هێرش و بۆردومانی چەند بارەی بنکەو بارەگاکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، پەلەقاژەی مەرگی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامییە!!

0

هێرش و بۆردومانی چەند بارەی بنکەو بارەگاکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، پەلەقاژەی مەرگی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامییە!!

١٤ی ئەم مانگە جارێکی تر دەسەڵاتی پایە لەق بوو و لەرزۆکی ئاخوندەکانی ئیران کەوتنە بۆردومانی بنکەو بارەگای بەشێک لە حزب و رێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە بنکەو بارەگایان لە کوردستانی عێراقدا هەیە. لە ئاکامی ئەم بۆردومان و هیرشەدا کە بە درۆن و کاتیۆشا ئەنجامدراوە، چەند کەس گیانیان لەدەستداوەو چەند کەسێکیش بریندار بوون و دانیشتوانی کەمپەکان و کەسوکاری هیزە ئۆپۆزسییۆنەکان ئاوارەبوون و ترس و دڵە ڕاوکێ خەڵکی نزیکی ئەو ناوچانەی گرتووە و زەرو زیانێکی مادی زۆریش بە بنکەو بارەگای حزبەکان و ماڵ و موڵکی خەڵکی ناوچەکە گەیشتووە.

هیرش و پەلاماری وەحشیانەی جمهوری ئیسلامی بۆسەر بارەگاو بنکەکانی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی چاوەڕوانکراو بوو، رژێمی سەرمایەداری ئیران کە خۆپێشاندان و نارەزایەتی جەماوەری و راپەرین خەریکە پێ دەنێتە دوو مانگەوە و تا دێت بەرەو فراوانتر بوون و گەورەبوونتر دەچێت، دەسەڵاتی نەنگێنی سەرمایەی لە ئیران خستۆتە لەرزە. هاوسەنگی هێز بەسودی جەماوەری راپەڕیوو گۆڕاوەو تادێتیش پشتیوانی لەم راسانە جەماوەرییە لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکەو دنیادا بەرەو سەر دەچێت.

جمهوری ئیسلامی ئێران لە رێگای ئەو هێرشانەوە دەیانەوێت ئەو پەیامە بگەیەنن کە خۆپیشاندان و راپەڕینی جەماوەری لەناوخۆی ئێراندا، پەیوەندی بە هیزە ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارەکانەوە هەیەو دوورە لە بزوتنەوەی راپەرینی جەماوەری کە ریشەی لە نابەرابەری ئابوری و بیکاری و گرانی و سەرکوت و بیمافی و هیرشی بێپسانەوە بۆسەر سفرەی کریکاران و خەڵکی زەحمەتکیش و ژنان و لاوان و مافە فەردی و مەدەنیەکانەوە هەیە.

سەرانی ترس گرتووی رژێمی ئیران دەیانەوێت، هەستان و راپەرینی جەماوەری بەدژی دەسەڵاتەکەیان کە سەرپای شارەکانی ئێرانی داگرتووە، و بەرەو هەڵكشان دەچێت، بەلاواز و ئاژاوەی دوژمنانی ئیسلام نیشان بدەن و سەرنجی دنیا لە ناوخۆی ئیران بگوازنەوە بۆ سەر سنورەکان و ململانێیان لەگەڵ هیزە کوردییە چەکدارەکان.

هیرش و پەلاماری وەحشیانە بۆسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی، جێگای ئیدانەی جەماوەری ڕاپەریووی ئیران و کوردستان و هەموو حزب ولایەنێکی سیاسی و جەماوەری و ئازادیخوازە، و پێویستە بەهەموو شیوەیەک لەلایەن خەڵکی کوردستانی عێراق و خەڵکی ناوچەکەوە هاوکاری بکرێن و دەسەڵاتی سیاسیش، ڕێ و شوێنی خیرا بۆ پاراستنی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیران و بنکەو بارەگاکانیان بگرێتە ئەستۆ. هەروەها دەبێ بزانین کە ئەم هیرشانەی جمهوری ئیسلامی بۆسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی، هاوکات هیرشە بۆسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و پیشیلکارییەکی ئاشکراو ژێرپیخستنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستانە و دەبێ بەروویدا بوەستنەوە.

ئەم هیرشابە ناتوانێت ڕاپەرینی ئیستای خەڵکی ئیران خاوبکاتەوە جەماوەر چاوترسێن بکات، بەڵکو تورەیی و نەفرەتی جەماوەری لەوەی ئیستا زیاتر هەیە، زۆرتر دەکات.

 ئەم هیرش و پەلامارانەش کە پیشبینی دەکرێت بەردەوام بن و زیاد بکەن و شێوەی تر بگرنە خۆ، چ لەدەرەوەی ئیران و سەرسنورەکان و چ لەناوخۆی ئیراندا، نیشانەی لاوازی و داماوییە لەبەرامبەر بە راپەرینی ملیۆنی خەڵکی ئیراندا و پەلەقاژەی مەرگە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.