یەکێتی جیهانی زانایانی ئیسلامی وعەلی قەرەداخی لە بەرەی تیرۆریزمی ئیسلامین؟! نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
یەکێتی جیهانی زانایانی ئیسلامی وعەلی قەرەداخی لە بەرەی تیرۆریزمی ئیسلامین؟!
نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
لەم ڕۆژانەدا نامەی پشتیوانی یەکێتی جیهانی زانایانی ئیسلامی بە واژۆی عەلی قەرەداخی بۆ رژێمی تیرۆرستی جمهوری ئیسلامی ئێران ڕاگەیەنرا. سەرتاپای نامەکە پشتیوانی لەسەرکوتی خەڵکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی ڕاپەریوی ئێران و ئەو کوشتارەی حکومەتی ئیسلامی ئێران ئەنجامی داوە دەکات. ئەم هەڵوێستەیان هیچ نییە جگە لەوەی خۆیان خستە ناو لیستی تیرۆرستانی ئیسلامیەوە وە پیشانیاندا وەک جمهوری ئیسلامی وداعش والقاعیدە لەگەڵ کوشتن و تیرۆری خەلکی ئازادیخوازو ئینسان دۆستن. ئەمانە بەم نامەیە لەگەڵ کوشتنی ٣٣٦ کەس و بریندار بوونی هەزارەها کەس و زیندانی کردنی ١٥٠٠٠ پانزە هەزار کەسی شۆڕشگێڕن لایەن جەلادانی جمهوری ئیسلامیەوە. ئەم کوشتن و سەرکوتەی حکومەتی ئیسلامیان پێ باشە، بەڵام هێرشی ئازادیخوازان کە ناویان ئەبەن بە لە یاسا دەرچوان بۆ سەر بەسیج و پاسداری ئیسلامی بە تاوان ئەزانن. عەلی قەرەداخی و یەکێتیەکەی هەمیشە لەسەنگەری تیرۆریستان و دەسەڵاتە فاشیستە ئیسلامی و عەرەبیەکاندا بوون. پێشتر هاوهەڵوێستی یان بۆ ئەردوغانی تیرۆریست نیشانداوە لە قەتل وعامی خەلکی ستەمدیدەی کوردستانی تورکیاو سوریا. لەساڵی ١٩٨٨ دا ئەم یەکێتی بە ناو زانایانی ئیسلامیە هاوهەڵویستیان بۆ سەدام و ڕژێمێ فاشیستی بەعس نیشاندا و دەست خۆشیان لێ کرد لە کوشتنی خەلکی بێتاوانی هەڵەبجەو ئەنفالی خەلکی کوردستان. هەر لەو کاتانەدا بوو دژ بە جمهوری ئیسلامی ئێران وەستانەوەو پشتی سەدام حسینیان گرت، بەڵام ئێستا پشتی جمهوری ئیسلامی دەگرن لە بەرانبەر خەلکی ستەم دیدەی کوردستان و ئێراندا. ئەمەیە بانێکەو دووهەوا. ئەم یەکێتی جیهانی جاهیلە ئیسلامیە پشتیوانی بۆ جەلادانی جمهوری ئیسلامی دەر دەبڕن و دەستیان ئاوەڵا تر دەکەن بۆ کوشتن و زیندانیکردنی ژنان وکرێکاران وکاسبکاران و گەنجان و خوێندکارانی زانکۆ وئامادەیی وناوەندی کە لە زیاتر لە ٨٠٠ شارو شارۆچکەی ئێراندا هاتوونەتە سەر جادەو داوای ئازادی و خوشگوزەران و ژیانێکی شایستە بە مرۆڤی ئەم سەردەمە دەکەن و کە جمهوری ئیسلامی بە ئاگرو ئاسن لێی زەوت کردوون. ئەم عەلی قەرەداخیە و رێکخراوەکەی پشتگیری لە ڕژێمێک دەکەن کە لەماوەی ٤٣ ساڵەی دەسەڵاتیدا زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەسی لەسێدارە داوە . خەلکیان تا ئەوپەڕی هەژاری و نەداری بردووە و خۆشیان بوونەتە ملیادەرو لە ئەوپەری خوشگوزەرانیدا ژیان دەکەن بەخامنەیی و رەئیسی و سەرجەم سەرکردەکانیەوە. حیجابی ئیجباریان بەسەر ژناندا سەپاندوە و کۆمەڵگەی ئێرانیان بۆ سەدەکانی ناوەراست گەڕاندووەتە دواوە. و فەرهەنگی پیاوسالاری و خورافات وجەهل ونەزانییان سەپاندووە بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا. پشتیوانیکردنی هەر رێکخراوە ویەکێتی وحیزب و حکومەتێک لە جمهوری ئیسلامی ئێران دەکاتە هاوبەش لە تاوانەکانی ئەم ڕژێمە فاشیست وتیرۆریستە کە نەک بەرانبەر خەڵکی ئێران و کوردستان ئەنجامی داوە، بەلکو بەرانبەر خەلکی ناوچەکە وجیهانیش ئەنجامیان داوە لە ڕێگای حزب اللەکان و حەشدی شەعبیەکان وحوسیەکان لە لوبنان وسوریا وعێراق و یەمەن و چەندین وڵاتی تر. عەلی قەرەداخی و یەکێتی جاهیلانی جیهانی ئیسلامی بەم هەڵوێستەیان ڕیسواییان بۆ خۆیان تۆمار کرد ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەی پێشکەوتووخوازو ئازادیخواز لە جیهاندا بەجۆرێک هاتوونەتە مەیدان بۆپشتیوانی ژنانی یەکسانیخوازی ئێران و خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بێ وێنە بووە کە بە ملیۆنەها کەس مەزەندە دەکرێ. مەلا عەلی و یەکێتی جیهانی جاهیلانی ئیسلامی و تەواوی ئیسلامی سیاسی بەسەلەفی وسوونە وشیعەیەوە ترسی یان لێ نیشتووە لە بەرانبەر ئەم خرۆشان و ڕاپەڕینەی ژنان و خەلکی ئازادیخواز، ئەوە دەزانن ئەگەر جمهوری ئیسلامی ئێران بڕووخێ ئەوا ئەوانیش لغاو دەکرێن و ناتوانن وەک ئێستایان دەست بەرن بۆسەر هەموو کایەکانی ژیانی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا. دەزانن کە ئەمە دەبێتە هۆی پووکانەوەی خۆشیان و ریسوا بوونیان. دەزانن ئەگەر ئەمڕۆ کچان و گەنجانی ئێران مێزەری مەلاکان فڕێدەدەن وینەی سەرکردەکانی جمهوری ئیسلامی ئاگر تێ بەردەدەن سبەینێ نۆرەی ئەمانیش دێت. مەلا عەلی ورێکخراوەکەی و ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکە و لە جیهاندا بێزارن بە هاتنە مەیدانی ژنان وەک ئینسان بۆ داوای یەکسانی جێندەری کە پایەی ئایدۆلۆژیەکەیان لە سەر جیاکاری ژن و پیاو وەستاوە. پێشتر لە بەرانبەر هاتنە مەیدانی ژنان لە کوردستانی سوریا یا ڕۆژئاوا و ئەو گورزەی وەشاندیان لە داعش بەتایبەت لە کوبانی زۆر بێزاری کردن، چونکە بۆیان دەرکەوت ژنان زەعیفە نین ئەمرۆش لە ژنانی ئێران بێزارن و چونکە ئیتر ناتوانن ئیدیعای ئەوە بکەن ژن زەعیفن و ٤ دانەیان بۆ پیاوێک و بەنیو مرۆڤ حسابیان بۆ بکەن بەمەش پایەی ئەسڵی ئایدۆلۆژیەکەیان دەکەوێ و خۆشیان هەڵدەدرێنە ناو زبڵدانی مێژوەوە. درەنگ یا زوو ئەم سەرکەوتنە بەدی دێت. عەلی قەرەداخی و یەکێتیەکەی بەم هەڵوێستەیان نیشانیان دا لەگەڵ زوڵم و نادادپەروەری و کوشتن و وخوێن ڕشتندان بۆیە جێ ی خۆیەتی بخرێنە ناو لیستی ڕەشی تیرۆریزمی ئیسلامیەوە.