۆپیشاندانەکان بەقازانجی گشتی خەڵک و بەهێزکردنی بزووتنەوەکەی خۆی بگۆڕڕێت و شیعارو هوتافاتەکان ڕادیکاڵ و چەپگەرایی لەهەر خۆپیشاندان و کوچەو شەقامی شاردا ببێت بە سەرەکی ترین شیعارو هوتافات…

بۆپێشەوە: ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران زۆر زوو لەپشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی جیهان بەهرەمەند بوو، ئەو هۆکارانە کامانەن کەوای لەخەڵکی جیهان کرد پشتیوانی لەڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بکەن؟!

مەحمود حەلاق: خودی ڕاپەڕینەکە مادام هەڵگری پەیامێکی ئینسانی و سیمای ژنانەی هەڵگرتووە، هەربەو دەلیلەش جێگای پشتیوانی بێ درێغی بەشەریەتی ئازادیخوازی جیهانە… هاتنە دەرەوەی ژنان بۆڕاپەڕین و بەشداری کارای ئەوان شانبەشانی لاوان و خەڵکی ئازادیخواز، دژایەتی سەرسەختانەی ئیسلام و سوتاندن و دڕاندنی ڕموزە ئیسلامیەکان، خاپورکردنی پەیکەری ئیمامەکانی ئومەتی ئیسلامی، سوتاندنی بارەگاو مقەڕو مۆڵگاکانی ڕژێم… هەموو ئەوانە بەشێکی گرنگن بۆپەیوەست بوون و پشتیوانی خەڵک لەئاستی نێونەتەوەییدا … هەروەها ڕۆڵ و نەخش و مانەوەی لایەن و ئەحزابی کۆمۆنیست و ئازادیخوازان لەئەوروپا  بۆ سەپۆرتی ڕاپەڕین و خۆپیشاندەران و ناساندنی پەیامی ئەم ڕاپەڕینە، بۆخۆی جێگاو نەخشێکی دیارترو کاریگەرتری خستەسەر زهنەیەت و هۆشی خەڵک لەئاستی جیهاندا …

بۆپێشەوە: ئایندەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەو ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران چۆن دەبینن؟! ئایا جمهوری ئیسلامی دەتوانێت سەرکوتی بکات، یان لەوە تێپەڕیووەو پاشەکشەی پێ ناکرێت؟!

مەحمود حەلاق: بەبڕوای من چەند فاکتەرێک گرنگن بۆ بەردەوامی و چوونە سەرو پێشڕەوی زیاتری ڕاپەڕین و تەبدیلکردنی بۆشۆڕش کەلەخوارەوە بەکورتی ئیشارەتیان بۆ دەکەم، بەڵام خودی ڕاپەڕین و هاتنەدەرەوەی ژنان، هاتنە دەرەوەی چینی کرێکار بەقەدو قیافەی چینایەتی خۆیەوە، ئیشارەتێکن بەرەو ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی کەبۆدواجار لەنەبەردێکی گەورەتردا کۆتایی بەدرەندترین دەسەڵاتی سەرمایەی ئیسلامی دەهێنێت… ئەو تایبەتمەندییانەی کەلە پرسیارەکانی پێشتردا بەکورتی باسم کردن، نەفرەتی قووڵی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بەژن و پیاوەوە لەدژی ئیسلام و ڕەوەندی ئیسلامی، بەرجەستەکردنەوەی ئازادی ژنان و یەکسانیخوازی، لەپێداگری لەئازادی و دژایەتی سەرسەختانەی ئیسلام، هەرلە وەستانەوە لەدژی بێکاری و هەژاری کەمەر شکێن و تاد… ، هەموو ئەوانە فرسەتی گەورەو فازو قۆناغێکی بێوێنەو لەبارترو خاراووتری هێناوەتە سەر شانۆی ڕوداوەکان کە ئیتر کۆمۆنیزم و چینی کرێکارو چۆن بتوانێت ببێتە ئاکتەرو یاریکەرێکی سەرەکی شۆڕش بەرەو سۆسیالیزم… بەبڕوای من خودی ئەم ڕاپەڕینەو بەردەوام مانەوەی بەهێزی خۆیەوە، ئەم دەرگایەی بۆ چەپ و کۆمۆنیستەکانی ناو بزووتنەوەی سۆسیالیزمی کرێکاری بەکراوی هێشتۆتەوە…

ئەو فاکتەرانەی کەدەبنە بەردەوامی ڕاپەڕین و خاراوتربوونەوەو مانەوەشی لەمەیداندا بەقیافەی خۆیەوە، دەتوانێت ئەمانە بێت: هەڵوەشاندنەوەی یاساو ڕێسا شەرعیە ئیسلامیە دژەژنەکان، فەراهەمکردن و بەفەرمی ناسینی ئازادییە سیاسییەکان وە لەدواییشدا ئازادی زیندانیانی سیاسی،  کەبەبڕوای من ئەم سێ کەناڵە دەتوانێت ئیرادەی خەڵکی بەهێزترو هەمیشە دەمەزەرد بکاتەوەو  بەم هۆیەشەوە دەرک و فکری ڕۆشنتر بکاتەوە لەوەی کەئیرادە و بڕیار چەندە گرنگن بۆپێشڕەوی زیاتر بەرەو سەرنگونی و شۆڕش…

ئەوەی کەدەمێنێتەوە ئایا جمهوری ئیسلامی دەتوانێت ڕاپەڕین سەرکوت و خوێناوی بکات! بەستراوەتەوە بە مانیفێست و ئاسۆو سیاسەتێکی تەواو سۆسیالیسیتیەوە .. هەرگیز ئەوروپا و ئامریکا، سەرەڕای دەستەپاچەییان لە دیاریکردنی دەسەڵات و حوکومەتی دڵخوازی خۆیاندا، هەروا بەسادەیی سەیرکەر نین کە دەسەڵات بکەوێتە دەستی خەڵکەوە لەڕێگای شوراو بەدیلی کۆمۆنیستیەوە .. لەوانەیە بۆسەرکوتی ڕاپەڕین گروپی مافیایی و  ئەڵقە لەگوێی خۆیان دروست و تەمویل بکەن بۆکاری تەخریبات و قەتڵ و عامی لێپرسراوان و کاربەدەستی ئیسلامی و ئاخوندەکان، یان دنەدانی بۆنمونە ئەحزابی ناسیونالیستی کورد بۆ گۆڕینی ڕاپەڕینی چەکداری، کەهەموو ئەوانە کیفایەتن بۆ لەخوێن هەڵکێشانی کۆمەڵگەو سەرکوتی خوێناوی ڕاپەڕین .. دەبێت خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە وشیارییەوە هەوڵی دوور خستنەوەی ئەمجۆرە تەڵەو سیاسەتە بدەن و خۆیان لەهەژموونی فکری و ئایدۆلۆژی کارکردە سیاسییەکانی ئەوان جیابکەنەوە و بەڕیزی سەربەخۆی خۆیان لەشوراو بەدیلی سۆسیالیستیدا خۆڕێکخراو بکەن …

Leave A Reply

Your email address will not be published.