ساڵیادی کام سلێمانی؟ ئارام حەسەن

0

ساڵیادی کام سلێمانی؟

ئارام حەسەن

ئەوەی دوێنێ موڵکی نەتەوەی کوردان بوو، یان ئەوەی دارولمولکی بابان و موڵکی چەند حیزبێکە ئەمڕۆ؟

٭ئەوەی دوێنێ کانیاوی ڕێز و ئەدەب بوو، یان گۆماوی بێئەدەبیە جۆراوجۆرەکانی ئەمڕۆ؟

٭کانگەی خۆشویستن و میهرەبانی دوێنێ، یان بورکانگەی قین و تۆڵە و بوغزی ئەمڕۆ؟

٭مەئواکەی ڕێبوار و بێنەوای دوێنێ، یان پەناگەی تەکفیرکارانی ئەمڕۆ؟

٭ئەوەی دوێنێ خەمی ماڵێک، خەمی گەورەی هەموو شار بوو، یان ئەوەی دراوسێ دراوسێ ناناسێ ئەمڕۆ؟

٭ئەوەی دوێنێ پێشەنگی شاران بوو، یان ئەوەی قڕەی قڕەکانە ئەمڕۆ؟

٭ئەوەی دوێنێ مۆزەخانەی فەرهەنگ بوو، یان ئەوەی کۆڵان و خانوی ڕیش سپیان کردوە بە گەراج و خانەی نێرگەلە ئەمڕۆ؟

٭نزرگەی  مەعریفە و نووسەر و شاعیر و مامۆستای دوێنێ، یان مەزادخانەی قەڵەم فرۆشانی ئەمڕۆ؟

٭ئەوەی دوێنی پۆشتە بوو، یان ئەوەی لە سەد لاوە شەڕواڵی دڕاوە ئەمڕۆ؟

٭ئەوەی دوێنێ ژنکوژیی تیایدا دەگمەن بوو، یان قەسابخانەی خەساندنی نێر و خەتەنەی مێ و مێکوژییە ئەمڕۆ؟

٭ئەوەی دوێنێ بە گژ قولەی قافا دەچوو، یان ئەوەی پڕ لە چاوحیز و ترسنۆک و سەرکز ئەمڕۆ؟

٭ئەوەی دوێنێ وەفاداری شوناسی بوو، یان ئەوەی بە درۆزن و ماستاوچی و دوڕوو تەنراوە ئەمڕۆ؟

٭ئەوەی دوێنێ سونبولی بەرخۆدان بوو، یان شوێن تەراتێنی سیخوڕگەلی تورک و فارس و عەرەب و… تەختی ڕابواردنی غەیرەکورد ئەمڕۆ؟

ئاخر یادی دروستکردنی کام سلێمانی بکەینەوە؟ کە هێشتا لەسەر سلێمانی دوێنێ و ئەمڕۆ.. سەدان خاڵی تر ماوە بینووسم!

Leave A Reply

Your email address will not be published.