زیندانیانی بادینان بۆ ئازاد ناکرێن!!
زیندانیانی بادینان بۆ ئازاد ناکرێن!!
دوای زیاتر لە دووساڵ هێشتا گیراوەکانی بادینان لە زینداندان و ئازاد نەکراون. تەنانەت بەپێی مەرسومی سەرۆکی هەرێم!! سزای ئەو زیندانیانە لە سەدا ٦٠ کەمکرایەوە، کەچی ئەوە نزیک بە ١٠مانگ بەسەر بریاری سەرۆکی هەرێمدا تیپەڕ دەبێت، دوبارە ئەو زیندانیانە ئازاد نەکراون. ئەوە لە کاتێکدایە زیندانی سیاسی لەهەر شوێنێکی دنیا، تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتەکە تاسەر ئیسقان دڕندەو فاشیست و سەرکوتگەر بیت، ئەگەر زیندانی سزاکەی تەواو بوو ئازاد دەکرێت، بەڵام دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و بەتایبەتی پارتی بەو مامەڵەیە کە لەگەڵ زیندانیانی بادینانی دەکات، نیشانی دەدات کە هێشتا لە دنیادا شێوەی دروست نەبووەو نابێتەوە. لە هیچ جێگایەکی ئەم گۆی زەویە نییە کەسانێک بە بڕیاری دادگا و کەسی یەکەمی وڵات کەسەرۆکی هەرێمە!! مافی ئازادبوونیان هەبێت، بەڵام دادگا و یاسا خۆیان لە جێبەجێکردنی بدزنەوە. ئەوە ئەو راستیە نیشان دەدات، کە لەژێر سایەی دەسەڵاتی میلیشییاییدا باسی دادگاو یاسا درۆیەکی پوچە.
دەستگیرکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووس و بەشدار لە خۆپیشاندانەکانی بادیناندا، تۆمەتی “تیكدانی ئاسایشی نیشتیمانیان” دراوەتە پاڵ، چۆن ئەو تۆمەتە هیچ بنەمایەکی نییەو ئەوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی شێواندووەو لەنادیارییدا رایگرتووە دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیانن، ئاواش راگرتن و ئازادنەکردنی ئەو گیراوانە، لە کاتیکدا بریاری ئازادبوونیان هەیە، تاوانێکە دەچێتە پاڵ زنجیرە تاوانەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، کە لیستێکی دوور درێژەو لەگەڵ هەر هەستانێکی جەماوەریدا، وەکو سزانامەی دەسەڵات لەلایەن خەڵکەوە بەدەستەوە دەگیرێت.