ئەم وەرزەت باش نیشتمان:
ئەم وەرزەت باش نیشتمان:
ببوورە، ئەو کڕێوە وەجاخکوێرە نامەکەتی ونکردبوو، کزەبایەکی هەتیو دۆزیەوه، ئەمڕۆ بە دەستم گەیشت، گلەییت سەر چڵ بە چڵ و چرۆ بە چرۆم، بەڵام ئاخر منی سروشت بەردەوام خەریکی جوانکردنی وەرزەکانم، جلوبەرگیان بۆ ئەگۆڕم، دارەدارە بە دارستان ئەکەم، قژی هەتاو شانەئەکەم، تاریکی ئەشۆمەوە، ئاو ئەدوێنم، لەوەش کە نەپەرژاومە سەر هەواڵ پرسینت داوای لێبوردن ئەکەم..
بە شەماڵێکی عازەبا سڵاوتم گەیاندە شاخەکان، یەک بە یەکی کانیەکان..
هەواڵی دار بەڕوەکانت پرسیبوو، ئەوان زمانی کوردیان بیرچۆتەوە، داری وەهایان ئەناسم سەد ساڵە بەڕوو ئەگرێ کەچی بە عەرەبی قسەئەکا، دەوەنی ساوا شیری فارس نەبێ ناینێتە سەر لێو..
حوجرەکان پڕن لە سورەچنار، پڕن لە دارەبەن و مازوار، عاگۆلنامە ئەخوێنن.. شۆڕەبیەکان عەمامە لەسەر ئەکەن، چۆلەکە سرکەیی فڕێداوە، کۆترەکان لەبری گمەگم یابەیابەیانە!
ئاسەواری شوێنپێی قارەمانی حیزەڵە جەستەی باریکەڕێ و تولەڕێی هەلاهەلا کردوە!
بێشەڵانێک بۆی گێڕامەوە وتی شێرەکان لاسایی وشتر ئەکەنەوە، قەدپاڵێک پێیوتم بەرازی نەزۆک وازی لە مالۆس هێناوە، دڵداری لەگەڵ سوێسکە ئەکا، سنەوبەرێک ئەیوت داد و بێدادمە لە دەست خەڵک، شووشە ئەچەقێننە سێبەرم..
ئێستا لێره، هەتا گێژەڵوکە ئیمزا لەسەر سەوزبوونی نەمام نەکا قەدەغەیە بڕوێ، حاکمی موتڵەقی گوڵجاڕان ڕەشەبای خۆڵاویه!
باسی چیت بۆ بکەم نیشتمان؟
باسی ئەو شاعیر و شاعیرۆکانە، کە وەکو جەستەی ئادەمیزاد ئەتبینن، یەکێک تۆی کردوە بە کچ، یەکێکی تر بە ژن، یەکێکی تر بە کوڕ و ئەوی تریش بە سینەی ژنە شەهیدێک!
ئاخر باسی چی بکەم؟
ئەو هەموو گەنجەی کە ناوی تۆی نەبیستوە، ئەو هەموو هەرزەکارەی گاڵتە بە پێگە و ناوت ئەکەن!
باسی ئەو کەمتیارانە بکەم کە هەر شەوە بە زریکەی مامزێک گۆڕستان ڕائەچڵەکێنێ، یان ئەو سێ کەمتیارەی لە سەعات سفری شەوێکی زستان، بەرخێکیان هێنا بە بووکی، یەکێکیان قاچەکانی گرت و ئەوی تر دەمی و سێیەمیشیان بوو بە زاوا..
ماسیەکان لە بزنمژە ئاوس ئەبن، شەوانە ڕەشبەڵەکی دڕکەزیی و دڕکە پێکوڵە، لە کوێستانان خێڵەوخواری تورکان و عەجەم و عارەبانە، لە بنارەکان بۆسە بۆ ئەو کەروێشکانە دائەنرێ کە لە سوڕی مانگانەدان، ئێرە پڕپڕە لە سوپاسالاری چڵمن، پڕە لە سیسرکەی داوێنپیس..
ئێستا ئاشەوان ئاردی پێوەنیە، لەبری گوڵەوەچنی گەنم، وردیلەکان فیشەک کۆئەکەنەوە، شەڕه لەسەر شەکەمێ و بەربەنیوەیی تەمەن و ژن بەژنی خەلیفەکان!
ئێستا میز بە خۆشەویستی و دیواری کتێبخانەکانا ئەکرێ، ئەڵقەی هاوژینەکان لە شەوی پەردەدا ون ئەبێ، گیرفانی مێرولەکان تاڵان ئەکرێ، ئیرەیی بە قژی ڕێحانە و هەڵەکۆک و ڕێواس ئەبرێ، دارهەرمێ لایلایە بۆ سمۆرە ناکا، دۆڵی پەلەزێ و ئاوایی پەنجەخانم وێران کران و کردیان بە بەهەشتی کەران، گوێ لە دەردەدڵی مریشکە کونج ناگیرێ، پشیلەکان ڕەشپۆشن، هیچ کەس خەونی گوڵاڵەسوورە ناگێڕێتەوە، ئەژنۆی گوڵەبەڕۆژە شکاوە ناتوانی ڕووبکاتە خۆر، کەس لە حەیرانی کەڵەباب ڕانامێنێ، ئاسمانی ئێره نـە ئەپژمێ نـە پەڵەهەورێک نووزەی دێت..
ئێستا پشتێنی دیرۆکی چوارشانە شلە و تەواوی تەقەڵی ئاڵامان هەڵتەقیوە..
نووسینی: ئارام حەسەن