مانگرتن …. مانگرتن …مانگرتن… نووسینی: سالار حەمەسەعید

0

کرێکارانی هێڵەکانی شەمەندەفەر: مانگرتنەکانمان پیشانیداوە کە ڕۆڵ ونەخشمان چەند گرنگە لە هەڵسووراندنی وڵاتدا.

شەپۆلێکی تری بەرفراوانتری مانگرتنەکان بەڕێوەن، ئەمجارە تەنها لەلایەن کرێکارانی یەک بەش ویەک سێکتەری خزمەتگوزاری و پیشەسازیەوە نییە، بەڵکو چەندین بەش لە خزمەتگوزاریە بناغەییەکانی کۆمەڵگە هەڵدەستن بە نمایشی گەورەی مانگرتن لەبەریتانیا. هەروەک دەزانرێ چەندین مانگە کریکارانی هێڵەکانی شەمەندەفەر بێوچان هەڵساون بە سازکردنی مانگرتن بەشێوەیەکی سەراسەری وە داواکانیان خستۆتە بەردەم خاوەن کارەکان وبەڕیوەبەرانی هێڵەکانی شەمەندەفەر. بەلام تائێستا ناڕەزایەتییەکان بەئاکام نەگەیشتوون. هەرلەبەرئەوە شەپۆلی مانگرتنەکان لەبەریتانیا بەڕێوەیە.

کرێکارانی هێڵەکانی شەمەندەفەر:

یەکیەتییە کرێکاریەکانی هێڵەکانی شەمەندەفەر (ئاڕ ئێم تی) بڕیارە هەڵسن بە زنجیرەیەک لە مانگرتن لە مانگی دیسەمبەر وجەنیوەری (کانوونی یەکەم و کانوونی دووەمی) داهاتوودا ئەویش ٤ جار هەر جارەی بۆ ماوەی ٤٨ سەعات مانگرتن. لە ١٣ و ١٤ دیسەمبەر هەروەها ١٦ و ١٧ ی دیسەمبەر ئینجا ٣ و ٤ ی مانگی یەکی (واتە جەنیوەری) ساڵی داهاتوو لەگەل ٦ و ٧ ی هەمان مانگ (واتە کانوونی دووەم). ئار ئێم تی سوورە لەسەر داوا ڕەواکانی کرێکاران کە بەرزکردنەوەی مووچە وهەقدەستە بەڕێژەی لەسەدا ٧  هەروەها هەڵوەشاندنەوەی پلانیان لەمەڕ کەمکردنەوەی ژمارەی کرێکاران واتە دەرکردنیان لەسەر کارەکانیان.

کرێکارانی پۆست:

هەر چەند ڕۆژێ لەمەوبەر مانگرتنی دوو ڕۆژەی کرێکارانی پۆست (رۆیاڵ مەیل) ی بەریتانیا بەڕێوەچوو، لەم ناڕەزایەتیە گەورەیەدا نزیکەی ١١٥٠٠٠ لەکرێکارانی ” ڕۆیاڵ مەیل” دەستیان لەکارەکانیان کێشایەوە. ئامانج لەم مانگرتنە گەورەیە گەیشتن بە داواکانیان کە بەرزکردنەوەی هەقدەست ومووچە بوو لەگەل باشترکردنی باروڕەوشێ کارەکانیان. سکرتیری یەکیەتییە کرێکاریەکانی ”پەیوەندیەکان/الاتصالات” ”کۆمیونیکەیشن” ”دەیڤ ۆرد” هێندە نالەبار وەسفدەکات تائەو ڕادەیەی کە بەڕێوبەرانی ”ڕۆیاڵ مەیل”بەردەوام هەڕەشە لەکرێکارەکان دەکەن کە ئەگەرلە کارەکانیان لەگەیاندنی پۆست دا دواکەون وە لەکاتی ئاسایی خۆیاندا تەواو نەکەن ئەوا دەکەونە بەر هەڕەشەی دەرکردن. هەروەها یەکیەتییە کرێکاریەکانی ”کۆمیونیکەیشن” باس لە ئەگەری نمایشێکی گەورەی دەست لەکارکێشانەوە دەکەن لە ئێوارەی کریسمەس دا کە بە جەنجاڵترین رۆژی ساڵ دادەنرێ. کرێکارانی پەیوەندیەکان دەکەونە بەر فشاری زۆرەوە تا کارەکانیان وا تەواوکەن کە ئەوان دەیانەوێ و بۆ ئەم کارەش کە زیاتریان پێدەچێت، بەلام ئەوان واتە بەڕێوەبەران هەقی ئەو چەند سەعات زێدەکارەیان پێنادەن. وە لەکاتی هەرکەم وکوڕی و دواکەوتنێک لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان ئەوا کرێکارەکان ڕووبەڕووی لۆمە و سەرزەنشت دەبنەوە. کرێکاران لەبەر ڕەفتاری نابەجێ و ناڕەوای بەڕێوبەران بێزاردەبن و ناچار دەست لەکارەکانیان هەڵدەگرن و وازدەهێنن.

مامۆستا و وانەبێژانی زانکۆ وکۆلیژەکان:

نزیکەی ٧٠ هەزار لە وانەبێژانی زانکۆ و کۆلیژەکان مانیان گرت لەبەرئەوەی بێزاربوون لە هاتنەخوارەوەی بەردەوامی ئاستی هەقدەست ومووچەکانیان و باروڕەوشی کارکردن وبڕی خانەنیشیان. مامۆستایان داوای بەرزکردنەوەی مووچەکانیان کردوە بەڕێژەی لەسەدا ١٣.٦ کە ”کۆمەڵەی خاوەن کارەکان” ئەم ڕێژەیە بە ناواقیعی و نالۆژیکی دەزانن.

مامۆستایانی سکۆتلەنداش بۆ یەکەمین جار لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا مانگرتنیان ئەنجامدا و داوای زیادکردنی مووچەکانیان کرد بە ڕێژەی لەسەدا ١٠.

پەرستاران:

بۆ یەکەمین جار پەرستاران وەک ”رۆیال کۆلیژی پەرستاران” باسی لیوەدەکەن لە ١٥ و ٢٠ ی دیسەمبەری ئەمساڵ هەڵدەستن بە مانگرتن پاش ئەوەی بەبن بەست گەیشتن و وەزیری پەیوەندیدار داواکانیانی ڕەتکردەوە. ئەگەرچی مووچەی پەرستاران لە هاوینی ساڵی رابردوودا بە بڕی ١٤٠٠ پاوەند زیادیکردوە، بەلام پەرستاران بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ باری ژیانیان خراپ بووە و لە سالی ٢٠١٠ەوە بەردەوام زیادبوونەکانی مووچە وهەقدەستەکانیان لە ڕێژەی هەڵاوسان کەمتر ببوە. پەرستاران دەڵێن کەئێمە لەپێناوی نەخۆشەکاندا هەڵدەستین بە مانگرتن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.