ناڕەزایەتی جەماوەری بە دژی ئاکامەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا، ئەوروپا دەگرێتەوە…
ناڕەزایەتی جەماوەری بە دژی ئاکامەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا، ئەوروپا دەگرێتەوە…
چینی کرێکار و جەماوەری فراوانی خەڵک لە سەراسەری ئەوروپادا رووبەڕوون لەگەڵ هێرشێکی سیستماتیکی دەوڵەتەکانیان بۆ سەر ژیان و گوزەرانیان. بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، سوتەمەنی وەکو گازو بەنزین و دیزڵ و گواستنەوە و سەرجەم پێداویستییە ژیارییەکان، بە جۆرێکە کە توانای… بەڕێوەچوونی لە خەڵک بڕیووە. چوونە سەری نرخی هەموو ئەوانە چینی کرێکار و جەماوەری فراوانی خەڵکی ناچار کردووە بۆ بەرگری لە ژیان و گوزەرانیان و وەستانەوە بەرووی هێرشی بەردەوامی دەوڵەتەکان و کۆمپانیاکان، بێنە مەیدان و خۆپیشاندنی سەدان هەزار کەسی وەرێ بخەن. جیا لەوانە خەڵک خوازیاری ئەوەن وڵاتەکانیان ئابڵۆقەی سەر روسیا هەڵبگرن و لە رێکخراوەی ناتۆ بێنە دەرەوە.
بەجیا لەخودی چاوچنۆکی نیزامی سەرمایەداری و هێرشی بەردەوامی بۆسەر سفرەی کریکاران و جەماوەری خەڵک و هەوڵەکانی بۆ سەندنەوەی ماف و دەستکەوتەکانی پیشووی بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەری، جەنگ لە ئۆکرانیا کە لەجەمسەرێکیدا روسیا و لە جەمسەری بەرامبەریدا ئەمریکاو ناتۆ وەستاون… بۆتە هۆی ئەوەی کە رادەی هەڵاوسان و گرانی بە شێوەیەکی خەیاڵی بباتە سەرەوە. خەڵکی دنیا بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی لەگەڵ ئەوەدا لەگەڵ جەنگ لە ئۆکرانیا نین و خوازیاری بەشداری دەوڵەکانیان لە جەنگدا نین، بەڵام لێکەوتەو کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە دەشکێنەوە بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکدا، ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرمایەداران و بانک و کۆمپانیاکانیان، لە دڵی ئەم دۆخە ناهەموارەی جەماوەری ملیۆنییدا، خەریکی کەڵەکەی سەرمایەو قازانجی زۆترن و خودی جەنگ بۆیان بۆتە نیعەمەتێک بۆ سودی زیاتر، لەسەر حسابی شکاندنەوەی ئاکامەکانی جەنگ بەدژی چینی کرێکار و جەماوەری فراوانی خەڵکدا.
بەریتانیا و فەرەنسا، رۆمانیا و ئەڵمانیا، هۆڵەنداو چیک و یۆنان و ئیتاڵیا…تاد، بۆنە شانۆی نمایشی هاتنە مەیدانی چینی کریکار بەدژی گرانی و بەرین بوونەوەی هەژاری و فراوان بوونەوەی بێکاری و سەختی ژیاندا… چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش چیتر توانای بەرگەگرتنی هێرشی بۆرژوازی و وڵاتەکانیان نییە، بۆیە ناچارن بۆ بەگری لە ژیان و گوزەرانیان لە ڕێگای کۆبونەوەو مانگرتن، خۆپیشاندان…پەیامی دژ بەجەنگ و سیاسەتی وڵاتەکانیان بێنە مەیدان. دیارە هێشتا ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ لە ئۆکرانیا نابینرێت و سەرمای زستانیش بەڕێوەیە… کە پێشبینی دەکرێت لە وەرزی زستاندا، هیندەی تر پێداویستییە سەرەکیەکانی ژیان بەتایبەتی سوتەمەنی و خۆراک و کارەبا، نرخەکانیان زیاتر هەڵبکشێت و گرانی و نەبوونی و هەژاری بەرادەیەکی زۆرتر یەخەگیریان بێت…
دەوڵەتە سەرمایەدارەکان، لە پێناو هەژموونی و بۆ قازانجی خۆیان و چینی بۆرژوای ئەو وڵاتانەو لە پێناو ئارایشی تازەی نوێی جیهانیدا بەشداری جەنگەکان دەبن و جەنگ هەلدەگریسێنن، دەستێوەردان دەکەن و ملهوری سەربازی و سیاسی و لەهەموو گۆشەو کەنارێکی دنیادا دەکەن، بەڵام باجی ئەو ملهوری و دەخالەتی سەربازی و بوونیان بە لایەنی شەر، دەخەنە سەرشانی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش و نەداری دژە جەنگ. لەو نێوەشدا سەرمایەداران و کۆمپانیاکانیان، سود دەکەن و خەلکیش دەبنە قوربانی ئەو سیاسەتە دژە ئینسانیانەیان. سەرئەنجام ئەوەی دەتوانێت کۆتایی بە جەنگ لە ئۆکرانیا بهێنێت، تەنها لەڕیگای وەرێکەوتنی بزوتنەوەیەکی جەماوەری ملیۆنییەوە دەبێت، کە گەروی دەسەڵاتی سەرمایە لە وڵاتەکاندا بگرێت.