هەڵاوسان وئەفسانەی بۆرژوازی! ئێمە نامانەوێ نرخی کاڵاکان بەرزکەینەوە، بەلام هەردەبێت بەرزیکەینەوە! … سالار حمەسەعید
هەڵاوسان وئەفسانەی بۆرژوازی!
ئێمە نامانەوێ نرخی کاڵاکان بەرزکەینەوە، بەلام هەردەبێت بەرزیکەینەوە!
سالار حمەسەعید
٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢
ئەمە وتەی بۆرژوازیە ئەوانن وادەڵێن کە گوایە نایانەوێ نرخی کاڵاکان بەرزکەنەوە، بەلام هیچ چارەیەکیان نییە دەبێت نرخەکان بەرەو سەرەوەبەرن. بۆرژوازی هەڵاوسان وەک شەپۆلێک دەشوبهێنێ کە هەموو شتێک لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێ وبۆ سەرەوەی دەبات. بۆرژوازی هەڵاوسان وەک ڕازێک، وەک ئەفسانە ونهێنیەک دینێتەبەرچاوی خەڵک کە لەکۆنترۆڵدا نییە و دەسەڵاتی ئەوی تیانییە، شتێکە لەسەرووی ئیرادەو خواستی سەرمایەداریەوە وە هەلومەرجێکە سەپێنراوە بەسەریدا. بەلام ڕاستیەکەی وانییە. ئەوان دەڵێن ئێمە بۆیە بەرزی دەکەینەوە، چونکە خەرج ومەسرەفەکانمان زیادیکردوە و زەریبەو ماڵیاتی زیاتر دەدەینە دەوڵەت. خۆیان بێتاوان دەخەنە ڕوو کە گوایە ئێمە نین نرخەکان بەرزدەکەینەوە، ئێمە ئەو شتانەمان بەسەرداسەپێنراوە و ناچار دەبێت ئەو شتە نەخوازراوانە بگوێزینەوە و قەرەبووی ئەو خەرج ومەسرەفە بکەینەوە.
بۆرژوازی ئەمرۆکە بەردەوام لە ڕێگەی میدیاکانیەوە باس لە گرانی و بەرزبوونەوەی نرخەکان و بەرزبوونەوەی تێچوونی ژیان و گوزەران دەکات. ئەڵبەتە بۆرژوازی هیچ شتێک بەبێ پلان وبەبێ ئامانج ناکات. ڕۆشنبیرانی بۆرژوازی لەوتارو نووسینەکانیاندا بێ ئارمانج لەسەر ئەم بابەتە نانوسن. دەیانەوێ زەمینە خۆش بکەن بۆ ئەم باروڕەوشەی کە ئێستا هەیە. ئەوەی ئەمرۆ زۆر باسی لێوەدەکرێ ئەڵبەتە ”هەڵاوسان”ە کە باس لە هەڵاوسان (تضخم) دەکرێ تەنها باس لە بەریتانیا ناکەین، بەڵکو سیستەمی سەرمایەداری لە تەواوی دونیادا دوچاری ئەم هەڵاوسانە بووە. بەلام ڕێژەکانی جیاوازە لە ولاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر.
هەڵاوسان بۆتە زاراوەیەکی گوماناوی، چونکە بەجۆرێ مامەڵە دەکرێ وەک ئەوەی شتێکی پڕ لە ئەفسوون ڕووبدات بەسەر ئابووری سەرمایەداریدا. بەقسەکردن لەسەر هەڵاوسان خەڵک بەلارێدا دەبرێ لەو واقعیەتەی کە سەرمایەداران ئەو نرخانە بەرزدەکەنەوە. وادەیهێننە بەرچاوی خەڵک کە ئێمەی خاوەن کار وئێوەی کرێکار پێکەوە لەیەک کەشتی داین کە کەشتی هەڵاوسانە. بەلام ئەمە راست نییە و ئەسڵی مەسەلەکە قازانجە. ئەوان لەم کاتەدا کەمتر بەرهەم دەهێنن تاکو نرخەکان زیاتر بەرزبکرێنەوە. هەڵاوسان هەروەک دەزانرێ بەرزبوونەوەیەکی گشتی نرخی کاڵا و خزمەتگوزاریەکانە، بەڵام بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو. چوونەسەرەوەی نرخەکان تەنها چەند کاڵایەک ناگرێتەوە، بەڵکو زۆرێک لە کاڵاکان بەتایبەتی کاڵا سەرەکی و بنەماییە پێویستەکانی زۆرینەی خەڵک.
پرسیارێکی جیدی لێرەدا دێتە پێش: کێ بەرپرسە لەم هەڵاوسانە؟ وە کێ نرخەکان بەرزدەکاتەوە؟ کێ بڕیاردەرە لە بەرزڕاگرتنی نرخی کاڵاکان؟ هیچ جێگەی گومان نییە کە ئەوە سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیا گەورەکانن کە بڕیاردەدەن بەتایبەتی بڕیاری دانانی نرخ لەسەر کاڵاکان، ئەوانن کە نرخەکان بەرزدەکەنەوە. کێ بڕیاردەرە؟ ئەوە خاوەن کارەکان، خاوەن سەرمایەکانن کە بڕیاردەدەن نرخی کاڵاکان بەرزکەنەوە. بڕیار بڕیاری کرێکاران نییە، بەڵکو بڕیاری سەرمایەدارانە وە ئامانجیش تەنها قازانجە. بەلام بۆئەوەی کارەکانیان بۆ مەیسەربێ دەبێ چیرۆک و سیناریۆیەکی بۆ سازکەن ئەگینا بەئاسانی تێپەڕنابێ بەسەریاندا. هەرلەبەرئەم هۆیە دەست دەدەنە سازدانی ئەو زەمینانە. سەرمایەداری دەیەوێ قەرەبووی ئەو دووساڵەی سەردەمی کۆڤید واتە ٢٠٢٠/٢٠٢١ بکاتەوە کە قازانجیان وەک جاران نەبووە و ڕێژەی قازانجیان هاتۆتە خوارەوە بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ کۆمەڵە هۆکارێک بخەنە ڕوو لەوانە کێشەی بەرهەمهێنانی زنجیرەیی و کێشەی گەیاندن و گواستنەوە لەلایەن کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانەوە وە کێشەی وزەو سووتەمەنی کە نەیانتوانیوە لە کات وساتی خۆیدا بیگەیەننە جێگەی مەبەست، دواکەوتن لەم مەسەلەیەدا بۆتە کەمی ئەو کاڵایانە. ئەگەرچی ئەمە تەنها بیانووە و ئەوانەی سەرپەرشتی ئەم جۆرە کارانەدەکەن باش دەتوانن کۆنترۆڵی ئەم کێشەیە بکەن. دەتوانرێ ئەم کێشەیە کۆنترۆڵ بکرێ وە پێشبینی بکرێ و ڕێگەچارە و ئەلتەرناتیڤی گونجاو دابنرێ بۆ حەل وفەسڵ کردنی ئەم کێشەیە. یاخود ئەم قەیرانە دەگەڕێننەوە بۆ شەڕێک کەلە ئۆکرانیادا ڕوودەدات یا كێشەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و وزە…