ئەی هێڵە سوورەکانی ئێمە!؟ …  دلێر محەمەد نوری

0

 هێڵی سوور یان ئەبێت هەموومان هەمان بێت یان نابێت هەبێت. هێڵی سووری تەنها تاکەکان پیرۆزە، دەنا نە خوداکان و نە زانستەکان و نە ئایدۆلۆژییەکان، دەست بردن بۆ هیچیان نابێت حەرام بێت. چونکە دواجار ئەوانە هی هەمووانن و مافی تاکە کەسی بە سەرەوە نییە. ئێمەی جیاواز بۆمان نییە تەشهیر بە کەسێتی و خێزانەکانی یەکتری بکەین، بەڵام دەتوانین هەموو ڕۆژێک بیروباوەڕ و ئایین و ئایدیای یەکتری ڕەخنە باران بکەین. بۆ منی عەلمانی هیچ کێشە نییە تۆ ڕەخنەبارانی عەلمانییەت بکەی، چونکە دواجار ئەوە عەلمانییەت ئەبێ خۆی بە جوانییەکانی خۆی وەڵامدەرەوەی ڕەخنەکانی سەر خۆی بێ. دەبێت ئایینی ئەوپەڕگیری تۆش خۆی چاکی خۆی بسەلمێنێ نەک تۆ بیسەپێنی. ئەگەر تۆ پیرۆزیت هەیە و ناتەوێ ڕەخنەبکرێ، بزانە کە ئەوانی دیکەش پیرۆزییان هەیە ناکرێ تۆ هەموو چرکەیەک لە مینبەرێکەوە ڕیسوایان بکەی. تۆ کە تاکێکی بۆت نییە هێڵی سوور بۆ کەس دابنێی، هەر وەکو چۆن بۆ منیش نییە بۆ تۆی دابنێم. هێڵە سوورەکان ئەبێت دەسەڵاتێک دایبنێ کە نوێنەری ڕاستەقینەی زۆرینەی هەرە زۆری کۆمەڵگە بن. کەی ئەو دەسەڵاتەش هێڵە سوورەکانی دیاریکرد و ئازادی ڕەخنەگرتنی هەر شتێکی بەر تەسک کردەوە، ئەو دەم ئێمەش یان سەری خۆمان هەڵئەگرین یان خەباتی مەدەنی بۆ گۆڕینی ئەکەین. ئەو هێڵە سوورانەی ئێوە کێشاوتانە بە دەوری پیرۆزیێەکانتان هێڵێکە بۆ پاراستنی پێگەی خۆتان و مانەوەی کۆمەڵگە وەکو مێگەل. کێشەی هێڵە سوورەکانی ئێوە لەوێدا دەست پێ دەکات کە بە ناوی خوداوە دەیکێشن. واتا ئێوە ناڕاستەوخۆ هەموو ئەوانی دیکەی جیاواز، مەحکووم ئەکەن بە کفر و ئیلحاد و لادەر و بێ ئابڕوو و …زۆری دیکەش. لە هەزاران کەناڵەوە، هانی میگەلەکانتان دەدەن بۆ هێرش کردنە سەریان، بە ناوی خودا و فەرمانی ئاسمانییەوە. مرۆڤ کە خاوەنی زەوییە، لە ڕاوەشکارییەوە، زەوی و ئاسمانی گەیاندۆتە داهێنانی مانگی دەستکرد و کۆمپیوتەری گیرفان و ئەتۆم و …چی و چی دیکەش. چونکە هیچ شتێکی بە هێڵی سوور نەزانیوە. کاتێ ئێوە ئەم هەموو هێڵە سوورە بۆ مرۆڤی کورد دادەنێن، بە نیازن بمانگەڕێننەوە سەردەمی غەزاکان یان زیندەبەچاڵ کردنی مرۆڤ بە زیندوویی؟ ئێوە ناتوانن وا بە ئاسانی بە ناوی تەواوی کۆمەڵگەی کوردییەوە لە باشوور بدوێن. کاتێ ئێوە بە جل و بەرگ و پۆشاکی تایبەتییەوە کۆدەبنەوە لە بەردەم زوومی کامێراکان، ئێوە ناکەنە هەموو کۆمەڵگە، تا بانگەشەی وا بکەن. با لە دارستانێکدا پۆلێکی گەورە قەلەڕەش ببینی، بە واتای ئەوە نایەت دارستان مەلی دیکەشی تیا نییە. هەر وەک چۆن مرۆڤەکان جیاوازن لە بیروڕا و لە پەڕوەردە و پێشینەی خێزانی و ڕۆشنبییری و فیکری، ئاوهاش یان دەبێت هەمووان خاوەن هێڵی سوور بن یان دەبێت هەموو هێڵە سوورەکان هەڵبگیرێن. ئەوەی تۆ بە خراپ و مەترسی ئەزانی، هەن خۆیانی لەسەر بە کوشت دەدەن چونکە پیرۆزە لە لایان. ئەوەی تۆش بە پیرۆزی ئەزانی و هەوڵ ئەدەی بیسەپێنی، ئەوانی دیکە بە مەترسی بۆ سەر خۆیان و ئایندەی خۆیانی ئەزانن. ئێستا ئێوە دەنگتان زاڵ دەرئەکەوێ، لە سایەی دەسەڵاتێکی گەندەڵ، لە سایەی نەخوێندەواری و ناوشیاری کۆمەڵایەتی و فیکری، لە سایەی بێهیوایی سیاسی و ئابووری، لە سایەی شەش هەزار مینبەری دابەشکراوی سەر تەنها سێ پارێزگادا، لە سایەی چەندین کەناڵی ئاسمانی و چەندین هەزار پەیج و ئەکاونت و ماڵپەری ئەلکترۆنی و سۆشیال میدیای سەرچاوەی ئابوری و سیاسی نادیار. هەر بویە سەددان هێڵی سوورتان بۆ کێشاوین. ئێمە بە هەر لایەکدا بڕۆین هێڵێکی سووری ئێوەمان بەزاندووە و دەبێت خوێنی لەسەر دانێین. تۆ بەم ڕۆژگارە وەهمم بە مادە و بە بەرجەستە و بە عەقڵ بە من ئەفرۆشی و منیش ئەبێ بیکڕم بە بێ ئەوەی بۆم هەبێ بڵێم کوا، کامەیە، چۆن، بەچی، لەکوێدا؟ سەودا هەرگیز وا نابێت. سەودایەک، گەر داوای بەڵگە بکەم هێڵی سوورم بەزاندووە. گەر عیسایی بم یان زەردەشتی یان ئێزیدی یان کاکەیی یان هەر شتێک، هێڵی سوورم بەزاندووە. با ئایینەکەم ئایینێکی هەما خودای ئێوەش بێ، هێڵێکی سووری دیکەم بەزاندووە. ئەگەر ژن بم و حەز بکەم چێژ لە نیعمەتی خوایی قژ و ناسکی ڕوخسار و لەشم ببینم، ئەوا هێڵێکی سووری دیکەم بەزاندووە. گەر شاعیر بم یان نووسەر و تێکستەکەم لە بێژنگی بوخاری و موسلیم نەدرا بێت بەر لە بڵاوکردنەوە، دیسان هێڵێکی سوورم بەزاندووە. گەر هونەرمەند و پەیکەرساز و نیگارکێش بم دیسان هێڵم بەزاندووە. گەر عەلمانی یان کۆمۆنیست یان مولحید و بێ ئایین بم دیسان هێڵم بەزاندووە. گەر سەمایەکی خۆرسکی کوڕ و کچێکی سەهۆڵەکە، یان جێژوانی دوو عاشق بم، دیسان هێڵم بەزاندووە. ئاگری نەوروز هەڵبکەم و ڕەشبەڵەکی باوباپیرانم هەڵپەڕم، چەکوشەکەی کاوە هەڵبگرم یان سەرێ لە ئاتەشگەدەی خامۆشکراوی باپیران بدەم دیسان هێڵی سوورم بەزاندووە. ئێمە هەموو ئەمانەی سەرەوەین و تۆمان وەکو خۆت قبووڵە. من نازانم بە چ فەلسەفە و چ عەقلییەتێکەوە تۆ، جگە لە خۆت و مێگەلەکەی بەردەمت، هەموومان بە مەترسی ئەزانی بۆ خۆت؟ دواجار ئەپرسم ئێوە کە خاوەنی ئەو هەموو هێڵە سوورانە بن، ئەدی منی مەست و منی پەست و منی ژنی سەروقژ ڕووت و منی نووسەر ، منی شاعر، منی مولحید و بێ ئیمان، منی مەسیحی و منی ئێزیدی یان جولەکە یان زەردەشتی، یاخود منی هونەرمەند و پەیکەر تاش و سترانبێژ، یاخود منی چەپ یان عەلمانی…ئاخۆ هێڵی سووری ئێمە چییە و کێ بیکێشێت؟

Leave A Reply

Your email address will not be published.