لەگەڕەكەكەی ئەوبەرمان….

0

لەگەڕەكەكەی ئەوبەرمان….

 

لەگەڕەكەكەی ئەوبەرمان

كەسێك خواناناسێت

بەزەییەكیان بەبارانا ناێتەوە

یەك دوونیا درۆ بەدەم باوەدەكەن

لەگەڕەكەكەی ئەوبەرمان

لەبەردەرگای ماڵی ژنێكی بەدبەخت

دار شاتویەك هەیە شاتوو ناگرێت

مناڵان بەبەرد دەیوەرێنن

یەك گەڵای پێوەنەماوە بۆناو گیرفانی پایز

لەگەڕەكەكەی ئەوبەرمان

خەڵك هیلاكەو هیچ ناڵێن گلەییەك

لە ئاو ناكەن… لەبەردەم گرمەی هەورێكا

سەرێك بانادەن

ناڵێن خوادایە ئەم زوڵمە چییە

ئاخر چۆن بەرگەی ئەم  هەموو مردنە بگرین..

چۆن چۆنی بتوانین بەناو خۆمانا

وەك شێتێكی نەفام… ڕاكەین بەدوای هەتاودا

 

لەگەڕەكەكەی ئەوبەرمان.. ڕۆژانی هەینی

كەس ناڕوات بۆگۆڕستان ..

كەس درەختێك ئاو نادات..

كەس مۆمێك لەبەر خاتری مەسیح داناگیرسێنێت

لەگەڕەكەكەی ئەوبەرمان

كەس حەزی لەشەوی بەرات نییە

هیچ دایكێك تورەكەی سپی ناكاتە ملی مناڵەكەیوو

پێی ناڵێت بڕۆ خورما كۆكەرەوە

 

لەگەڕەكەكەی ئەوبەرمان

كەس گویێ لەبانگی بەیانیان ناگرێت

كەس شەوانە ناڕوات بۆ تەراویح

كەس ناوساجی ناكاتە خێر   ..

كەس گەردن ئازایی لەكەس ناكات

لەگەڕەكەكەی ئەوبەرمان

تەنیایی بەسەری سپیەوە و بەپێخاوسی

بەسەر جادەكاندا ڕادەكات

 

ئێ خودایە خۆت دەكەینە وەكیل

چۆن چۆنی بەرگەی ئەم هەموو

خوێن ڕشتنە بگرین

چۆن چۆنی بەمریەم  بڵێین.. لێمان ببورە

نەمانتوانی..  ئەتك بوونی تۆ بخەینە

ڕستەوە.. تۆ ئەزانیت بەرگە ناگرین

ناتوانین.. ببینە دراوسێی ماڵی ئاو

یەك ئینجانەی شكاومان  بۆناخرێتەوە

شوێنی خۆی..  دڵخۆشی چۆلەكەیەكی

دڵشكاومان بۆنادرێتەوە.. ئەوكاتەی

ئاسمانێكی نییە بۆفڕین

 

لەگەڕەكەكەی ئەوبەرمان

ژنێك بەبێ ستیان ئەڕوات بۆگۆشت كڕین

جانتاكەی شانی پڕە لەكۆندۆمی بەسەر چوو..

قەسابەكان سور سور هەڵدەگەڕێن

چاویان بەرپێی خۆیان نابینێت

لەگەڕەكەكەی ئەوبەرمان

بەدەگمەن باران دەبارێت

 

خودایە بەرگە ناگرین ..

ئەم هەموو مردنەمان بۆنادرێت بەكۆڵمان و

سەرمان بۆناگیرێت بەدەستمانەوە

لەگەڕەكەكەی ئەوبەرمان

كەس گویێ لەگۆرانی ناگرێت

كەس قاوە ناخواتەوەو..

كەس بەیانی باش لەیەكتری ناكات

 

لەگەڕەكەكەی ئەوبەرمان

سەری با بەشمشێر دەپەڕێنن

ئاگر لەسەر ئاگر موتوربە دەكەن

لەگەڕەكەكەی ئەوبەرمان

نوێژ لەسەر مردو ناكەن و لەپرسەی

یەكتریدا ڕاناوەستن

لەگەڕەكەكەی ئەوبەرمان

میرزا

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.