شیکارییەکی کورتی کتێبی ‘بنەماکانی کۆمۆنیزمی’ فرێدریک ئەنجلس نووسینی: توانا حەمە نوری

0

شیکارییەکی کورتی کتێبی ‘بنەماکانی کۆمۆنیزمی’ فرێدریک ئەنجلس

نووسینی: توانا حەمە نوری

 ‘بنەماکانی کۆمۆنیزم’ کتێبێکە لە ساڵی ١٨٤٧ لە لایەن فریدریک ئەنجلسەوە نووسراوە. کتێبەکە بە شێوازی پرسیار و وەڵام نووسراوە و ٢٥ پرسیاری دەربارەی کۆمۆنیزم تێدایە و ئەنجلس خۆی وەڵامی داوەتەوە. ئەنجلس لە ڕوانگەی مارکسییەوە باس لە بنەماکانی کۆمۆنیزم و چەمکی کۆمەڵگە و مێژوو و سیستەمە ئابوورییەکان دەکات.

لەم کتێبەدا ئەنجلس مامەڵە دەکات لەگەڵ بابەت گەلێکی زۆر وەک کۆمۆنیزم، کرێکار و کرێی کرێکار، ئەنجامەکانی شۆڕشی پیشەسازی، قەیران، نەزمی نوێی کۆمۆنیستی، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی موڵکی تایبەت پێش شۆڕشی پیشەسازی، ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی موڵک و سامانی تایبەت، شۆڕش، کاریگەری کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی لەسەر خێزان و نەتەوە و ئاین و هەروەها مامەڵە لەگەڵ جیاوازی نێوان کۆمۆنیستەکان و گرووپە سۆشیالیستەکانی تر و پارتە کۆمۆنیستەکان و بەراوردەکانی نێوان کرێکار و سەپان و وەرزێر و پیشەوەران و کۆیلە و کرێکاری پیشەیی.

کۆمۆنیزم

ئەنجلس کۆمۆنیزم بە “زانستی ڕزگاری چینی کرێکار” پێناسە دەکات و یەکەم قۆناغی شۆڕشی کرێکار و دامەزراندنی کۆمۆنیزم بە دامەزراندنی سیستمێکی سۆشیالیستی دەزانێت.

کرێکار

ئەنجلس کرێکار وەک چینێک دەبینێت کە بژێوی ژیانی تەنیا لە فرۆشتنی هێزی کاری خۆیەوە وەردەگرێت. کرێکار دەرئەنجامی شۆڕشی پیشەسازییە کە بۆ یەکەمجار لە ئینگلتەرا دروست بووە. لە ئەنجامی شۆڕشی پیشەسازی و گەشەسەندنی پیشەسازی و میکانیزەکردنی بەرهەمهێنان، چینەکانی پێش سەرمایەداری نامێنن و لانیکەم تەنیا دوو چینی گەورە دەمێننەوە: چینی سەرمایەداری کە ئامرازی بەرهەمهێنانیان هەیە، چینی کرێکارش جگە لە هێزی کار هیچی تری نییە.

ئەنجلس کرێکار بە جیاواز لە کۆیلە دەزانێت. کۆیلە جارێک و بۆ هەمیشە خۆی فرۆشتووە، بەڵام کرێکار ناچارە هەموو ڕۆژ و سەعاتێک خۆی بفرۆشێت. ئاغا خاوەندارێتی کۆیلە دەکات و ژیانی بۆ دابین دەکات، بەڵام کرێکار دەبێت هێزی کاری بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانی بفرۆشێت. کۆیلایەتی کاڵایە، بەڵام کرێکار ئەندامی کۆمەڵگەی بۆرژوازییە. کۆیلە ئازاد دەکرێت ئەگەر بتوانێت تەنها پەیوەندی کۆیلایەتی هەموو پەیوەندییە موڵکایەتییەکان لەناوببات، بەڵام ئازادی کرێکار تەنها لە حاڵەتێکدا مومکینە کە خاوەندارێتی تایبەت هەڵبوەشێتەوە.

هەروەها سەپان مافی خاوەندارێتی و بەکارهێنانی یەک ئامرازی بەرهەمهێنان لەبەرامبەر پشکی بەرهەمهێناندا وەردەگرێت، بەڵام کرێکار بە ئامرازی بەرهەمهێنان کار دەکات کە هی یەکێکی ترە و لە بەرامبەر کارەکانیدا کرێ وەردەگرێت و تەنیا بەشێک لە بەرهەمی کارەکەی وەردەگرێت. جوتیارەکان دەتوانرا بە ڕێگایەک ئازاد بکرێن وەک ڕاکردن بۆ شار وەیا دەرکردنی فیوداڵەکان ئازاد بکرێن، بەڵام کرێکار تەنها بە شۆڕش و هەڵوەشاندنەوەی موڵکی تایبەتی ئازاد دەکرێت.

پیشەوەران و کرێکاران هەردووکیان کارەکانیان بە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دەفرۆشن، هەردووکیان کرێ وەردەگرن. بەڵام خوێندکارێکی لێهاتوو هەوڵ دەدات ئەو کارامەییانەی کە پێویستە بۆ ئەوەی لە ساڵانی خوێندکاریدا ببێتە مامۆستا بەدەست بهێنێت، و هیواخوازە ڕۆژێک بێت ببێتە وەستا و تەنانەت خوێندکاریشی هەبێت. لە وەها دۆخێکدا کە شوێنێک بۆ پلە بەرزکردنەوە هەبوو، ئەگەری ناکۆکی چینایەتی نەبوو و خوێندکارەکان بە مەبەستی پلە بەرزبوونەوە و ببنە وەستا تەسلیم بوون بە مەرجەکانی کارکردن. لە لایەکی دیکەوە، لەبەر ئەوەی کوالیتی کارەکەش بەندە بە کاری خوێندکارەوە، خوێندکارەکەش دەیتوانی لەبەردەم مامۆستاکەیدا خۆی دەرببڕێت.

کرێکاری پیشەیی خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بوو، بەزۆری لە لادێکان دەژیا و لەگەڵ ئاغا پەیوەندی باوک و کوڕیان هەبوو، بەڵام کرێکار لە شارەکاندا دەژین.

ئەنجامی شۆڕشی پیشەسازی

میکانیزەکردنی بەرهەمهێنان، کە وایکردووە کار هەرزانتر بێت، لەناوچوونی پیشە دەستییەکان بەهۆی میکانیزەکردنی بەرهەمهێنانەوە، بەستنەوەی هەموو گەلان، یەکخستنی بازاڕە ناوخۆییەکان بە بازاڕە جیهانییەکانەوە.

سەرهەڵدانی سامان و دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی و گۆڕانی بۆ چینی دەسەڵاتدار بووە هۆی نەمانی دەسەڵاتی ئەرستۆکراسی و پاشایەتییە ڕەهاکان. بۆرژوازی بە لەناوبردنی ئیمتیازاتی ئەرستۆکراسی و دەسەڵاتی وەستاکانی سەندیکا، کێبڕکێ و بازاڕێکی ئازادی دروست کرد. لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا سەرمایە بوو بە دەسەڵاتێکی راستەقینە و کاریگەر لە کۆمەڵگەدا و فاکتەری دروستکردنی نایەکسانی.

شۆڕشی پیشەسازی کرێکاری لە هەموو شوێنێک بڵاوکردەوە. لەگەڵ بەهێزبوونی بۆرژوازی، کرێکارش بەهێزتر دەبێت. لەگەڵ گەشەکردن و گەشەسەندنی زیاتری پیشەسازییەکان، کرێی کەمتر و لە ئەنجامدا چەوساندنەوەی زیاتری چینی کرێکار دەبینین.

قەیرانە دەورییەکان دوای شۆڕشی پیشەسازی

ئەنجلس یەکێک لە گرنگترین ئەنجامەکانی شۆڕشی پیشەسازی بە قەیرانە دەورەییەکانی دەزانێت. ئەو پێیوایە شۆڕشی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ئامێر ئاسانکاری بۆ بەرهەمهێنان کرد، بەرهەمهێنانی زیاد کرد، بەڵام ئەم زیادبوونی بەرهەمهێنانە زۆر زیاتر بوو لە بەکاربردن و خواست. لە ئەنجامدا بەشێک لە بەرهەمی کارگەکە نەفرۆشرا و قەیرانی بازرگانی لێکەوتەوە. ئەمەش بووە هۆی داخستنی کارگەکان و ئیفلاسی سەرمایەدارەکان و بێکاری کرێکاران. دوای ماوەیەک لە قەیران، بەرهەمی زیادە فرۆشران و دۆخی بازرگانی و بەرهەمهێنان باشتر بوو. بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند و دووبارە قەیرانی تر ڕوویدا. ئەنجلس پێی وایە ئەوروپای سەدەی نۆزدەهەم بەردەوام شاهیدی ئەم جۆرە قەیرانانە دەبێت، هەروەها پیشەسازییەکان بەردەوام لە نێوان قۆناغەکانی زۆری و قۆناغەکانی قەیراندا دەجووڵێن. نزیکەی هەر “پێنج بۆ حەوت ساڵ” قەیرانێک ڕوودەدات لەگەڵ نەهامەتی گەورەی کرێکاران و وروژاندنی شۆڕشی گشتی و مەترسی سەقامگیرکردنی دۆخی ئێستا.

قەیرانەکان و پێویستی دروستکردنی ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی نوێ

قەیران هەڕەشە لە خودی بناغەکانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی دەکات، کە لەو ماوەیەدا نەک تەنیا کرێکار، بەڵکو زۆرێک لە بۆرژوازیش مایەپووچ بوون. لە ئەنجامدا، یان دەبێت پیشەسازییە گەورەکان بە تەواوی نەمێنن (کە نزیکە لە مەحاڵەوە) یان دەبێت نەزمێکی کۆمەڵایەتی نوێ دروست بکرێت کە تێیدا بەرهەمهێنانی پیشەسازی لەڕێگای ڕکابەرییەوە نەبێت، بەڵکو ” هەریەکە بەپێی توانای خۆی، بۆ هەریەکە بەپێی پێویستی خۆی.” دابمەزرێ. لەم ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییە نوێیەدا هەموو بەرهەمە پێویستەکان بە شێوەیەک بەرهەم دەهێنرێن کە هەر ئەندامێکی کۆمەڵگە دەسەڵات و دەرفەتی ئەوەی پێ بدرێت کە بە ئازادی هەموو بەهرەکانی بەکاربهێنێت و هەژاری و نەهامەتی کە لە ئەنجامی قەیرانە دەورەییەکانەوە دروست دەبێت نەهێڵرێت.

کۆتایی ئەیلولی ٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.