هێزەکانی شۆڕش و دژە شۆڕش، لە هەستان و ڕاپەڕینی خەڵکی ئێراندا! نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
هێزەکانی شۆڕش و دژە شۆڕش، لە هەستان و ڕاپەڕینی خەڵکی ئێراندا!
نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
ڕاپەرین و هەستانی جەماوەری لە سەراسەری ئیران، درێژەی هەیەو هەنگاوی خێرا بەرەو پێشەوە دەنێت. ئەم راپەڕین و هەستانە جەماوەرییە، کە درێژکراوەی راپەرین و هەستانە جەماوەرییەکانی پێشوترە، خاوەنی چەند تایبەتمەندیەکی دیاریکراوە کە گەیاندویەتی بە ئێستا و جێگا ئومێدی بەرینی دنیا. سەراسەری بوونی هەستان و راپەرینە جەماوەرییەکە بەجۆرێکە کە هەموو شارو شارۆچکەو تەنانەت بەشێکی زۆر لە دێهاتەکانییشی گرتۆتەوە. هەوەها سەرجەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە شۆرشگێرەکان تیایدا بەشدارن، کرێکاران، مامۆستایان، ژنان، لاوان، خوێندکاران، خانەنشینان…تاد. هەروەها بوونی هاوئاهەنگی لە نیوان بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و بەشەکانیدا، باڵادەستی دروشم و داخوازی سەراسەری و رادیکاڵ و پێشکەتنخوازانە و کەم رەنگی و لاوازی ناسنامە مەحەلی و ناسیونالیستی و میللیەکان. درێژەکێشانی راپەرین و بەردەوامیەکەی کە لە مانگ و نیوێک نزیک دەبێتەوە. لاوازی رۆڵ و نەخشی ئەمریکاو غەرب و هیزەکانی دژە شۆرش… ئەمانە بەشێک لە تایبەتمەندیییە سەرەکیەکانی هەستان و راپەرێنی ئەمجارەی جەماوەری بێبەشی ئیرانن، ئەم تایبەتمەندیانە و ناوەرۆکی شۆرشگێرانەی ڕاپەڕین، هەر ئێستا دەیان دەستکەوتی گەورەو بێ گەڕانەوەی بەدەست هێناوە. لەوانە باڵانسی هێز لە نێوان جەماوەری راپەڕیوو و دەسەڵاتی ئاخوندەکان، بە سودی جەماوەر گۆڕاوە. جەماوەر ترسیان لە لە زەبرو زۆر و سەرکوتی رژێم شکاوەو ئەمجارە ئەوە رژێمە ترس و لەرز دایگرتووە. وەلانانی حجابی ئیسلامی و پێشرەوی بزوتنەوەی ژنان بۆتە دیاردەیەکی بەرجەستە، و حجاب وەکو رەمزو پایەکی دەسەڵاتی ئاخوندەکان، هەڵتەکاوەو گەڕانەوەی بۆ نییە. بزوتنەوەی کرێکاریی ئەم جارە تاک باڵ نییەو بزوتنەوەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی لە پاڵ خۆیدا دەبینێ… بزوتنەوەی پشتیوانی جیهانی لە راپەرینی خەڵکی ئێران لەسەراسەری دنیادا کەم وێنەیە و ویست وخواستی خەڵکی ئیرانی بە دنیا نیشاندا.
ئەم تایبەتمەندیانە لە راپەرێنی ئەمجارەی خەڵکی ئیراندا، راستەوخۆ ریشەی لە شۆرشگێر بوون و پایەی چینایەتی ئەم هەستان و راپەرینەو پەیوەندی بە… هەژموونی بزوتنەوەکەوە هەیە، بەسەر بزوتنەوە سیاسی و حزبیەکاندا… بزوتنەوەیەک کە ئامادەیی و توانایەکەی لە ئاستی پێشبینی حزب و لایەنە سیاسیەکان واوەترە، بزوتنەوەیەکەیە هێزو لایەنە سیاسیەکانی لە نائامادەیی و کەم تواناییان بێدار کردەوە. تا ئەو ڕادەیەی کە ئەوە دروشم و خواستەکانی جەماوەری راپەڕیووە بۆتە دروشم و خواستی هێزو لایەنە سیاسیەکان، نەک بەپێچەوانەوە. بەواتایەکی تر ئەوە حزب و لایەنە سیاسیەکانن، دەیانەوێت خۆیان بە خواست و داواکاری و دروشمەکانی بزوتنەوەی نارەزایەتی و ناوەرۆکی شۆرشگێرانەکەی هەڵبواسن و جوت بکەن. دروشم و بانگەواز و شێوازەکانی خەباتی خەڵکی ئیران باڵاتر و گەورەتر و رۆشنتر و زەمینی ترە لە بانگەواز و دروشم و داخوازی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکان… دیارە بلۆکی بۆرژوازی و رەوتەکانی، ئامادەیی و حزورێکی بەرجەستەیان، نییەو دروشم و خواستی ئەوان زۆر لاوازتر و لەدواترە لە خواستی جەماوەری ناڕازی و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان.
لەدڵی ئەو تایبەتمەندیانەدا و دۆخی ئێستای درێژەکێشانی ڕاپەریندا… هێزەکانی شۆرش و دژە شۆرش لەهەوڵی ئەوەدان مۆری خۆیان بەم بزوتنەوەیە بلکێنن، دەیانەوێت ئامادەیی و هەژموونی خۆیان نیشان بدەن… بەتایبەتی هێزەکانی دژە شۆرش دەیانەوێت حزورو ئامادەیی خۆیان نیشان بدەن و خۆیان بە بزوتنەوەو راپەرینی خەڵکی ئێراندا هەڵبواسن. ئەوەش رۆشنە کە ئەم بزوتنەوەیە بەم جۆرەی ئێستای نامێنێتەوە ئاڵوگۆری بەسەدا دێت، چۆن ئاڵوگۆر لەهاوسەنگی نێوان جەماوەری راپەریوو و دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامیدا، پێکهاتووە، ئاواش هاوسەنگی هێز لە نیوان هێزەکانی شۆرش و دژە شۆرشدا، پێک دێت. مەبەست لە هێزەکانی دژە شۆرش، ئەو هێزە بۆرژوازیانەن کە لە بنەرەتدا دژایەتی سەر سەختیان لەگەڵ پایەی چینایەتی ئەم راپەڕین و بزوتنەوەیەدا هەیە. ئەو هێزانەن کە نایانەوێت دەسەڵاتی رژێمی ئیران بە هێزی شۆرشگێرانەی جەماوەری و لەدڵی هەلومەرجی شۆرشگێرانەدا، بروخێت. ئەو هێزانەن کە خوازیاری ئاڵوگۆر لەسەرەون و نایانەوێت پایەی چینایەتی ئەم نیزامە وەکو نیزامی سەرمایەداری، بروخێت. ئەو هێزانەن دەیانەوێت لە نیوەی ڕیگادا شۆڕش بدزن و بەلارێیدا بەرن. ئەو هێزانەن خواستی محەلی و ناسیونالیستی و عەزمەت تەڵەبیان لە بەرامبەر بەداخوازی سەراسەرییدا هەیە. ئەو هێزانەن لە بنەرەتەوە بڕوایان بە هیزی جەماوەری نییەو و رۆڵی جەماوەر وەکو زەخیرەی بەسەرکەوتنی دەسەڵاتی خۆیان دەبینن. ئەو هێزانەن دەیانەوێت سات و سەودا لەسەرەوە لەگەڵ رژێمی نیوە مردوو بکەن و دەستکەوتی بزتنەوەکانی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن. ئەو هێزانەن کە پشتیوانی سەرەکی خۆیان بە ئەمریکا و غەرب و کۆمەکی مادی و لۆجیستیکی ئەوان دەزانن. ئەو هێزانەن کە دژایەتی سەرسەختیان لەگەڵ خود ئاگایی چینی کریکار و جەماوەری بێبەش هەیە. ئەو هیزانەن کە دەیانەوێت ناسنامەی قەومی و میللی، نیشتیمانی جێ نشینی ناسنامەی رادیکاڵ و شۆرشگێرانەی سەراسەری و ناسنامە چینایەتی و ئینسانی و سەراسەریەکەی بکەن… ئەو هیزانەن کە ئەگەر کیشەیان لەگەڵ دەسەڵاتی ئاخوندەکان لە ئیران هەیە، بەلام کیشەیان لەگەڵ نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری نییە و لەباشترین حاڵەدا خوازیاری دەسەڵاتێکی نائیسلامی سەرمایەدارین لە ئیراندا، بە بەرگی نیشتیمانی و ناسیونالیستیییەوە. دیارە هیز گەلی دژە شۆرشی ئیسلامی شانسیان نییەو ڕیگەی دوبارە حزور پەیداکردنیان لە هیچ بەرگ و رەنگێکی تردا نییە… ئەوەی کە مەترسییە، هێزگەلی دژە شۆرشی بۆرژوازی لە بەرگی ناسیونالیزمی عەزەم تەڵەبی نیشتیمانی و نەتەوەیی و میللیدان.. کە پشت و پەنایان ئەمریکاو غەرب و قوتبە ناوچەییەکانن. هیزەکانی تری دژە شۆرش لە ئاستی محەلی وناوخۆیی ئیراندا، خوازیارن خواستە میللی و نەتەوەیەکانیان، لە ڕیگای سازان و بەکەڵک وەرگرتن لە لاواز بوونی دەسەڵات لە ئیراندا بەدەستەوە بگرن، ئەو هیزانە ئەو بەشەن کە لەسەرەتای ڕاپەرینی ئەمجارەی خەڵکی ئێراندا، هەوڵیان داو بەردەوامن کە ناسنامەی محەلی و ناسیونالیستی زاڵ بکەن و مۆری کورد و عەرب و بلوج و تورکی… لەناو بزوتنەوەی سەراسەری ئیراندا، دەربخەن و کەڵک لە بزوتنەوەی سەراسەری لە پێناو دەستکەوتی محەلیدا، بەدەستەوە بگرن. ئەمانە دژی مافی هاوڵاتی بوونن و خواستی دەستەبەندی جەماوەریان بەپێی ناسنامە قەومی و نەتەوەیەکان هەیە و هەڵگری بەدەستەوە گرتنی ڕیگاچارەی شۆرشگێرانە بۆ چارەسەری پرسە نەتەوەیەکان و ستەم و هەڵاواردنەکان نین، بەڵکو خوازیاری بەشن لە دەسەڵاتی مەرکەزدا.
ئەم هێزگەلە دژە شۆرشە لە راپەرینی ئێستای خەڵکی ئێراندا… خوازیاری درێژەکێشانی بزوتنەوەی و راپەرینی ئێستا نین، بەڵکو لە رێگای ترساندنی خەڵکەوە کە دەڵێن جمهوری ئیسلامی ئیران ناڕوخێت، ئیران راپەرین لە خوێن هەڵدەکێشت، خەڵک بەدەستی بەتاڵەوە ئەم رژێمە چەکدارە و خاوەن تەمەنە سەرو چل ساڵیەی بۆ لەبەین نابرێت …تاد، دەیانەوێت خەڵک بترسێنن و کۆتایی بە راپەرین بێت و لەو نێوەشدا قوربانی و خەباتی جەماوەری خەڵکی بکەنە ڕیگایەک بۆ بەشدار بوون لەدەسەڵاتی ئاخواندەکاندا… ئەم هیز گەلە لە بنەرەتدا هیزی دژە شۆرشن. ئەم هێز گەلە دژە شۆرشەی ئیران… نیگەرانن لە سەراسەری بوونی هەستان و راپەرینی خەڵکی ئێران و کوردستان و هاوئاهەنگی نیوان بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا.. ئەوان خوازیاری ئەوەن کۆمەڵگەی ئیران بەپێی ناسنامە نەتەوەیی و قەومیی و دینییەکان بە پێوەری ژمارەی دانیشتوانی، دابەش بکەن بزوتنەوەی سەراسەری ئێستای ئیران بۆ روخاندنی دەسەڵاتی نەنگینی جمهوری ئیسلامی، دامەزراندنی دەسەڵاتێکی پشت بەستوی جەماوەری و زامن بۆ پاراستنی مافە فەردی و مەدەنی و ئینسانی و سەراسەریەکان پارچە پارچە بکەن و دەسەڵاتی پارچە پارچە لەسەر بنەمای قەومی و دینی و تایفی دابسەپێنن و ئەلگۆی مایەپوچ و پڕ تراژیدیای عێراق، دوبارە بکەنەوەو بیکەنە ئەمری واقع… ئەم هیز گەلەی دژی شۆرشە زۆر نیگەرانی داخوازی سەراسەری رادیکاڵ و شۆرشگێرانەو دروشمەکانیانن… کاتێک خەڵک دەڵین نا بۆ” ستەم گەر چ ڕابەر و چ شا بێت” لەرزیان دێت.
ناسیونالیزمی و کورد فارس… دوو رەوتی دژە شۆرشن و ئەو هێزانە توخمی دزینی شۆرش و راپەڕین و بەلارێدابردن و خاوکردنەوە و دزینیان… هەیە. ئەو هێزو لایەنە سیاسیانەی دژە شۆرش، لەگەڵ ئەوەدا لە سەرهەڵدان و پێگرتنی ئەم بزوتنەوەیەدا رۆڵیان نییە و پێگەیان لەناو بزوتنەوە و خواستی روخاندنی جمهوری ئیسلامیدا، زۆر لاوازو نادیارە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە هەر ئاوا بمێنەوە و گۆرەپانەکە بۆ جەماوەری شۆرشگێرو هێزەکانی لایەنگری شۆرش جێ بهێڵن، بەڵکو لەگەڵ چوونە پێشەوەو بەردەوامی ئەم بزوتنەوەیەدا، ئەوەندی بۆیان بکرێت هەوڵی خۆیان دەخەنە گەر تا سواری شەپۆل و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری ببن و ڕاپەرین بدزن بۆ دەستگیربوونیان لەدەسەڵات. نابێ ئەو راستیەشمان لە بییر بچێت، لە نەزمی دژە شۆرشی ئیستای دنیای سەرمایەداریدا، هێزەکانی دژە شۆرش، بۆ بەرەنگار بوونەوەی شۆرش، لە پشتیوانی مادی و لۆجیستیکی میدیایی… هەمەلایەنەی ئەمریکا و غەرب بەهرەمەندن. جەنگ و وەستانەوە بەرووی شۆرشی لەخوارەوەی جەماوەری یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی نیزامی سەرمایەداری بەگشتی و ئەمریکا و غەرب و هێزەکانی دژە شۆرشە… دیارە هێزە شۆرشگێر و کۆمۆنیستەکان بە پێچەوانەی هێزە دژە شۆرشەکان هێز گەلێکی هەژارن لە باری مالیەوە و تاکە سەرمایەیەک هەیان بێت، وابەستە بوونیانە بەسەرمایەی سیاسی کە بەرگرییە لە مافە جیهانداگرەکانی ئینسان و خواستی رەوای چینی کریکار و جەماوەری بیبەش و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە ئازادیخوازەکان. هەلومەرجی شۆرشگێرانە ژینگەی بەهیزبوون و زامنی بوونیانە بە هیزی کاراو گەورەو کۆمەڵایەتی، دیارە ئەگەر ئەو هێزانە هەڵگری نەخشەی رۆشن و دەخالەتگەری بەجێی کۆمەڵایەتی بن و بەکردەوە بتوانن ببنە نوێنەری خواستە رەواکانی چینی کرێکار و جەماوەری بیبەش.
ئەوەی رۆشنە هیچ کام لە هێزە دژە شۆرشەکان… ناسیونالیزمی کورد بێت یان ئێرانی… تا ئێستا بەشیک نین لە بزوتنەوەی کارا و دەخالەتگەر و مۆری ئەوان بە بزوتنەوەی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی زۆر لاوازە… بەڵام دەبێ ئەوە رۆشن بێت، ئەو هێزانە ناتوانن ئاوا بمێنەوە و هەوڵی خۆیان بۆ ئامانجەکانی خۆیان و بوونیان بە هێزی چالاک لە گۆرەپانەکەدا دەدەن و نیگەرانن لە بەردەوامی ڕاپەرین و رۆڵی ژنان و دروشمەکان و سەراسەری بوون و هاوئاهەنگ بوونی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان. بۆیە یەکێک لە ئەرکە چارەنووسازەکانی هێزەکانی لایەنگری شۆرش و ئاڵوگۆری شۆرشگێرانە، پوچەڵکردنەوە نەخشە و پیلانەکانی هێزەکانی دژە شۆرشە و ئەلتەنایفەکانیانە…. خستنەرووی ماهیەتی چینایەتی و کارنامەیانە، نیشاندانی ناکۆکیەکەیانە لەگەڵ شۆرش و خواستەکانی چینی کریکار و جەماوەری بێبەشدا. روخاندنی رژێمی ئیسلامی چەندە هەنگاویکی گرنگ و چارەنووسازە بۆ ئایندەیەکی باشتر و ژیانێکی ئازاد و بەرابەر و تەسەلی ئینسانی، ئاواش ناسینی هێزەکانی دژە شۆرش و پوچەڵکردنەوەی هەنگاو نەخشەو سیاسەت و مانۆر و پلانەکانیان… لە ئێستاوە ئەرکی هێزە شۆڕشگێرە چەپ و کۆمۆنیست و پیشکەوتنخوازەکانە و لابردنی کۆسپێکی هەرە گەورەی بەردەم راپەرین و شۆرشە…