هاوکار جاف قوربانی بۆ مامەڵەیەکی گەورەتری نیوان پارتی و یەکێتی… نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
هاوکار جاف قوربانی بۆ مامەڵەیەکی گەورەتری نیوان پارتی و یەکێتی
نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
تیرۆری هاوکار جاف لە هەولێری پایتەخت و لە ژێر قەڵەمرەوی دەسەڵاتی پارتیدا، گرژییەکانی نیوان پارتی و
یەکێتی بەرەو هەڵکشان برد.
تۆمەتبارکردنی یەکێتی و دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی بە تیرۆرکردنی هاوکار جاف لەلایەن پارتییەوە، گورزێکی پارتی بوو لە یەكیتی بۆ رادەستکردنی یەکێتی بە تەماح و داخوازییەکانی خۆی و بەدەستەوە گرتنی بۆ ئەوەی یەکێتی بخاتە ژێر گوشارێکی زۆری سیاسی و جەماوەری و یاسایییەوە… بۆ یەکیتیش دۆسیەی هاوکار جاف بووە ئەو دەروازیەی جارێکی تر یەکێتی دۆسیە سەرەکی و گرنگ و سەرچاوەکانی ململانێی خۆی لەگەڵ پارتی پێ بخاتەوە روو.
پارتی تیرۆرکردنی هاوکار جافی لە هەولێردا، بە بەزاندنی هیڵی سور لەقەڵەمداو بەرپرسانی یەکێتی بە تیوەگلان لەو تیرۆرەدا تۆمەتبار کرد… بەڵام بۆ پارتی مەسەلەکە لەسەر شیواندنی ئەمنیەتی هەولێر و پاراستنی ئەمنیەتی کەسایەتییەکان نەبوو… بەڵکو پارتی ئەو کەیسەی بەدەستەوە گرت بۆ ئامانجی تر… بەتایبەتی ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە تیرۆرەکە لە کاتێکدا ئەنجامدرا کە ململانێی نیوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستەکانی بەغداو بەدیاریکراوی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لەوە پەری گەرمی خۆیدا بوو. پارتی ئەو فایلەی بەدەستەوە گرت، تا یەکیتی ناچار بە خواستی خۆی بکات و دەست لە پێداگریەکەی لەسەر بەرهەم سالح هەڵبگرێت و مل بە کاندیدەکەی پارتی بدات… لەو گەمەیەدا تا رادەیەک پارتی سەرکەوت، چونکە بەرهەم ساڵح لە پۆستخراو شانسی قفڵدرا… بەڵام ئەوە لێرە کۆتایی پێهات و یەکێتی خۆی بۆ رووبەڕووبونەوەیەکی تر ئامادەکرد و دۆسیەی هاوکار جافی کردە دۆسیەکی لاوەکی و پرسەکانی وەکو تاكرەوی پارتی، مۆنۆپۆلکردنی حکومداری، جیاوازی کردن لە نێوان شار و شارۆچکەکان، گوڕینی ئاراستەی حکومڕانی، و تا رادەی ئەوەی هەرەشەی کشانەوەیان لە حکومەت کرد و میدیای یەکێتی و سەرکردەکانیان خستە جوڵە لەسەر ئەم دۆسیە سەرەکیانە… یەكیتی کە هاوبەشی پارتییە لە حکومەتدا و خاوەنی دەسەڵاتی زۆنی سەوزە، بە هینانە ئارای ئەم دۆسیانە، کیشەی هاوکار جافی کردە لاوەکی و گۆرەپانێکی بەرینتری بۆ ململانێی لەگەڵ پارتی هەڵبژارد… لەبەرامبەردا پارتی بەجیا لەوەی کە دۆسیەی هاوکار جافی بە کراوەیی و گەرمی هێشتۆتەوە و خۆی لە جەنگ و ململانێی فراوانترەکان و دۆسیە وروژێنراوەکانی یەکێتی دەدزێتەوە، هاوکاتیش نایەوێت لەگەڵ یەکێتی بیگەینەنێتە مریشکە ڕەشەو دەیەوێت نیگەرانیەکانی یەكیتی لە کایەی دیبلۆماسیدا، قوتبدات و خاوبکاتەوە… دیارە پارتی دەزانێت یەكیتی لە حکومەت ناکشیتەوە و یەکێتش باسی كشانەوەی لە حکومەت تەنها بەدەستەوە گرتنیەتی وەکو کارتێکی گوشار و یەکێتی کە خۆی خاوەنی دەسەڵاتی زۆنێکە ناتوانێت ببێتە ئۆپۆزیسیۆن!!. یەکێتی دەیەوێت لەچاوی خەڵکی کوردستانەوە هۆکاری دۆخی هەرێم بخاتە ئەستۆی پارتی و ئەستۆ پاکی خۆی لە کیشەکانی خەڵکی کوردستان نیشان بدات… بەڵام ئەمە بێ ئاکامە چونکە لە دنیای واقعیدا زۆنی سەوز قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی یەكیتییەو ئەو بەرپرسی کێشەو گرفتەکانی زۆنی سەوزە، هەروەها پارتی بەرپرسی هەموو کێشەو گرفتەکانی زۆنی زەردەو تونایی بەسەر قەڵەمرەوی ژیر سایەی یەکێتیدا نییە… واتە پارتی و یەکێتی، هەر چەند بکۆشن و هەوڵبدەن کیشەکانی ناوخۆی هەرێم بخەنە سەر شانی یەکتری، هیچ لەو راستیە ناگۆرێت، هەردوو لایان بەرپرسی هەموو ئەو کیشەو گیروگرفت و بیمافیانەی خەڵکی کوردستانن و ناتوانن شانی خۆیان لەو جۆرە دەسەڵاتە حزبۆکراتییە شکستخواردووە خاڵی بکەنەوە.
کیشەی سەرەکی ئیستای نیوان پارتی و یەکێتی ئەوەیە، پارتی وەکو هیزی یەکەم و تاقانەو بڕیار بەدەست مامەڵە لەگەڵ حزبەکانی تری کوردستان و لەگەڵ یەکیتی دەکات و دەیەوێت یەکێتی، پارتی وەکو هیزی یەکەم و بریاردەر بە فەرمی بناسێت، یەکێتیش نایەوێت مل بەو خواستەی پارتی و بدات و لە پێگەی دەسەڵاتدارێتی خۆی بەسەر بەشیکی کوردستاندا، خۆی هاوشانی پارتی دەبینێت و ئامادە نییە خۆی کەمتر لەپارتی نیشان بدات.
دیارە ئەوە راستیەکە کە پارتی لەگەڵ ئەوەدا تەنها دەسەڵاتداری زۆنێکە، بەڵام لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە، وەکو هیزی یەکەم مامەڵە دەکات و خۆی بەخاوەنی بریار دەزانێت… یەکێتی نیگەرانی ئەو مامەڵەیەی پارتییەو دەیەوێت ببیتە هاوبەش لە بریاری سیاسی لەسەر ئاستی عێراق و کوردستاندا… بیگومان چ پارتی و چ یەکێتی متمانەی جەماوەری و تەنانەت متمانەی خەڵکیان لەسەر ئاستی شەقام و یاسایی!!… لەدەستداوەو لەدواین هەڵبژاردندا، بەو هەموو ڕیگایانەی کە خەڵکیان بەخۆیانەوە وابەستەکردووە قوتی لەشکرێک لە کادر و ئەندامانیان لە بەردەستە، کەمتر لە ٢٠% دەنگی خەڵکیان بەدەست هێناوە… بەمەش شکستی خۆیان لەسەر هەردوو ئاستی جەماوەری و فەرمی خستۆتە ڕوو… دیارە ئەم شکست و ناکامیە کاریگەری لەسەر قوڵبونەوەی ململانێکانی پارتی و یەکیتی داناوەو زۆر کیشەی بچوک گەورە دەکرێن و زۆر دۆسیەی زەبەلاح بچکۆلە و کەم رەنگ نیشان دەدەن.
لەو نێوەدا دۆسیەی هاوکار جاف کراوەتە مامەڵە بۆ ڕیکەوتنی تر… یەکێتی دەیەوێت بە رێکەوتنێکی تر لەگەڵ پارتی بگات، کە یەکێتی لەلایەن پارتییەوە وەکو هیزێکی سەرەکی و هاوبەش بەرەسمی بناسرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، پارتیش لاری لەوە نییە ڕیکەوتنێکی تر لەگەڵ یەکێتی بکات، بەڵام پارتی لە مەقعیەتی کورسیەکانی لە پەرلەمانەوە دەیەوێت لەگەڵ یەکیتی هاوبەشێتی بکات، نەک لەسەر بنەمای دەسەڵاتی یەکیتی کە زۆنێکی بەدەستەوەیە. لیرەوە بە رۆشنی دیارە کە پارتی خوازیاری ئەوەیە هەژموونی بەسەر هەرێمدا، لەلایەن یەکێتیەوە بۆ بەرەسمی بناسیت و لەو چوارچیوەیەشدا ئامادەی بەخشینی زۆرترە بە یەکێتی….