ئیسلامی و سەلەفیەکان بەردەوامن لە هەوڵی بە حجابکردنی کۆمەڵگە…

0

ئیسلامی و سەلەفیەکان بەردەوامن لە هەوڵی بە حجابکردنی کۆمەڵگە…

لە ناوەراستی دەیەی سێیهەمی مانگی ئۆکتۆبەر، زانکۆی کەرکوک مەراسیمێکی ساڵانەی لە ژێر ناوی خەڵاتی رێزلێنان بۆ کچانی باڵاپۆش ڕێکخست و خەڵات بەخشرایە، کچە باڵاپۆشەکان!!

مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی کەسایەتییە ئاینییەکان و ئیسلامیەکان و ژنانی باڵاپۆش‌!! و بەڕێوەبەرانی زانکۆ… بەڕیوەچووە. ئەمە یەکەمین جار نییە ئیسلامیەکان و زانکۆ خاڵییەکان لەهەر زانستێک و هەر پێشکەوتخوازییەکە، لە جێگای مەراسیم سازکردن و سمینار وەرێخستن لەسەر پیشرەوییە زانستیەکان و دەستکەوتەکانی بەرەپیشەوە چوونی زانست و زانیاری و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە، دەست بۆ ئەم مەراسیمە کۆنەپەرستانە دەبەن و حەرەمی زانکۆکان بە حجابکردنی ژنانی ئیسلامی، لیخن دەکەن.

خوێندکارانی زانکۆکان ڕۆژانە خەریکی نارەزایەتی دەربڕینن لە پێناو خواستە زۆر سەرەتاییەکانیان وەکو چاکککردن و باشکردنی بەشە ناوخۆییەکان، بۆ دەرماڵەو ئاو و کارەبا و گواستنەوە،…تاد، کەچی ئاوڕ لەو خواستە سادانەی خوێندکاران نادەنەوە، کەچی دنیایەک پارەو پول سەرفی بۆنەی ئیسلامی و حجاب لەسەکردنی ژنان دەکەن. ئەم سەرپۆش کردنە سەر ژنانەی زانکۆ لە کەرکوک لە درێژەی پرۆسیسی بە ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگەدایە کە ئیسلامیەکانی کوردسان و سەلەفیەکان زیاتر لە سێ دەهە، بە بەردەوامی وەڕی دەخەن و شانازی پێوە دەکەن. ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان، بە پشتیوانی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی کەڵک وەرگر لە ئیسلام و تیکەڵکردنی دین لەگەڵ یاساکان و خوێندن و پەروەردەو سیاسەت، ژینگەیان بۆ ئامادەکراوە ئەسپێ تۆپیوی خۆیان لە گۆرەپانی مەدەنیەتی کۆمەڵگەی کوردستاندا تاو بدەن و لەو رێگایەوە بەر بە پێشکەوتن و پێشرەوی کۆمەڵگە بگرن، کە رەوتێکە گەرانەوەی بۆ نییەو دنیای ئەمڕۆ ناتوانرێت بگێردرێتەوە بۆ سەردەمی جاهیلیەت و خولەفاکانی راشیدین…تاد.

درۆی ئازادی جل پۆشین ئەو کاتە لای ئیسلامیەکان دەدەکەوێت، کە ئامادەن دنیایەک لە داهاتی نۆکەرایەتیان کە لە وڵاتانی ئیسلامی و ناوچەکە وەریدەگرن سەرفی حجاب لەسەر کردنی ژنان بکەن. ئەگەر جل و بەرگ ئازادانەیە… مەراسیمی حجاب کردن و باڵاپۆشی یانی چی؟ ئەگەر جل و بەرگ پۆشین ئازادە ئەی بۆچی دەست لە سوکایەتی کردن بە ژنان هەڵناگرن کە حجاب ناکەن و جلی ئاڵاو واڵاو و رازاوەو مۆدێرن دەپۆشن… بۆچی ریزیک مەلای بەلاشخۆر لە چەشنی مەلا عەبدللەتیف و مەلا هەڵۆ و شوشەیی و مەزهەرەکان… رۆژانە سوکایەتی بە ژنان و چوونی ژنان بۆ زانکۆ و چوونە دەرەوەو کارکردنیان دەکەن و هەر کەسێکیش رەخنە لە قورعان و حەدیس و رەمزەکانی ئیسلام بگرێت، تەکفیریان دەکەن و فتوایان بۆ دەردەکەن…

حجابی ئیسلامی کە ئیسلامیەکان ناویان ناوە” باڵاپۆشی” نەک هەڵبژاردنێکی ئازادانەی ژنان نییە، بەڵکو رەمزی سەندنەوەی ئازادی لەژن و سمبولی ئیسلامی سیاسی و رێگای مل کەچ کردن بە ژنانە. ترساندنی ژنان بە ئاگری دۆزەخ، ئەگەر حجاب نەپۆشن یانی رەتکردنەوەی ئازادی ژنان و ناچارکردنیان لە رێگای زۆرەوە. ئیسلامیەکانی کوردستان کە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا ناتوانن زیاد بکەن و پێگەیان بەهێز بکەن، بۆیە دەیانەوێت لەو رێگا شکستخواردووە کۆمەڵگە لیخن بکەن… ژنانی کوردستان کارنامەی ئیسلامی سیاسی دەناسن و مل بە حجاب و نەریتی ئیسلامیەکان نادەن، بۆیە ئیسلامیەکان هەراسانن و دەیانەوێت لە رێگای ژنانی سەر بە حزبەکانی خۆیانەوە، مەراسیمی حجاب پۆشین، وەڕی بخەن و سەرنجی کۆمەڵگەی بۆ رابکێشن… بەڵام دیسان دەبینن، بازارو مارکێتەکان، کارگەو دامەزراوەکان، دەشت و دەرو سەیرانگاکان، جمەی دێت لە ژنانی ئازاد و جلی ئاڵاو واڵای جوانی سروشتی و دوور لە حجابی ئیسلامی و باڵاپۆشی ئیسلامیەکان… ئەوەی ئیسلامیەکان ناویان ناوە تاجی زێرین!! تاجی ملکەچ پێکردنی ژنانە و سەندنەوەی مافی ئازادانەی جل و بەرگ پۆشینە.

لە ئێستادا کە کۆماری ئیسلامی ئیران، کەوتۆتە بەردەم شەپۆلی نارەزایەتی جەماوەرییەوە و بەتایبەتیش کەوتۆتە بەردەم تورەیی ژنان، یەکەمین قوربانی رەمزی ئیسلام و دەسەڵات، حجاب و باڵاپۆشی ئیسلامییە… بە کەوتنی ئاخوندەکان و تەنانەت لاواز بوونی تا ئێستای، خۆری ئیسلامیەکانیان و رەمزەکانیان هێندەی تر ئاوا دەکات و دەبێت دەست و روو لە ئاسمان لە خودا!! بپارێنەوە، لە دەست ژنانی ئازاد و توڕە بیانپارێزێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.