ئیسلام لە لەناوچووندایە، ئیسلام لە ژیانی خەڵکی ئێراندا بەرەو نەمان دەچێت… نووسینی: مەنسور حکمەت

0

ئیسلام لە لەناوچووندایە، ئیسلام لە ژیانی خەڵکی ئێراندا بەرەو نەمان دەچێت…

نووسینی: مەنسور حکمەت

بنبەستی کولتووری:

ئیسلام لە لەناوچووندایە. ئیسلام لە ژیانی خەڵکی ئێراندا بەرەو نەمان دەچێت. نەک هەر لە حکومەت و پەروەردە، بەڵکو لە دیمەنی شارەکان، لە جیهانی ناوەوەی هەر مرۆڤێک، لە قووڵایی هەست و سۆز و کولتووری تاکەکەسی، لە هۆشیارییان، لە پەیوەندیی ڕۆژانەیان لەگەڵ یەکتر. ئیسلام لە داڕماندایە، هەروەک چۆن ئایین و نەزانی بەگشتی دەبێ لەناوبچن. دەبێت پشت سەر بنرێت. ئێران کاردانەوەی بەرفراوانی دژە ئیسلام بەخۆیەوە دەبینێت. دەسەڵاتی سیاسی ئایندەی ئێران چ چەپ بێت یان ڕاست، شۆڕشگێڕ بێت یان کۆنەپەرست، تەنیا دەتوانێت نائایین بێت. خەڵک بناغەکانی شوناسی ئایینییان هەژاندووە. کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بمێنێتەوە، لەوانە و بە تایبەت لەبەرئەوەی ئایینییە. ئیسلامی باڵی ڕاست بە لێدانی تەپڵی ئیسلامیەت تەنیا بێزاری گشتی زیاد دەکات و ئاگری یاخیبوون و ڕاپەڕین هەڵدەدات. بەڵام لە دووی خوردادیەکانیش هیچ چارەسەرێکیان پێ نییە. بیرۆکەی ئەوەی کە خەڵکی ئێران لەدژی ئیسلامی محەمەدی ڕاپەڕن و بێنە مەیدان، پاشان ئیسلامی “پرۆتستانت”ی نیوە کوڵاو بخەنە سەر تەخت و لەنێوان عەمامەکاندا هەڵدەبژێرن، بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانەو گەمژانەیە. ڕەوتی پێشهاتەکانی داهاتوو لە ئێراندا چوارچێوەی ئیسلامیزم دەشکێنێت و لەگەڵیدا هەموو ڕەوتە ئیسلامیەکان، لە خاتەمی و ڕاپەڕینی ئازادییەوە تا دەگاتە بەشی فراوانی ئۆپۆزسیۆنە ئیسلامییەکان و ڕۆژهەڵاتخوازەکان (شەرقیەکان، وەرگێر) کە لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوە و گۆڕانکارییەکانی حیزبی توودە و بەرەی میللی دروست دەبن. بەرەیەک کە بە مانایەکی مێژوویی فراوانتر بەڕاستی دەبێ لەئەندێشەی ئیسلامییە “خۆمانە” یەکانەوە هەژمار بکرێن، هێندەی تر گۆشەگیرتر و دابڕاو بن. دووهه‌می: خوردادیه‌كان هه‌رچی بچێنن، خۆیان دروێنه‌ی ناکەنەوە. ئەمە کەمپێکی ناپایەدارو تێپەڕکردنە.

کێشەکەیە ئەمەیە. ناتەبایی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ژیانی ئابووری ئێراندا، ئیتر چاوەڕوانی و پێداویستی سیاسی و فەرهەنگی زۆرینەی رەهای خەڵکی ئاشکرا بووە و خەباتێکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی بۆ چارەسەرکردنی ئەم دژایەتییە لە ئێران دەستی پێکردووە. کۆماری ئیسلامی لە لێواری هەڵدێردایە. باڵی ڕاست ناتوانێت دەسەڵات بپارێزێت. چەکی سەرکوتکردن و ترساندن بێ کەڵکە و خاوبۆتەوە. گۆڕانکاری قووڵی دۆخەکە چارهەڵنەگرە. بەڵام پەرەسەندن لەو شوێنەدا ناوەستێت کە دووی خوردادیەکان دەیانەوێت. هیچ خاڵێکی هاوسەنگی لە ئیسلامی نوێدا نییە.

*****

سێبەری ئەم ڕاستییە قورسایی لەسەر هەموو سیاسەت و کردارەکانی باڵەکانی حکومەت دادەنێت. فراکسیۆنەکانی ڕژێمی ئیسلامی بەبێ ئەوەی بەڕاستی نیازی بردنەوەیان لە یەکتری هەبێت، شەڕی یەکتر دەکەن. لە یەکتر دەدەن بەبێ ئەوەی بەڕاستی هەوڵی لەناوبردنی بەرامبەرەکەیان بدەن. ئەوان بانگهێشتی ئارامی دەکەن بەبێ ئەوەی بیانەوێت ئارام بمێننەوە. ئەوان لە کودەتا دەترسن بۆ ئەوەی ناچار نەبن ئەو کارە بکەن. ناچارن شەڕی یەکتر بکەن، چونکە لە سەرکەوتنی تاکلایەنەی لایەنی بەرامبەردا لەناوچوونی هەموو سیستەمەکە دەبینن. ئه‌م شه‌ڕه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌روه‌ری نیزام بگرێته‌وه‌، که‌ ته‌نیا چوارچێوه‌یە‌ بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی هاوبه‌شی ئیسلامییه‌کان له‌ ئێراندا. ئەمەش خستنەڕووی خاڵی کۆتایی ململانێی نێوان ئەو دوو فراکسیۆنە، هەروەها شێوازی نزیکبوونەوەی هەریەکەیان لەگەل خەڵک و بزووتنەوەی رادیکاڵ لە ئێراندا دیاری دەکات.

هه‌روه‌ها واقیعه‌تە ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی ئه‌مڕۆی ئێران و بنبەستی هه‌مەلایه‌نه‌ی ڕژێمی ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی له‌ ئێراندا شێوازەکانی ژیانی دوای کۆماری ئیسلامیش ده‌خاته‌ ڕوو. چ هێزێک دەبێتە ئەکتەری سەرەکی لە گۆڕەپانی ڕووخاندن و دیاریکردنی وێنەی سیاسی داهاتووی ئێران. ڕیزبەندی ستراتیجیەکانی تر لە کۆمەڵگەی ئێراندا چی دەبن؟ چ سیستمێکی سیاسی چانسی سەرکەوتنی هەیە لە ئێران؟ دەبێت لە بەشەکانی داهاتوودا ئاماژە بەم خاڵانە بکەین.

مەنسوور حکمەت: بەرهەمە هەڵبژێردراوەکان.

دوا پەردە: تێبینی لەسەر قەیرانی سیاسی ڕژێمی ئیسلامی.

3- بنبەستی کولتووری: (ل١٥٢١-١٥٢٢)

 

وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

Leave A Reply

Your email address will not be published.