خەڵکی ئازادیخوازی ئێران پێویستیان بە پشتیوانی زۆرتری دنیای ئازادیخواز و ئینسانی هەیە!! عەبدوڵا مەحمود

0

خەڵکی ئازادیخوازی ئێران پێویستیان بە پشتیوانی زۆرتری دنیای ئازادیخواز و ئینسانی هەیە!!

عەبدوڵا مەحمود

رژێمی لەسەرەمەرگی جمهوری ئیسلامی لەبەرامبەر بە خۆپیشاندانی جەماوەری لەشارەکانی کوردستان و سەراسەری ئیراندا، دەستی داوەتە گرتن و زیندانیکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران، کە تائێستا بەسەدان لە خۆپیشاندەران گیانیان لەدەستداوە بە هەزاران بریندار بوون و دەیان هەزارکەسیش خراونەتە کونجی زیندانەکان و دەیان کەس لە ژێر شکنجەی جەلادەکانی ئیسلامدا گیانیان سپاردووە، هەروەها هەرەشە لە نووسەر و هونەرمەند و ئەکتەر و وەرزشکار و کەسایەتییە سیاسییە ئازادیخوازەکان و قەدەغەکردنی سەفەر و دەست بەسەرکردن درێژەی هەیە… رژێمی جمهوری ئیسلامی دەیەوێت لە ڕێگای ترس و تۆقاندن و زەبروزەنگی خوێناوییەوە، دەسەڵاتی بەخوێن نووسراو و بە زیندانی تۆمارکراو بە بەندیخانەکردنی جەماوەری لە ئێران، دەسەڵاتی نەنگینی خۆی بپارێزێت و ئەم دەسەڵاتە رابگرێت، کە مایەی شەرمە بۆ دنیای ئەم سەردەمە.

 درێژە کێشانی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی ئیران و رەوتی ئەم نارەزایەتی و راپەڕینە سەراسەرییە و رۆڵی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەرۆکی شۆرشگێرانەی هەستانی جەماوەری لە ئێران و ئەو دەستکەوتانەی تا ئێستا بەدەستی هێناوە، رەوتێکە گەرانەوەی بۆ نییە. وەستانەوە بەرووی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی و رەمزەکانیدا، فڕیدانی حجاب و سوتاندنی، فرێدانی عەمامەکان، شکانی ترسی جەماوەری لە زەبروزەنگی رژێم، هاوئاهەنگی نیوان بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، سەراسەری بوونی، خۆراگری وبەدەستەوە گرتنی داهێنانی نوێ، بەدەستەوەگرتنی مینبەری مزگەوتەکان لەلایەن رابەران و هەڵسوڕوانی راپەرینەوە بۆ هاندانی جەماوەر لە جێگای وتەی مەلاکان و ژەهررێژکردنی کۆمەڵگە، مۆرکی ئینسانی و ئازادیخوازانەو کەنار خستنی ناسنامە قەومی و عەزمەتەڵەبی باڵەکانی بۆرژوازی ئۆپۆزیسیۆن و وەڵامدانەوەی بەکردەوە بە پرۆژەو دروشم و هەوڵەکانیان بۆ شەقکردنی نارەزایەتیەکان، خۆشباوەرنەبوون بە درۆی ئەمریکاو غەرب، بەهرەمەند بوون لە پشتیوانی جیهانی و بزوتنەوە ئازادیخوازەکان، گۆرانی هاوسەنگی هیز بە سودی جەماوەری، پەرەگرتنی ترسی رژێم لە سەرەنگرێ بوون… ئەو دەستکەوتانەن کە تائیستا بەدەست هاتوون. لەو نێوەدا دنیای دەرەوە بۆتە مەیدانێکی گرنگی پشتیوانی لە خۆپیشاندان و راپەرینی ئیران لەناوخۆدا و ئەمەش دەسەڵاتی ئاخوندەکانی لە ئێران هەراسان کردووە.

حزب و ڕیکخراوە سیاسییەکان بە گشتی چەپ و کۆمۆنیست و هیزە ئازادیخوازەکان و جەماوەرێکی یەکجار بەرینی تینوی ئازادی و پەرتەوازەی دەستی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەو بیمافی ئاخوندەکان لە ئیران، لە دنیای دەرەوەدا رۆڵی بەرجەستەیان لە پشتیوانی لە راپەرینی ئیران هەیە… کەم رۆژ و هەفتەیە هەیە ناوەند و سەنتەری شارەکان نەبنە نمایشی کۆبونەوەی جەماوەری و پشتیوانی لە خرۆشانی خەڵکی ئیران… کە ئەمە هیز دەبەخشییتە جەماوەری راپەریووی ئیران و هەست بە پشتیوانیەکی گەورە دەکەن، بەڵام چۆن لە ئیران و کوردستاندا، بزوتنەوەی نارەزایەتی بەردەوامەو پیشرەوی دەکات و داهێنانی نوێ لەخۆی نیشان دەدات، پێویست دەکات لە وڵاتانی دنیای دەرەوەش شێوازی پشتیوانی لە خەڵکی ئێران سەنگەری تر بەدەستەوە بگرێت… کۆبوونەوە و دوبارە کۆبونەوە لەسەنتەری شارەکان و بەتەنها ناتوانێت وەڵامگۆی ئیستای بزوتنەوەی نارەزایەتی لەناوخۆی ئێراندا بێت…بەڵکو پێویستە ئۆردی نارازی لە جمهوری ئیسلامی، هێزەکەی خۆی لە بەردەم سەفارەتخانەکانی جمهوری ئیسلامی کۆبکاتەوە و هەوڵی دەستبەسەراگرتن و داخستنیان بدەن، دیارە بەهەمان شێوە پیویستە کۆبونەوەی سەنتەری شارەکان ببرێتە بەردەم پەرلەمان حكومەتی ئەو وڵاتانە و داوای داخستن و سەفارەتخانەکان و برینی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی بکەن… دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی شەرعیەتی مانەوەی نەماوەو نابێ پەیوەندی وڵاتانی دنیا لەگەڵی بەردەوام بێت و دەبێ سەفارەتخانەکانی لە دنیای دەرەوە بە هۆکاری سەرکوت و کوشتن و سەرکوتی خوێناوی جەماوەری دابخرێن و سەرانیان بەتاوانی سەرکوت و کوشت و کوشتار بدرێنە دادگا…

جەماوەری تینوی ئازادی لە ئێران، پێویستی بە پشتیوانی بەرینتری جەماوەری لە دنیای دەرەوە هەیە، پیویستی بە پشتیوانی ڕیکخراو سەندیکا کرێکارییەکان، رێکخراوەکانی بەرگری لەمافی ئینسان، و بزوتنەوەی نارەزایەتی لە وڵاتەکانی ناوچەکە هەیە… پێویستی بە هاوکاری مادی و مەعنەوی و لۆجیستیکی و میدیایی هەیە… پێوسیتی بە خستنەڕووی ناوەرۆکی دژە شۆرشی ناسیونالیستی کورد و ئیرانی هەیە، کە دەیانەوێت رژێم لە داڕمان بپارێزن، یان بەرهەمی خەباتی ئیستای جەماوەری بدزن و بکەونە سەوداو مامەڵە لەسەرەوە لەگەڵ رژێمی ئاخوندەکان، یانیش نەخشەی کۆنەپەرستانە بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لەجێگای دەسەڵاتی ئاخوندەکان بچنن.

بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی جەماوەری لە ئێراندا، بەو ناوەرۆکە شۆرشگێرانەوە کە هەیەتی، بزوتنەوەیەکە تەنها دەتوانێ پشت بە بزوتنەوە شۆرشگێر و ئینسانییەکان ببەستێت لە سەراسەری دنیاو ناوچەکەدا… ئەم بزوتنەوەیە هیچ نزیکیاتیەکی لەگەڵ رەوتە ناسیونالیستی و فاشیستی و سەلەتەن تەڵەبی و پاشماوەکانی پاشایەتی و … نییە. بزوتنەوەیەکە ئیلهام لە ئازادیخوازی وەردەگرێت و رەوتی ئازادی و ئازادیخوازی لە دنیادا دەباتە پێشەوە. هێزو رەوتە چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازەکان دەتوانن ئیلهامی لێوەربگرن و لە بەرامبەریشدا هیزو رەوتە ناسیونالیست، ئیسلامییەکان و نەتەوەپەرستەکان، رووبەڕووی پاشەکشەو لاواز بوون دەبات. ئەوەی حزب و لایەنە سیاسی و ئازادیخوازەکان بە خەباتی دەیان ساڵە دەیانەوێت کۆمەڵگە بەرەوە کرانەوە و ئازادیخوازی ببەن، و ئاڵوگۆڕی شۆرشگێرانە بەدی بهێنن، ئەوا بە روخاندنی جمهوری ئیسلامی بەدی دێت و کەشی خەبات بۆ هیزە چەپ و کۆمۆنیستەکان ئاوەڵاتر دەکات و ژینگە بۆ باڵاکردنی بزوتنەوە کریکاریی و ئینسانیەکان لەبارتر دەکات.

ئومێد بەستن و پشتیوانی کردن و هاوکاریکردنی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی جەماوەری لە ئێران و دۆزینەوەی رێگای مەیدانەکانی پشتیوانی لەم بزوتنەوەیە، یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی رەوت و هیزە چەپ و کۆمۆنیست و سیاسییە شۆرشگێر و پیشکەوتنخوازەکانە… بەهەر ئەندازە بزوتنەوەی سەرنگونی جمهوری ئیسلامی ئیران بچیتە پێشەوە، بەهەمان ئەندازە رەوت و لایەنەکانی نزیک لە جمهوری ئیسلامی و رەوتە ئیسلامیە سیاسی و سەلەفیەکان، مەیدانیان لێ بەرتەسک تر دەبێتەوە، ژنان و لاوان هەناسەی ئازادی هەڵدەمژن و ئومێد بە رزگارییان باڵا دەکات… بۆیە دەبێت بەهەموو جۆرێک پشتیوانی لە راپەرینی خەڵکی ئێران بکرێت و کەناڵەکانی هاوکاری کردنی ئەم جوڵانەوەیە بەدەستەوە بگیریت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.