عوسمانی حاجی مارف : ئەم بزوتنەوەیە سکولارە، رادیکال و چەپیە، دژی ئیسلامی سیاسیە، هەروەها ئێرانیەو سەراسەریە … دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ عوسمانی حاجی مارف سکرتێری کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، سەبارەت بە “راپەرێنی خەڵکی ئێران و ئاییندەی ئەم خرۆشان و ڕاپەرینە”
عوسمانی حاجی مارف : ئەم بزوتنەوەیە سکولارە، رادیکال و چەپیە، دژی ئیسلامی سیاسیە، هەروەها ئێرانیەو سەراسەریە …
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ عوسمانی حاجی مارف سکرتێری کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، سەبارەت بە “راپەرێنی خەڵکی ئێران و ئاییندەی ئەم خرۆشان و ڕاپەرینە”
بۆپێشەوە: هەستان و ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئیران و کوردستان، بەردەوامە، سەرەکیترین تایبەتمەندیەکانی ئەم ڕاپەڕین و هەستانە جەماوەرییە چییە؟
عوسمان حاجی مارف: ڕوخانی کۆماری ئیسلامی ئاوات و خواستێکی دێرینی بەشێکی زۆری جەماوەری ناڕازی ئێرانە، ئەم خرۆشان و ڕاپەرینە جەماوەرییە وەک بزوتنەوەیەکی بەرین بۆ ڕوخانی دەسەڵات هاتۆتە مەیدان و بۆ ئایندەی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی خەبات دەکات، هەربۆیە لەسەرەتاوە دیمان هاتنە مەیدانی ڕیزی بەرینی ژنانی ناڕازی سیماو خەسڵەتی دەرکەوتەی ئەم ڕاپەرینەی نەخشاند، چونکە وەک پێداویستی دیاردەیەک بۆ ناڕەزایەتی جەماوەری لە ئێراندا ڕۆشن بو کە دەبوا پێشەنگی ئەم ناڕەزایەتیانە ژنانی ئازادی خوازی ئێران بن، تا نیشانی بدەن ئەتوانن حجابی بەزۆری هێمای کۆماری ئیسلامی فڕێدەن و بسوتێنن، کە سەرەتای بەکارهێنانی چەکی ڕوبەروبونەوە دژ بەدەسەڵاتی سێدارە فڕێدان و سوتانی حجابە. هەروەها ئەم بزوتنەوەیە هەر لەسەرەتاوە بە جۆرێک سەرنجی تەواوی دنیای ڕاکێشا کە نیشانیدا خواست و ئاسۆی ئەم ناڕەزایەتیانە لە ئێراندا مەسەلەیەکی جیهانیە وشۆڕشێک لە ئێراندا بەرپا دەبێت کە پریشک و شەپۆلی ئەو شۆڕشە خۆی دەکات بە هەموو شوێنێکی جیهاندا، هەربۆیە لە تەواوی دنیادا بەڕیزی ملیۆنی پێشوازی و پشتیوانی لەم بزوتنەوە جەماوەریە کراو بەردەوام دەیکەن، ئەم بزوتنەوەیە سکولارە، رادیکال و چەپیە، دژی ئیسلامی سیاسیە، هەروەها ئێرانیەو سەراسەریە، تەواوی جەماوەری ناڕازی لە تەواوی شارەکانی ئێراندا بەیەک دەنگ و بەیەک ئاواز “بڕوخێ دیکتاتۆر” دەڵێنەوە، دەنگی ئیرادەیەکە کە هەوڵئەدات دەورو دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک لە دەسەلاتی سیاسیدا جێگیر بکات، دەنگی ئازادی و یەکسانیە.
بۆپێشەوە: ڕاپەرێن لە ئیراندا سەراسەرییەو تا ئیستا ناسنامەی قەومی، چ کوردی و چ فارسی پێوە نییە، هۆکاری ئەمە چییە؟ تا چەندە ئەم ڕاپەڕینە دەتوانێت ناسنامەی سەراسەری خۆی بپارێزێت و هەوڵی رەوتە ناسیونالیستە ئێرانی و کوردیەکان، پوچەڵ بکاتەوە، بەتایبەتی هەردوو لایان وەکو دووهێزی دژە شۆرش هەوڵی خۆیان دەدەن تا مۆری خۆیان لەو ڕاپەڕینە بدەن و لەوەش زیاتر بەهرەبەرداری خۆیان لێ بکەن؟
عوسمانی حاجی مارف: خەڵکی ئێران بە گشتی گەیشتون بەو ئاکامەی کە درەنگ یا زوو دەبێت کۆتایی بە کۆماری ئیسلامی بهێنرێت، ڕوخانی کۆماری ئیسلامی ئاوات و خواستی جەماوەری فراوانی ئێرانە بەبێ ئاماژەکردن بە ناسنامەکانیان، دژی ئیسلامی سیاسی واقعیەتێکی ناچاری کۆمەڵگەی ئێرانە کە ٤٣ ساڵە لە سایەی دەسەڵاتی شیعەگەرادا زەجرو ئەشکەنجەو ئازار و ژیانی هەژاری و برستەیتی دەجێشن، ڕزگاربون لەم دەسەڵاتی سێدارەیە ئامانجی هاوبەشی هەمو ئینسانەکانە جا هەر ناسنامەیەکیان هەبێت، لەمەش گرنگتر کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەکی شارستانی وسکولارو رادیکال و چەپیە، بەر لە هەموو شتێک بەدوای ئازادی و یەکسانیەوەن، هەڵبەتە پاراستنی ئەم ڕەوتە رادیکالە لە ڕێگەی یەکگرتوویی و ڕێکخراوبون و هەوڵدان بۆ دابینکردن و جێگیربونی دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا دەستەبەر دەبێت، بەمانا واقعیەکەی بە رێکخراوبونی هێزی جەماوەری و جێگیربونی دەسەڵاتی شورایی بە سنوربەندی لە بەرامبەر ڕەوتی ناسیۆنالستی و هەر ڕەوتێکدا کە دەیانەوێت دەسەڵاتی سەروخەڵکی دادەمەزرێنن، پارێزراو دەبێت لە هەر دەخالەت و بەلارێبردنێکدا کە ناسیۆنالستەکان هەوڵی بۆ ئەدەن، تاجارێکی تر خەڵکی ئێران بە شێوازێکی تر لە بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسیدا بێ ئیرادە بکەنەوە، لە پێناو پاراستنی کاری بەکرێ و خاوەنداریەتی تایبەتیدا.
بۆپێشەوە: ئەم ڕاپەڕین و هەستانە جەماوەرییە بە کوێ دەگات… ئایا بەردەوامی دەبێت تا روخاندنی رژێمی ئیران یان دەتوانرێت خامۆش بکرێتەوە و بەشکست بکێشرێت؟
عوسمان حاجی مارف: ئەم ڕاپەڕینە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی تازەی هێناوەتە سەر شانۆی سیاسی ئێران و ناوچەکە کە گەڕانەوەی نییە، گەڕانەوەی نییە بەو مانایەی گورزێکی گەورەی داوە بەسەری ئیسلامی سیاسیدا، کە کۆماری ئیسلامی گەر بەم زوانەش نەڕوخێت، بەڵام ئیتر ناتوانێ هەناسەکانی ئەو دەسەڵاتەی پێش ئەم ڕاپەرین و خرۆشانە جەماوەریە بێت، بۆیە ناچار بە پاشەکشەو ملکەچی بەشێکی زۆر لە خواستەکانی خەڵکی دەبێت، بە جیا لەمەش گەر ئەم خرۆشانە بۆ ماوەیەکیش ئارام بێتەوە، پێم وایە ئەم ناڕەزایەتیانە بە شێوازی تر بەردەوام دەبێت و گەشە دەکات وەک پێشتر ئاماژەم پێدا درەنگ یازوو لەباری عەمەلیەوە مالئاوایی کۆماری ئیسلامی دەبێت لە دەسەڵاتی سیاسیدا. لە هەمان کاتدا ئەگەری ئەوەش هەیە کە هاربون و هیستریای ئەم دەسەڵاتە لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتەکەیدا شەقام خوێناوی بکات، بەڵام بەهەموو ئەگەرەکانەوە، لە کۆتایداو لە ڕێرەوی گەشەی ئەو ڕاپەرینەدا ناتوانرێت مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بپارێزرێت، لەلایەکی تریشەوە پێویست دەکات هەنگاوەکانی ئەم ناڕەزایەتیانە فراوانترو گشتگیرتر بێتەوە کە بە ڕیزی جەماوەری ملێونی لە ناوەندی شارەکانی ئێراندا بوەستن و دەزگاو بەرێوەبەرایەتی و کاروبارەکانی دەوڵەت لە کار بخەن.
بۆپێشەوە: رۆڵی چینی کرێکار لەو ڕاپەڕینەدا چۆن دەبینن؟
عوسمان حاجی مارف: پێم وایە لەم بارەیەوە خۆشتان لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە ئاگادارن و نەشاردراوەتەوە کە مانگرتنی ڕیزێکی بەرین لە کرێکارانی ڕشتە جیاجیاکانی کارخانەو کارگەکان بۆ پشتیوانی و پەیوەست بون بە ڕیزی نارەزایەتیەکانەوە لە ئاستێکی دیاریکراودا حزوری خۆیان نیشانداوە، بەڵام چۆن دەڵێم پێویستە ڕێزی ملێۆنی جەماوەری لە ناوەندی شارەکاندا حزور پەیا بکات، لە هەمان کاتدا پێویستە بەشداری و دەخالەتی کرێکارانیش زیاترو فراوانتر بێتەوە، تا ئەو ئاستەی ببێتە پێشەنگ و ڕابەری ئەو خرۆشانە جەماوەریە بۆ هەڵگیرسانی شۆرشێک کە تەواوی سیستمی چەوسانەوەی ئینسان لەسەر ئینسان کۆتایی پێ بهێنێت.
بۆپێشەوە: راپەڕین لە ئیراندا زۆر زوو لە پشتیوانی گەورە لە دنیای دەرەوەو لە وڵاتانی ناوچەکە بەهرەمەند بوو، هۆکاری ئەو پشتیوانییە فراوان و خێراییە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
عوسمان حاجی مارف: وەستانەوەی خەڵکی ئێران بە گشتی و ڕیزی ژنان لە پێشەوەی ئەم نارەزایەتیانە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا، جێگای ئومێدی ڕزگاری خەڵکی ناوچەکەیە بەدەست بەڵاو کارەساتەکانی هێزە ئیسلامیەکانەوە، بەوەی چەندین ساڵە ئیسلامی سیاسی مۆتەکەو بەڵایەکی گەورەیە بەسەر دانیشتوانی عێراق و لوبنان و سوریاو یەمەن و ئەفغانستن..ەوە، کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و بەخێو دەکرێن. لەهەمان کاتدا جێگای ئومێدی خەڵکی ئازادیخوازو یەکسنخوازی جیهانە و بەوە پێشبینی دەکرێت کۆتایی کۆماری ئیسلامی بەجیا لەوەی مایەی ئاڵوگۆرێکی جدیە لە ناوچەکەدا، هەروەها نیشانەکانی ئەگەری شۆرش لە ئێراندا کاریگەری لەسەر بەدەستهێنانی چونە پێشەوەی ڕزگاری بەشەریەت لە چەوسانەوە لە ئاستی جیهاندا دەردەخات.
بۆپێشەوە: بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی ئیستای خەڵکی ئیران، چ کاریگەرییەکی لەسەر ئاستی ناوچەکە بەگشتی و لەسەر رەوتە ئیسلامیەکان بەتایبەتی دەبێت؟
عوسمان حاجی مارف: پێش هەموو شتێک ئەم بزوتنەوەی شۆرشگێرانەیەی ئێران بەو چوارچیوە دژی دینیەی لە خۆی نیشان ئەدات و دەرکەوتنی ڕەوتی ئەم نارەزایەتیانە بە خەسڵەتی سکولاری و رایکاڵی و چەپیەوە دەردەکەوێت، بە ڕابەرایەتی ژنانەوە و کۆڵ نەدان و پێداگری لەسەر… روخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، پاشەکشەیەکی گەورە بەدەوری ئیسلامی سیاسی دەکات لە ناوچەکەدا، هەر پاشەکشەپێکردن و لێدانێک لە کۆماری ئیسلامی ئاڵۆگۆرێکی وەها لە ناوچەکەدا فەراهەم دێنیت کە ڕەوتی رادیکالی و ئازادیخوازی و ئینساندۆستی لە ناوچەکەدا چەندین هەنگاو دەچێتە پێشەوە، چونکە بونی ٤٣ ساڵەی کۆماری ئیسلامی دەردو شێرپەنجەیەکی تەواو قێزەون و سامناکە بۆ ناوچەکە بەتایبەتی و بۆ جیهانیش بەگشتی، کۆتایی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی شۆرشەوە حاڵەتێکی وەها ڕانەوەستانی دەبێت کە پریشک و شەپۆلی خۆی دەگەیەنێتە تەواوی ناوچەکەو ئومێدی ئاڵوگۆرێکی کۆمەڵایەتی پێشرەوانە دەرخسێنێت.
بۆپێشەوە: سەرکەوتنی ڕاپەڕین و بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی ئیران لەگرەوی چیدایە؟
عوسمان حاجی مارف: ئەم راپەرینە هەر لەسەرەتاوە سەرکەوتنی خۆی بەدەست هێناوە، سەرکەوتن بەومانایەی توانیویەتی گورزێکی گەورە لە ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و هێماکانی بسرەوێنێت، لەلایەک پاشەکشەیەکی گەورە بە ئیسلامی سیاسی کردوە لە ئێراندا، لە لایەکی تریشەوە ڕیزێکی بەرین لەژنان هێمای ئازادی و ڕزگاریان بۆ ژنان لە ئێراندا بەدەست هێناوە و شکۆی کۆماری ئیسلامیان لە ئاستی جیهاندا شکاندووە، سەرکەوتن بەومانایەی ئەم بزوتنەوە جەماوەریە نەوەستاوە، حجاب وەک شکاندنی شکۆی هێمای ئیسلامی سیاسی فڕیدراوەو سوتێنراوە، بە ڕیزی ملێونی لە جیهاندا پشتیوانی ئەم بزوتنەوەیە دەکرێت، لە مێژوی ٤٣ساڵی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بودەڵەیی و زەلیلی بەم جۆرەی بە خۆوە نەدیوە، بەمانایەک دەتوانین بڵێین بۆ سەرکەوتنی کۆتایی واتە لە ئێستادا روخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە هەڵمەتی زیاتر و رێکخراوبون و بەرزبونەوەی ئاستی نارەزایەتیەکان بە حزوری ملیۆنی لە ناوەندەکانی شارو پەکخستنی تەواوی جومگەکانی پێکهاتەی دەسەڵات، رابەرانی کۆماری ئیسلامی ناچار بە خۆرادەستکردن یا ناچار بە هەڵاتن دەکات.