سوتاندنی ژنەکەی کەرکوک ژنکوژییە بەدەستی زۆرینەی کۆمەڵگە” نووسینی: ناسک مەحمود

0

سوتاندنی ئەو ژنەی کەرکوک لە لایەن خەسوەکەیەوە، ژنکوژیی نییە بەدەستی پیاو، بەڵکو ژنکوژییە بەدەستی زۆرینەی کۆمەڵگە!!، ئەم تاوانە بەرھەمی ئەو راگەیاندن و پەیامنێرانەیە کە کەسانی وەک ‘باوەلێ’ دەھێننە سەر شاشەکان و دەیانەوێت بیکەن بە رێنیشاندەری کۆمەڵگە.

 راستە کە دەرکەوتنی قسەکەرێکی وەک ئەو ژنە ماوەیەکی زۆر نییە و ژنکوژی مێژویەکی زیاتری ھەیە، بەڵام دەستخۆشیکردن لەم عەقڵیەتە کۆنانەی بوک و خەسو، ئەم تاوانە درێژە پێدەدات.

 ھەموان دژی عەقڵی نوێ و ژیانی نوێن، دژی شێوازی ژیانی ژنی ئێستان، لێگەڕێن مرۆڤ تەنھا بۆ خۆی و مناڵ و مێردی خۆی بژی نەک دڵی ھەموتان، ئێوە کێن تا ژنی باش و ژنی خراپ ھەڵسەنگێنن؟!

 هەروەک ئەمە بەرھەمی ئەو پیاوە کۆمێنت نوسانەیە کە دەستخۆشی لە سوکایەتیەکانی کەسانی وەک ‘باوەلێ’ دەکەن بەرامبەر بوکەکانی و ژنی ئەم کۆمەڵگەیە، بەرھەمی ئەو پەروەردە ھەڵەی دایک و باوکە کە دەڵێن ژن بە شەرمەوە جوانە، ئیدی کچێک پەروەردە دەکەن کە شەرم دەکات تەنانەت لەبەردەم خێزانەکەی خۆیدا باسی ئازار و ئەو زوڵمانە بکات کە توشی بوە، ئەم سوتاندنە بەرھەمی  ئەو عەقڵیەتەیە کە جیابونەوە بە عەیبە و سوکایەتی دەزانن ھەرچەند کچەکەیان لە دۆزەخدا بێت، ئەمان ئەوەیان بۆ گرنگە کە کچەکەیان شوی بۆ بووە و لە ماڵی مێردێکدایە ئیتر بۆیان گرنگ نییە ئەو مێردەی چۆن زوڵمی لێدەکات و چۆن دەیچەوسێنێتەوە.

سوتاندن و کوشتنی ژنەکان بەرھەمی بێدەنگ بونیایە لە ئاست ژیانێکی ژێردەستەیی و پڕ چەوساندنەوە بە خاتری کلتور و عەقڵی پوچی کەسە نزیکەکانیان، ئەی ژن گەر بەردەوام بێدەنگ بیت لە ئاست ئەو سوکایەتیانەی کە پێت دەکرێت، ئەوا رۆژێک قیژەی سوتاندنت و ھەواڵی کوشتنت یان خۆکوشتنت بە دەنگی بەرز دەگاتە گوێی ھەموومان.

 ئەی پیاوەکانی کۆمەڵگە گەر ئەم سوتاندنانەی کچی خەڵکی رات نەچەڵەکێنێت و بەردەوامبیت لە دەستخۆشیت لە عەقڵە کۆنەکان و سوکایەتی بە ھەمو نوێگەرییەکی ژیان بکەیت، ئەوا دڵنیابە رۆژێک قیژەی سوتان یان خۆسوتاندنی کچەکەت دەگاتەوە گوێت، رۆژێک جەستەی ساردوسڕی کچەکەت لە ماڵە خەزورانەوە بەدیاری دەھێننەوە کۆشت.

 ئەم ژن کوشتنە تەنھا بەرھەمی دەستی پیاوەکان نییە، بەڵکو بەرھەمی عەقڵیەتی راگەیاندن و خێزان و تەنانەت پەرلەمانی کوردستانیشە، چونکە ساڵانە دە بۆ بیست ژن زیاتر دەکوژرێت کە دەکاتە دوو ژن لە مانگێکدا، بەڵام ماوەیەک پێش ئێستا پەرلەمانتارێکی بێئاگا دەیوت ناکرێت ژنکوژی بکرێتە ھەرا کە لێرە و لەوێ ژنێک دەکوژرێت ئاساییە مەیکەن بە بابەت، ئەو پێیوایە دەبێت ھەمو ژنەکان بکوژرێن ئینجا بکرێتە ھەرا، لە کوێی دنیا ژنێکی سکپڕ لەسەر پاکنەکردنی ماسی دەکوژرێت؟

 ھەر بۆیە ئەم تاوانانە بە سپۆنسەری خێزانی پڕ کۆتوبەند و راگەیاندنی بێئاست و کۆمێنت نوسی بێدەربەست و پەرلەمانی بێئاگا لە کۆمەڵگە، بەردەوام دەبێت. ئەوەی کە ژنەکان دەچەوسێنێتەوە، پیاوەکان نین، بەڵکو بیرکردنەوە چەوتەکانن!

Leave A Reply

Your email address will not be published.