سزای زیندانی چوار ساڵ بۆ هەردوو تازە لاو “سابیر ئەحمەد و عەبدوڵا هیوا” نیشانەی پوچی دادگاو یاسایە!
سزای زیندانی چوار ساڵ بۆ هەردوو تازە لاو “سابیر ئەحمەد و عەبدوڵا هیوا” نیشانەی پوچی دادگاو یاسایە!
هەشتی ئەم مانگە دادگای نەوجەوانانی کەرکوک/گەرمیان سزای ٤ ساڵ زیندانی بەسەر تازە لاو سابیر ئەحمەد و عەبدوڵا هیوادا سەپاند بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ و وە سوتاندن و زیان گەیاندن بە موڵکی گشتی… وە دادگا لە جێگای یاسای خۆپیشاندان، مادەی ٣٤٢ یاسای سزادانی عیراقی بەدەستەوە گرتووە، لە کاتێکدا هەردوو تازە لاوەکە بە تۆمەتی بەشداری و زیانگەیاندن بە مولکی گشتی لە خۆپیشاندانەکاندا تۆمەتبار کراون.
سزادانی ئەو دوو تازە لاوە، بەیاسای سزادانی عێراقی، خۆی تاوانێکی ئاشکرای دادگایە، بەرامبەر بە خودی دادگا و یاسا… حکومەتی بەعس گۆڕ بەگۆڕ بووە، کەچی یاساکانی بەعس بەشیوەی بەعسیانە بەسەر لاوان و خەڵکی کوردستاندا دەسەپێنن… ئەوە چ ویژدانیکە دادگاو ئەو دادوەرانە هەیانە بۆ سزادانی کەسانێک کە داوای ژیانێکی باشتر دەکەن و نارەزایەتی و خۆپیشاندان وەرێ دەخەن… مافی نارەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندان بۆ ژیانێکی باشتر مافێکی سەرەتایی ئینسانی ئەم سەردەمەیە. لە هەموو خۆپیشاندانێکدا کە دەسەڵات دەست دەبات بۆ زەبرو زەنگ و توندوتیژی، بەناچار رووبەڕووی کارادنەوەی هاوڵاتیان دەبێتەوە و دەشی سوتاندن و زیان گەیاندن بە بارەگاو سەیارە و بینا… تاد، بکەوێت.
دادگا لەکاتێکدا بە پاساوی زیان گەیاندن بە موڵکی گشتی لاوانی هیوا خنکێنراو بە یاسای عێراقی سزای قورس دەدات، کە بەئاشکرا سەرە گەورەکانی دەسەڵات و حزب، هەرچی مولکی گشتییە بە سامانی ژیر زەوی و سەر زەویەوە، دەستیان بەسەردا گرتووەو لەسەر خۆیان و کەس و کاریان تاپۆیان کردووە. چاڵە نەوت و زەوی و لێرەوار و زەوی کشتوکاڵی تەنانەت هاوینەهەوار و ناوچە گەشتیاریەکان و تەنانەت شاخ و لیرەوارەکانیشیان تاپۆی دەسەڵات کردووە، کەچی دادگا و دادوەرانی میراتگری بەعس لە کوردستان زات ناکەن، دەست بۆ سزادانی ئەو سەرە زلانەی دزی ببەن و کەچی بێ گوێدانە هیچ پرانسیبێکی ئینسانی و ریزگرتن لەهەر یاسایەک کەمافی ئینسان لەبەرچاو بگرێت… لاوانێک سزای چەند ساڵە دەدات، کە هێشتا تەمەنیان لە خوار هەژدە ساڵەو هەرچی هیواو ئومیدیان هەیە خنکێنراوە…
تۆمەت سازکردن بۆتە باو لەلایەن دادگا حزبیەکان و دادوەرە ویژدان مردوەکان، بە سادەیی تۆمەت بۆ گیراوەکان دادەتاشن… گیراوەکانی بادینانیان بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی سزادا، لە کاتێکدا ئەوە دەسەڵات و بەرپرسەکانیانن، بارەگا و بنکەو بۆ هێزەکانی وڵاتانی ناوچەکە باندەکانیان دەکەنەوە، پێش لەشکریان بۆ دەکەن، هەڵسوراوانی ئۆپۆزیسیۆن رادەست دەکەنەوە، چاو ساغی بۆ گروپە ئینسان کوژەکانیان دەکەن… کەچی بۆ نووسەر و چالاکوانانێک کە بەدژی گەندەڵی و بێ موچەیی و بێ خزمەتگوازرییدا هاتونەتە مەیدان، تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانیان دەخەنە پاڵ… پێش دادگا سەرۆک بڕیار دەدات… ماوەی یاسایی سزاکەیان تەواو دەکەن کەچی ئازادیان ناکەن… دادگا و دادوەری گشتی و یاساش میش میوانیان نییە.
سزادانی ئەم دوو تازە لاوەش لە زۆنی سەوز و گەرمیاندا بە تۆمەتی زیان گەیاندن بە مولکی گشتی، ئەوە دەخاتە روو کە دەسەڵاتی حزبۆکراتی یەکێتی پارتی و یەک مۆدیل و کۆپی دەسەڵاتە سەرکوتگەر و دژە ئینسانیەکانن.
سزای چوار ساڵ بۆ دوو تازە لاو بەپاساوی زیان گەیاندن بە بینا و سوتاندنی سەیارە، و بەدەستەوە گرتنی سزای بەعسیانە لە جێگای سزای خۆپیشاندان… تاوانێکە زۆر گەورەترە لە سوتاندنی چەندین بیناو سەیارە… وە ئەوە ناوەرۆکی یاساو دادگا دەخاتە ڕوو، کە یاساو دادگا لە ژێر سایەی دەسەلاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتیدا حەربەیەکە بەدەست دەسەڵاتەوە بۆ بەرگری لە خاوەن کۆمپانیاو بەرپرسە حزبی و سەرمایەدارەکان و دزی و تاڵانی ئاشکرا و گورزێکیشە بۆ خەڵکی هەژار و نەدار و لاوانی نارازی.
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و گەرمیان و دادوەرانی ئازاد و ویژدان زیندو پیویستە بە نارەزایەتی دەربڕین و گوشار هێنان بۆدەسەڵات، ئەو سزا قەرەقوشی و نارەوایە هەڵبوەشینەوە و هەر دوو تازە لاوەکە ئازاد بکەن و قەرەبوویان بکەنەوە. ئەگەر بە راستی یاساو سزایەک هەبووایە، ئەوە کاربەدەستانی حزب و دەسەڵاتن بە تۆمەتی دەیان بەڵگەی زیندو لەدزی و گەندەڵی و سەرانەسەندن و دەست بەسەراگرتنی موڵک و ماڵی گشتی و پێش لەشکری و جاسوسی و دەیان تاوانی تر دەبوو بدرێنە دادگا، کەچی ئەوانەو ژن کوژ و خۆپیشاندەر کوژ و چاوساغ بۆ وڵاتان و باندەکانیانن ئازادن و لاوانی تیکۆشەریش بۆ ژیانێکی باشتر سزای قورس دەدرێن…